لە ”پیاوی بەھێز“ەوە بۆ ”مەرجەع“

Draw Media

2022-11-13 13:23:34



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

بیست ساڵی ڕابردوو ساڵانی پەیدابوون و ھاتنەکایەی ”پیاوانی بەھێزە“ لەناو کایەی سیاسیی و بواری حوکمڕانیدا. کەسانێک دروستدەبن کە خۆیان دەبنە سەرەتا و کۆتایی سیستمە سیاسییەکان و بەرنامە و پرۆژە سیاسییەکانیان لە کەسایەتی خۆیاندا کورتدەکەنەوە. ئەم سیاسییانە خۆیان بە سەرکردە و سەرۆکی فریادڕەس دادەنێن و بەناوی ھەموو میلەت و نەتەوەوە قسەدەکەن. ئەم دیاردەیە نە تایبەتە بەو شوێنەی ھەندێک ناوی ”خۆرھەڵات“ی لێدەنین، نە تایبەتیشە بەم یان بەو بەشی جیھان بەتەنھا. بە ھەموو مانایەک ئەم دیاردەیە دیارەیەکی گەردونییە و لە زیاد لە بەشێکی جیھاندا ڕوویداوە و ڕووئەدات. دەکرێت لێرەدا ھەرە بەناوبانگەکانیان بەم شێوەۆە ڕیزبکەین: ڤلادیمێر پوتین لە ڕوسیادا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە تورکیا، بیرلۆسکۆنی لە ئیتالیا، ڤیکتۆر ئۆربان لە ھەنگاری، و دۆنالَد ترامپ لە ئەمریکا، محەمەد بن سەلمان لە سعودیە، بۆلسۆنارۆ لە بەرازیل، ڕۆدریگۆ دوتێرتە لە فیلیپین،  جی جیپینگ لە چین، حتد.. ئەوەی شوێنی ڕامانە ئەوەیە سەرجەمی ئەو سیاسیی و حوکمڕانانە پیاون، پیاوانێکی پەڕگیر، پیاوانێکی خاوەن ماسولکە، ماسولکەی ڕاستەقینە و ماسولکەی ڕەمزیی، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت macho. 
جگە لە پیاوان ئەم سیاسییە خاوەن ماسولکانە خاڵی ھاوبەشی تریان زۆرە کە دەشێت زۆرینەیان لە ژێر ناونیشنای ”سیاسیی دەسەڵاتگەر“ی دژە لیبرالیزم و دژە دیموکراسیەتدا کۆبکەینەوە. ئەمان مۆدێلێک لە حوکمڕانیی و شێوازێک لە دەسەڵاتدارێتی بە جیھاندا بڵاودەکەنەوە کە تەواو دەسەڵاتگەر و نادیموکراس و نالیبرال و خۆسەپێنەرانەیە. دیدێک بۆ جیھان و ڕوووداوەکان گەشەپێئەدەن کە لەسەر پیلان و پیلانگێڕیی کاردەکات، تیورەی موئامەرە، ژێرخانی بیرکردنەوە و گوتارەکانیان دەستنیشاندەکات. جیھان وەک ژینگەیەک وێنادەکەن کە پیلانگێڕیی و موئامەرە ھێڵەسەرەکییەکانی دەکێشێت و ئاراستەدەکات. 


ئەم دۆخە وادەکات زمانی قسەکردنیان بە بەردەوامی پڕ لە ھەڕەشەکردن و توندوتیژیی بێت، باس لە پیلان و مەترسیی گەورەدەکەن کە  گوایە گەمارۆی کۆمەڵگاکانی ئەوانی داوە و ئەمان لەوێن بۆئەوەی بەگژ ئەو مەترسییانەدا بچنەوە. لەم بوارەدا سڵ لەوە ناکەنەوە دەیان و سەدان ”ھەواڵی ساختە“، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”فەیک نیوز“، بڵاوبکەنەوە و ئەم ھەواڵە ساختانەش بکەنە بنەمای سیاسەتە تاکڕەو و دەسەڵاتگەرەکانی خۆیان. ئەم ستراتیژیەتەی بڵاوکردنەوەی ”ھەواڵی ساختە“ وادەکات ئەم مۆدێلە لە سیاسەت و حوکمڕانیی ببێتە دوژمنێکی سەرسەختی میدیا و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و ڕاستگۆ، دوژمنی ئەوانەی ساختەبوونی ھەواڵە ساختەکان دەردەخەن و ڕاستیی ڕووداوەکان، نیشانئەدەن. ئەم خاڵە، بۆ نموونە، دۆناڵد ترامپ و ڤیکتۆر ئۆربان و ڤلادیمێر بوتین و ئەردۆگان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانیان دەکاتە دەزگا سەربەخۆکانی میدیا و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەکەونە ئەودیوی کارخانەکانی دروستکردنی ھەواڵی ساختەوە. تا ڕادەی کوشتن و لەناوبردنیان وەک لە دۆخی جەمال خاشوقچی دا بینیمان. لەپاڵ ڕق لە ڕۆژنامەنووسان و میدیای سەربەخۆدا، ئەم پیاوە بەھێزانە، ڕقێکی گەورەشیان لەسەرجەمی ئەو دەزگا داوەرییانە ھەیە کە سەربەخۆیان کاردەکەن و ڕەوایەتیی بە تۆمەت و تۆمەتکارییەکانی ئەوان نادەن. ھەردوو دەزگاکەش، واتە میدیا و داوەریی، لەو دەزگا سەرەکیی و گرنگانەن کە ھەموو کۆمەڵگایەک پێویستی پێیانە بۆ خۆپاراستن لەم جۆرە ترسناکەی پیاوانی حوکمڕان. 


زۆرینەی ھەرەزۆری ئەم تایپە لە سیاسیی و حوکمڕان، ئەگەر نەڵێم ھەر ھەموویان، ھەم کەسانی ناسیۆنالیستن و ناسیۆنالیزم لە فۆرمە پۆپۆلیستییەکەیدا ئایدیۆلۆژیا فەرمییەکەیانە، ھەم کەسانێکن کۆنەپارێز و داخراون. لە ھەردوو دۆخەکەدا واینیشان ئەدەن ھەم بەرگریی لە نەتەوە و میلەت و خەڵکی کۆمەڵگاکەیان دەکەن، دژ بە ھێزە ناحەز و پیلانگێڕە ناوەکیی و دەرەکییەکان، ھەم بەرگریکەری ژمارە یەکی ”کولتور“ و ”بەھا“ و ”دین“ و ”ئاکاری“ ڕەسەن و گریمانکراوی ئەو نەتەوەیەن. بە مانایەکی دیکە ئەمانە ھەم ناسیۆنالیستن، ھەم پۆپۆلیست و ھەم نەتیڤیستن، nativist، نەیتیڤیست بەمانای ئەسڵ یان ڕەسەنپەرست. ھەرکەسێکیش لەگەڵ ئەم جۆرە تایبەتە لە تێگەیشتن و مامەڵەکردنی جیھاندا یەکنەبێت، دەچێتە خانەی ناحەز و دوژمن بە نەتەوە و دین و کولتور و ڕەسەنایەتییەوە. ئەم شێوازە تایبەتەی مامەڵەکردن و تێگەیشتن لە جیھان، بەم مۆدێلە لە پیاوانی خاوەن ماسولکەی سیاسیی، ئەگەر و توانای ئەوە دەبەخشێت، دەسەڵات بەشەخسی بکەن و دژ بە ھەموو شتێک بوەستنەوە نەچێتە ناو ئەو خانە بچووکەی وێناکردنی ئەوانەوە بۆ جیھان و دیاردەکانیی. 
ھەم سەرجەمی ئەم گوتارانە و ھەم ئەو شێواز و میکانیزمانەش کە ئەم پیاوانە لە بواری حوکمڕانیکردندا پیادەدەکرێن لە دۆخی دوژمنایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆی لیبرالیزم و بەتاڵکردنەوەی دیموکراسیەت و سیستمی ھەڵبژاردندان، لە ھەر مانایەک، بە تایبەتی لەو وڵاتانەدا کە خاوەنی ڕستێک لە دەزگای باش و یاسای باش و بەھای سیاسیی باشنین، کە بتوانن سنوورێک بۆ ئەخلاقیاتی ئەم جۆرە لە پیاوانی سیاسەت و حوکمڕاناندا، دابنێنن. بۆ نموونە، دۆناڵد ترامپ ھیچی ئەوتۆی لە پوتین و ئەردۆگان و بۆلسۆنارۆ جیاواز نییە، وەک ئەوان حەزی لە دەسەڵاتی شەخسییە و مەیلێکی بەھێزی تاکبڕیاریی و بەگژاچوونەوە و سزادانی ڕکابەرەکانی تێدایە، ڕقێکی گەورەی لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی داوەریی سەربەخۆیە، دان بە شکست و دۆڕاندندا نانێت، خۆی بە بەرگریکەری ژمارەیەکی وڵاتەکەی دەزانێت و ڕکابەرەکانی وەک ناحەز وێنادەکات، ئامادەیە گەندەڵیی بکات و یاساکان بخاتە ژێرپێیەوە. بەڵام جیاوازی ترامپ لەگەڵ ئەوانیتردا لەوەدایە ئەو لە وڵاتێکدا دەژیی خاوەنی دەزگای دیموکراسیی ڕاستەقینە و میکانیزمی بەھێزی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و توانای بەرپرسیارکردنی سیاسییەکانی ھەیە. ئەمە جگە لە توانای گۆڕینی سەرۆکەکان و سنووردانان بۆ دەسەڵاتەکانیان. لەکاتێکدا نە ڕوسیا و نە تورکیا و نە بەرازیل خاوەنی ئەو دەزگا و بەھا و میکانیزمانە نین، کە لە ئەمریکادا ھەن، یان ھەندێکیان ھەن و پەکخراون. ئەم دۆخە لە ئەمریکادا وادەکات، زۆربەی جار، غەریزە و سایکۆلۆژیای پیاوە بەھێز و خاوەن ماسولکەکان نەتوانێت بە ئاسانی بخرێنە سەروی یاسا و دەزگا و بڕێکی گرنگ لە بەھا سیاسییەکانی ناو وڵاتەکەوە. یان لە شوێنێکی وەک ئیتالیادا بوونی ئەو شتانە، ببێتە ھۆکاری کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی بەرلیسکۆنی و لێپرسینەوە و سزادانیشی، بەڵام لە تورکیا و ڕوسیا و سعودیەدا ئەم دۆخە لەئارادانەبێت. ئەم جیاوازییانەیە وادەکەن ھەندێک کۆمەڵگا بتوانێت بەرەنگاریی ئەم مۆدێلە لە پیاوانی سیاسیی ماسولکەدار و دەسەڵاتگەر ببێتەوە، بەڵام ھەندێک وڵاتی تر ئامراز و توانای ئەم بەرەنگابوونەوەیان نەبێت و تا مردن، یان تا کودەتایەکی سەربازیی، گیربخۆن بەدەستیانەوە. 


ھەرچی دونیای ئێمەیە دونیای نەبوون و پەکخستنی تەواوەتی یاسا و دەزگا و بەھا سیاسییە باشەکانی ناو مۆدێلی حوکمڕانییەکی ھاوچەرخە. لە ڕاستیدا نە دەزگاکانی داوەریکردن و نە دەزگاکانی میدیا و نە دەزگاکانی حوکمڕانییکردن، بە خودی دەزگای پەرلەمان خۆیەوە، نە دەزگان بە مانا ڕاستەقینەکەی دەزگا، نە لۆژیکی کارکردنی دەزگا لەناویاندا ئامادەیە و کاردەکات. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا کاردەکات خواست و ویست و زەوق و غەریزەی کۆمەڵێک پیاو و بنەماڵەی بەھێزی خاوەن ماسولکەی سەربازین. ئەمانە نوخبەیەکیان لە کەسانی ھەلپەرست بەدەوری خۆیاندا دروستکردوە کە ناو و نازناوی جیاواز و تایبەت لەو پیاوە ماسولکەدارانە دەنێن، تازەترین ناونانێک لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا ”مەرجەع“ و بەمەرجەعکردنی ئەم یان ئەو سیاسییە.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand