كێ سودمەند دەبێت لە بڕیارەكەی مەسرور بارزانی ؟
2022-11-14 11:16:57
راپۆرت: درەو
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئیمزای لەسەر بڕیارێك كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران "تەرفیع"، ئێستا حكومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە بۆ ئەم بابەتە، پلەبەرزكردنەوەكە مەرجداركراوەو هەموو فەرمانبەران ناگرێتەوە وەكو ئەوەی چاوەڕێی دەكەن، وەزارەتەكان لیژنەی تایبەت دروست دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە پلە بەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە، وردەكاری بڕیارەكە لەم راپۆرتەدا.
بڕیارێكی مەسرور بارزانی بۆ پلەبەرزكردنەوە
بەپێی بڕیارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دەریكردووە، حكومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكە سەبارەت بە بەرزە موچە (تەرفیع)ی فەرمانبەران.
دەبوو لەچوارچێوەی یاسای بودجەدا بەرزكردنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەران جێگیربكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشبینی ناكرێت ئەمساڵیش حكومەت یاسای بودجەی هەبێت، بۆیە پەنا بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەك براوە لەڕێگەی پەرلەمانەوە، تاوەكو لەچوارچێوەی ئەو یاسایەدا پلەی وەزیفی دروستبكرێتو هەندێك لە فەرمانبەران بەو یاسایە (تەرفیع)یان بۆ بكرێت.
بەگوێرەی بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەگوێرەی (پلەی وەزیفی چۆڵ)و (پێداویستی فیعلی وەزارەتو دامەزراوەو فەرمانگەكان) دەبێت، ئەمەش لەچوارچێوەی مەرجەكانی فەسڵی (چوارەم)ی یاسای راژەی شارستانی ژمارە (24)ی ساڵی 1960ی هەمواركراوی عێراق.
یاسای راژەی شارستانی ساڵی 1960 مەرجی بۆ بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەر دیاریكردووە، دیاترین مەرجەكان بریتین لە:
• بوونی وەزیفەی چۆڵ كە هاوتا یان بەرزتر لەو وەزیفەیە بێت كە مەبەستە بۆی بەرزبكرێتەوە.
• سەلماندنی تواناو لێهاتوویی لەسەر پڕكردنەوەی وەزیفەكەیو سەركەوتوویی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی دیكە كە ركابەرێتی دەكەن بەگوێرەی راسپاردەی وەزارەتەكەی یان فەرمانگەكەی.
• چەندین رێوشوێنی تر كە لە یاساكەدا هاتووە.
واتا بەپێی ئەو رێوشوێنانەی حكومەت دەیەوێت جێبەجێیان بكات، وەكو ئەوەی پێشبینی دەكەن، فەرمانبەران هەموویان پلەبەرزكردنەوەیان بۆ ناكرێتو تەرفیع لەسەر بنەمای توانای (لێهاتوویی) دەبێت نەك تەنیا (ماوەی راژە)، لەپاڵ ئەمەشدا ئەوانەی پلە بەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە بۆ ماوەی (6) مانگ دەخرێنە ژێر ئەزمونەوە.
بڕیاری حكومەت بەوشێوەیە، لە هەر وەزارەتێكدا لیژنەیەك بۆ پاڵاوتنی فەرمانبەران بۆ پلەبەرزكردنەوە دروستبكرێتو ئەو لیژنەیە ئەو رێژەیە پڕبكاتەوە كە بۆ پلە بەرزكردنەوە تەرخان دەكرێت.
هەر بەپێی ئەو بڕیارەی كە كۆتاییەكانی مانگی رابردوو مەسرور بارزانی دەریكردووە، لەپاڵ پرسی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران، ئەنجومەنی راژە راسپێردراوە تاوتوێی پێشنیاری پڕكردنەوەی بۆشایی میلاكی وەزارەتو لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت بكات، لەمەدا ئەولەویەت دراوە بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاكانو كارمەندانی گرێبەستو بابەتی بەگرێبەستكردنی شێوازی وانەبێژیی مامۆستایانی سەربە وەزارەتی پەروەردە.
سەرباری ئەو مەرجانەی بەپێی یاسای راژەی شارستانی هەمواركراوی ساڵی 1960 بۆ پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دایناوە، بڕیارەكەی مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، نابێت بڕیارەكە هیچ بارگرانییەكی دارایی لەسەر حكومەتی هەرێم دروست بكاتو لە دەرەوەی توانای داراییو داهاتی فیعلی بەردەستی وەزارەتی دارایی بێت.
كاتێك بڕیار شوێنی یاسا دەگرێتەوە
شوباتی ساڵی 2016 كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشە بودجەكەی بەغدادو خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك "بەرزە موچە"ی فەرمانبەرانی راگرت كە لەناو فەرهەنگی فەرمانبەراندا بە "تەرفیع" ناسراوە.
ئەوەی كابینەی پێشوو كردی، راگرتنی یاسا بوو بە بڕیار، ئەمە بۆ یاساناسان بابەتێكە كە زۆر جێگای تێبینی-یە، بەرزە موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت.
بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی (25% بۆ 75%) لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، كابینەی پێشوو بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، بەدوو قۆناغو لە ئازاری 2018و ئازاری 2019دا بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە وەكو خۆی مایەوە.
لەكابینەی نۆیەمیشدا كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكاتو ئێستا كابینەیەكی ماوە درێژكراوەیە، (12) مانگ موچە بە لێبڕینی (21%) دابەشكراوە.
لە كابینەی مەسرور بارزانیدا پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت یاسایەكی بەناوی "چاكسازی" پەسەندكرد، بەڵام ناوەڕۆكی یاساكە بە هیچ جۆرێك نەچووە بەلای بابەتی بەرزە موچەی فەرمانبەراندا، لەكاتێكدا فەرمانبەرانی كوردستان چوار ساڵی تری خزمەتی وەزیفییان بەڕێدەكەن بەبێ ئەوەی بەرزەموچەیان بۆ بكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە ساڵی دەرچوونی بڕیارەكەو ساڵانی دواتریشدا وادەی ئەوەیان هەبووە بەرزەموچەیان بۆ بكرێتو بۆیان نەكراوە، ئەمەش وەكو پاشەكەوتنی موچە، فەرمانبەران وەكو قەرزێك لەسەر حكومەت تەماشای دەكەن.
بەڵام بەرپرسانی باڵای حكومەت بەمشێوەیە لە پرسی بەرزە موچە ناڕوانن، ئەوان پێیانوایە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نابێت بە تێكڕا بێتو پێشتر لە هەرێمی كوردستانو تاوەكو ئێستاش لە عێراق بەپێی یاسای راژەی شارستانییەو پلە بەرزكردنەوەی دەبێت لەچوارچێوەی مەرجەكانی ئەو یاسایەدا بێت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت مەرج نییە هەموو فەرمانبەرێك پلەبەرزكردنەوەی بۆ بكرێت ئەگەر مەرجەكانی تێدا نەبێت.
تێچووی بەرزە موچە چەندە ؟
رۆژی 28ی تەموزی ئەمساڵ (36) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، لە نوسراوەكەدا باسیان لەوەكردبوو ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە، بۆیە دەبێت ئەو مافە یاساییە (بەرزەموچە) بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە.
حكومەت دواجار بڕیاری خۆی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەركرد، بەڵام بەوشێوەیە نا كە پەرلەمانتاران داوایان دەكرد، بەڵكو بە مەرجو كۆتوبەندی یاساییەوە.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەوە، بەتێكڕا هەموو فەرمانبەران بەهۆی ئەو بڕیارەوە دوو بەرزەموچە "تەرفیع"یان فەوتاوە، بەپێی قسەی عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان" بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە مانگانە زیانی بەزیاتر (700 هەزار) فەرمانبەر گەیاندووە، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لەنێوان (60 تا 300) هەزار دیناری مانگانەیە.
ئەگەر بۆ هەر فەرمانبەرێك بە تێكڕا تەنیا (60 هەزار) دینار مانگانە ئەژمار بكرێت بۆ بەرزە موچە، ئەوا بۆ (752 هەزار) فەرمانبەر لەكۆی (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر، قەبارەی پارەكە دەكاتە (45 ملیار) دیناری مانگانە.
بەهای ئەم پارەیە لەماوەی ساڵانی (2016 -2022) زیاتر لە (4 ترلیۆن) دینارە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە حكومەت نایەوێت بەتێكڕا پلە بەرزكردنەوە بۆ فەرمانبەران بكاتەوە.
جیاوازی كراوە !
لەكاتێكدا مەسرور بارزانی بە بڕیارێك كۆتوبەندە یاساییەكانی لەسەر پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران زیندووكردوەتەوە، لە شوباتی ئەمساڵەوە فەرمانبەرانی (سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی پەرلەمان) بەبێ هیچ كۆتوبەندێكی یاساییو بە بڕیارێكی نهێنی، پلەبەرزكردنەوەیان بۆ كراوەو موچەكانیان زیادی كردووە.
لە پلەی بەرزكردنەوەی كارمەندانی سەرۆكایەتیی (هەرێمو پەرلەمان) تەنیا (هەزارو 218) فەرمانبەر سودمەندبوون لەكۆی (752 هەزار) فەرمانبەر كە لە (2016) ەوە پلەبەرزكردنەوە "تەرفیع"یان راگیراوە.
كابینەی نۆیەم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) یاسای چاكسازیان تێپەڕاندوو لەو یاسایەدا توانراوە هەندێك لە جیاوازی موچە لەنێوان پلە تایبەتیەكان و فەرمانبەرانی ئاسایی كەمبكرێتەوە، بەڵام بە بڕیارەكەیان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەریانیان جیاوازیان لەنێوان فەرمانبەراندا دروستكرد.
ژمارەی فەرمانبەرانی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم بەمشێوەیە:
• سەرۆكایەتی هەرێم: (598) فەرمانبەری هەیەو كۆی موچەی مانگانەی سەرۆكایەتی هەرێم (ملیارێك و 155 ملیۆن) دینارە.
• سەرۆكایەتی پەرلەمان: (620) فەرمانبەری هەیە كۆی موچەی مانگانەی پەرلەمانی كوردستان (ملیارێكو 820 ملیۆن) دینارە.
قەرزەكانی فەرمانبەران لای حكومەت
ئەگەر حكومەت بڕیارەكەی كۆتایی مانگی رابردووی مەسرور بارزانی بخاتە بواری جێبەجێكردنو پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بخاتەوە ناو چوارچێوە یاساییەكەی، خۆی لەژێر باری قەرزی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران رزگار دەكات كە بەهاكەی بە تێكڕا دەگاتە (4 ترلیۆن) دینار، بەڵام هێشتا هەندێك قەرزی تری لەسەر شان دەمێنێت لەوانە:
• نزیكەی (14 ترلیۆن) دینار، كە پارەی قەرزی موچە پاشەكەوتكراوەكانی سەردەمی حكومەتی نێچیرڤان بارزانییە.
• نزیكەی (2 ترلیۆن) دیناری پارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە ماوەی (10)ی مانگدا لەسەردەمی حكومەتی مەسرور بارزانیدا، مەسرور بارزانی ئەم پارانەی وەكو قەرز لەسەر شانی حكومەت دانەناوەو ناوی لێناوە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی داراییو خستویەتیە ئەستۆی حكومەتی عێراق.
لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە پەرلەمان كە چاودێرە لەسەر حكومەت بەدیاریكراوی شێوازی دەستخستنی داهاتەكانو چۆنیەتی خەرجكردنیان لەلایەن حكومەتەوە نازانێت.