Draw Media

وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە بۆ هەولێر

وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە بۆ هەولێر

2022-11-21 14:42:05


 
(درەو): 
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی، سلێمانی بەجێهێشت‌و گەیشتە هەولێر، بڕیارە گەشتی دەرەوە بكات. 
لەدوای دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە رۆژی 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە‌و چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی بانگهێشت كرد‌و ئاگاداری كردنەوە لەوەی نابێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، ئەمەی وەكو فەرمانی یەكێتی پێ راگەیاندن. 
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دوێنێوە شۆڕش ئیسماعیل گەڕاوەتەوە بۆ هەولێرو چەند بەرپرسێكی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی بەنیازە لە هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی وڵات بكات‌و نیگەرانە لەو فشارانەی كە بافڵ تاڵەبانی خستویەتییە سەری. 
(درەو) زانیویەتی، شۆڕش ئیسماعیل نیگەرانە لە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی‌و پێیوایە بیانوی پێدەگرن لەبارەی ئەو هەنگاوانەی كە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گرتویەتییە بەر. 
بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی شۆڕش ئیسماعیل‌و چەتۆ ساڵح لە هەولێر هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی حكومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە كە تائێستاش بەردەوامە. 
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل‌و چەتۆ ساڵح لە پۆستەكانیان لابدات‌و كەسانی تر لە یەكێتی لە شوێنیان دابنێت، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئامادە نییە ئیمزا لەسەر ئەم گۆڕانكارییە بكات. 
(درەو) زانیویەتی، چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ چووەتە دەرەوەی وڵات و  نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر، پێشتر سەركەوت حەسەن بریكاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆ لە پشكی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، لەلایەن یەكێتییەوە كاندید كراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنەكەی چەتۆ ساڵح. 
ئەم پەرەسەندنە لەكاتێكدایە بڕیارە لە  چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێكی پارتی سەردانی یەكێتی بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەكانی نێوانیانەوە. 
(درەو) زانیویەتی، یەكێك لە كێشەكانی یەكێتی پەیوەندیدارە بە گۆڕانكاریی لە هەندێك پۆستی حكومیدا كە تیمی پارتی لە حكومەت ئامادە نین ئیمزای لەسەر بكەن، ئەمە لەپاڵ كەیسی كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)‌و گەمارۆدانی ماڵەكەی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر‌و دۆخی دارایی‌و خزمەتگوزاریی لە سلێمانی. 
یەكێتی سەرباری ئەوەی لەسەر ئاستی جێگری سەرۆك وەزیران بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، بەڵام چەند وەزیرێكی ئەندامن لە وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدادو بڕیارە بەمزوانە وەفدەكە بچێتە بەغداد‌و ئەندامانی یەكێتیش بەشدار دەبن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand