Draw Media

شرۆڤەیەك بۆ قەیرانی متمانە لە هەرێمی كوردستان

شرۆڤەیەك بۆ قەیرانی متمانە لە هەرێمی كوردستان

2022-11-15 20:34:00


د. شۆخان محمود حسێن*


    زانای دەرووناسی بەریتانی ( رایمۆند كاتل) متمانە بەیەكێك لە سیماكانی كەسێتی ئەژمار دەكات و پێوایە متمانە دۆخێكی هەستیاری دەروونیە، كە لە ناخی مرۆڤدا بوونی هەیەو لەگوفتارو رەفتارەكانیدا رەنگدەداتەوە، تاك لەنێو كەسانی دەوروبەردا هەست بە گرنگی و بەهای خۆی دەكات و بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە رووبەڕووی دەوروبەر دەبێتەوە، جگەلەوەش بڕوای بەكەسانی دەوروبەر هەیەو ترسی لە مامەڵەكردنیان نییە .بەڵام نزمترین نیشانەكانی ئەم سیمایە دەركەوتنی سیمای بێ متمانەییە، کە كەسانی بێمتمانەن جا بەرامبەر بە خود بێت یان بە دەوروبەر بەجۆرێك بەگومانن كە كردەوەی كەسانی دیكە بە داو و پلانگێڕی دەزانن، بەئەستەم باوەڕیان پێدەهێنرێت، توڕەو بەرچەكرداری خێرایان هەیەو عینادن بەبێ بوونی بەڵگەو هۆكارێكی باوەرپێكراو، گومان لە گوفتارو رەفتاری كەسانی تر دەكەن.
 ئەوەی سەرنجی ئێمەی ئەكادیمیستی ڕاكێشاوە لە هەرێمی كوردستان هەست بە بوونی قەیرانی متمانە دەكرێت ، جا لەسەر ئاستی تاك بێت یان كۆمەڵ و كۆمەڵگا، هەربۆیە بە گرنگم زانی شرۆڤەی نیشانە و هۆكارەكانی ئەو سیمایە بكەم .
 ئەتوانینن هۆكاری بێمتمانەیی لەسەر ئاستی تاك بگەرێنینەوە بۆ ئەوەی تاكی كورد هەر لە ڕابردوەوە هەتاكو ئێستا هەمیشە لە ناسەقامگیری و قەیراندا ژیاوەو ڕووبەرووی شكست بووەتەوە، ئەمە وایكردووە تاكێكی ترساو بێت و هەمیشە لە دڵەڕاوكێ‌ دا بژی، لەلایەكی دیكەوە ژینگەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری كوردستان لە باربووە بۆ گەشە پێدانی هەستی خۆبەكەم زانینن هەروەك زانای دەرونناس (ادلر) ئاماژە بە زگماكی ئەو هەستە دەكات لەلای تاك، بەڵام لەهەمانکاتدا هۆكارو کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دەوروبەریش لە گەشەپێدانی ئەم هەستەدا فەرامۆش ناكات،  ئەم هۆكارانەی كە باسكرا وایكردووە تاكی كورد نەتوانێت ئامانج و پلانی بۆ داهاتوو هەبێت و هەنگاوی نوێ‌ لە ژیانیدا بنێت لەترسی ڕووبەرووبونەوەی بە شكست  .
هاوكات جۆرێكی دیكەی لاوازی متمانە، نەبوونی متمانەی كۆمەڵایەتیە ئەوەی بەدیدەكرێت تاكی كورد ڕووبەڕووی بەد گومانی بووە لە هەڵسوكەوت و بیركردنەوەی كەسانی دەوروبەر و ئامادەنین نهێنی و بیرۆكەی كاركردن و كێشە و ژیانی تایبەتی خۆیان بۆ كەسانی دیكە باس بكەن، ئەویش لەبەر ئەوەی نەوەكو لێیان بدزرێت یان نهێنیەكانیان لە دژیان بەكار بهێنرێت، هۆكاری ئەو بێ متمانەییە لەلایەكەوە بۆ زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای تاكگەرایی دەگەڕێتەوە كە بەهۆی گەشەكردنی ژیانی سەرمایەداری و بچوكبوونەوەی جیهان بۆ گوندێكی بچوك كاریگەری ڕاستەخۆیان لەسەر كۆمەڵگە كوردی بەجێهێشتووە و كولتوری بەرژەوەندی خوازی و خود پەرستی زاڵبووە بەسەر پەیوەندیەكانداو گیانی هاوكاری و بەدەنگەوەچوونی یەكتر و ئاستی متمانەی تاكەكانی بە یەكتری لاواز كردووە، لایەكی دیكەوە ، نەبوونی یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا ، بووەتە هۆی دابەشبوونی دیمۆگرافیای شار و گەرەك و تەنانەت خێزانیش، رێگری و بەربەستی لەبەردەم پرۆسەی ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە دروستكردووە، هاوكات حزبەكانیش لە دروستكردنی ئەم دورەپەرێزی و بێمتمانەییە كۆمەڵایەتیەدا بێبەری نین، بەڵكو لە ڕێگەی بەیانامەو ئەدەبیاتی حزبی و كلتوری سیاسیەوە تۆوی دووبەرەكی و بە دوژمن زانینی حزبەكانی دیكەیان لە نێو ئەندام و لایەنگرانیاندا چاندووە.  
هەروەها لە جۆرێكی دیكەی بێ متمانەیدا (بێ متمانەییە لەسەر ئاستی كۆمەڵگا) بەجۆرێك زۆربەی تاكی كورد متمانەیان بە دەسەڵات و دامەزراوەكانی وەك ( پەروەردە، دادگا، بانق، هەڵبژاردن و دەنگدان، هێزی ئەمنی وپێشمەرگە، خزمەتگوزارییەكانی كەرتی گشتی، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەی ئاینی ،...هتد) نیە، تەنانەت گومانیان لە دڵسۆزی و رەفتارو گوفتاری دەسەڵاتدارانی حزبی و حكومی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەتوانین هۆكاری لەدەستدانی ئەم جۆرەش لە متمانەی هاوڵاتی كورد لە هەرێمی كوردستان، بۆ چەند خاڵێك بگەڕێنینەوە لەوانە :-
1- دەستێوەردانی حزب لە پرۆسەی پەروەردەو خوێندنی باڵا، رەخساندنی دەرفەتی خوێندن بەدەر لە رێنمایی و لێهاتویی و نمرە، هەروەها نەبوونی هەلی كارو دامەزراندن بۆ كەسانی بێلایەن، دابەزینی ئاستی كوالێتی خوێندنی حكومی، لەبەرامبەردا گرنگیدان بە خوێندنی تایبەت، هەموو ئەمانە هۆكاری سەرەكی لاوازبوونی متمانەی خەڵكە بە خوێندنی حكومی و بەدەستهێنانی بڕوانامە. 
2- هەژموونی حزبە دەسەڵاتدارەكان لەسەر دادگاكان و بونی ئینتمای حزبی لەلایەن زۆرینەی دادوەرەكانەوە، بووتە هۆی لاوازبوونی متمانەی خەڵك بە دادگاو سەروەری یاسا، جگەلەوەش دادگاكان  لە ئاست لێپێچینەوەی كەیسی گەندەڵی لاوازن ، لەلایەكی دیكەوە زۆربەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان لەدەرەوەی دادگاو لەلایەن حزب و بنەماڵەو هۆزەكانەوە یەكلایی دەكرێتەوە.
3- پابەند نەبوونی بەرپرسە حزبی و حكومیەكانی هەرێمی كوردستان بە بەڵێن و كارنامە فراوانەكانی حزبەكانیان لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا، نادڵنیایی تاكی كورد لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هێندەی دیكە متمانەی لای هاوڵاتیان كەمتر كردۆتەوە، لەلایەكی دیكەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، هیچ ئەنجامێكی بە ئاڕاستەی گۆڕانكاری و باشتربوونی گوزەرانی خەڵك لێناكەوێتەوە.
4- تەنانەت لاوازی متمانەش گەیشتۆتە  هێزی پێشمەرگە ، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێزی پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانی نییە، بەڵكو چەكداری سەر بە دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستانن، بۆ بەرژوەندی حزبی و كەسی بەكاردەهێنرێن.
5-  هەروەها نەبوونی متمانە بە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دەستێوەردانی حزبەكان و سەربەخۆ نەبوونیان دەگەرێتەوە، ئەمە وایكردووە نەبنە پردی پەیوەندی لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات .  

 

*مامۆستای زانکۆ / پسپۆری کۆمەڵناسی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand