Draw Media

ئێران لەژێر دارشەقی ئەمریکادا !

ئێران لەژێر دارشەقی ئەمریکادا !

2022-11-12 16:52:08


ئاسۆ عەبدوللەتیف

ئێران، له‌ دۆخ و قه‌یرانێكی سه‌ختی ئابوریی و سیاسی و  ناره‌زایه‌تی گه‌وره‌ی ناوخۆییدایە، بەڵام گوشاری نێوده‌وڵه‌تی بەتایبەت ئەمریکا لاوازو پۆپۆلیستانەیە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی. ریفۆرمخوازان و موحافیزكاران و مه‌رجه‌عی ره‌هبه‌ریی، له‌ كێشمه‌كێشی گه‌وره‌دان بۆ کۆنترۆڵ و دەستکاری ئەو دۆخە سیاسییە، فاكته‌ری ستراتیژیی ده‌ره‌كی بۆ روخاندن تا ئێستا ئاماده‌یی نییەو پشتی بەستوە بەو ڕێککەوتنە سیاسی و ستراتیژیی و جەنگیانەی ڕابردوو‌. 

هاوكێشه‌ی ئیسرائیل ئێران ئه‌مریكا، هێشتا گۆرانی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری نەخشەو سکێچی سیاسی گه‌لانی ئەم ناوچەش ده‌كات ئه‌وانن وەک مۆتیڤی یەکلاکەرەوە، کە بریاری گۆڕین و روخاندن ئه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ی لە ئێران ڕووئەدات ململانێیه‌كی سه‌خت و كۆنی ناوچه‌كه‌یه‌و به‌ئاسانی ناچێته‌سه‌ر بەبێ فاکتەری دەرەکی و دەستکاری ئەو پەیوەندیانە، بۆ وێنە؛ 

»فرۆشتنی کەرەستەی شەڕ بە ئێران تا ئێستا بەردەوامە لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی نهێنی ساڵی ١٩٨٠ ی نێوان مەناخیم بێگن سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل و ویلیام کەیسی.
»وردەکاری ئەو کەرەستە جەنگیانە کە دەبوو ئیسڕائیل بە ئێرانی بفرۆشێت مێژوەکەی کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ دیسامبری ساڵی ١٩٨٠ کە دیاری کرابوو. دێڤید کیمچە گەورە ئەندامی کۆمیتەی هاوبەش لەگەڵ رابیرت گیتز نوێنەری پایەبەرزی سی ئای ئەی، خەریکی ڕاپەڕاندنی بوون بۆ بەپێوە ڕاوەستانی دەوڵەتی ئێرانی بە سوودی وڵاتانی ئەمریکاو ئیسڕائیل، ئەو ستراتیژە هێشتا نەگۆڕە!!
» ڕزگار کردنی بارمتە ئەمریکیەکان لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران بەهۆی گرێبەستێکی ٥٢ ملیۆن دۆلاریی لە ساڵی ١٩٨١ و ناردنی پارچەی یەدەگی فرۆکە لە کارکەوتوەکانی ئێران، لە ئیسڕائیلەوە بۆ تاران هەموو ئەوانە وەک پەیوەندیی مێژوویی ماونەتەوە*

 ئینجا، پرۆژه‌یاسایەکی جددی كۆنگرێسی ئەمریکی و ئیدارەکەی بایدن و كۆده‌نگی جیهانی و كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانی ڕەسەنی ئێرانی وه‌ك چۆن بۆ عێراق و ئه‌فغانستان كراو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکا سەپۆرتی دەکرد بوونی نییە، هەر ئەوەندە هەیە تیمەکەی جۆبایدن خۆیان ڕەتاندو ئەوەیان وت گەڕانەوەمان نییە بۆ دانوستان و گفتوگۆگانی ڤیەننای تایبەت بە چەکە ناوکیەکانی ئێران ئەوە لاوازترین هەڵوێستەو لەجێگای نەبووە (… وژلك أچعف الإیمان) 

ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس دەیان هێزی بەرهەڵستکاریی و کۆنگرەی ئای ئێن سی و رادیۆو تەلەفزیۆنی لە ئەوروپاو ئەمریکاو عەممان دروست کردو دەیان هێزو سوپاو پێشمەرگەی کورد و شیعی و سوننی کردە لیواو کەتیبەو فیرقەی جەنگیی و پێکی هێنان و بێشومار بودجەی کۆنگرێسی خستە خزمەتیان و بینیمان چۆن بەعسیزمی پێ ڕوخاند لە ٢٠٠٣ بەڵام بۆ ئێران نەک هیچی دیار نییە بگرە زمانێکی نەرمیشی هەیە! بەڵام ڕەنگە کۆماریەکان ئەو دیدگا کۆنکرێتیەیان نەبێت و بە جۆرێکی تر بیر بکەنەوە بەتایبەت کۆمارییە نوێکانی دوای تڕامپیزم.
 
بەڵام جیهان و ئەمریکا ڕەنگە بیانەوێت ئێران و ڕوسیا بەتەواوی بخەنە ڕیزو به‌م شپرزه‌یی و  لاوازیه‌ دەرکەون، بیانه‌وێت خۆبه‌خۆ گۆرانكاری دروست بێت لە ئێران، یاخود كه‌شێك سازبكه‌ن بۆ ده‌سته‌بژێری نارازی ناو سیستمی ده‌سه‌ڵاتگه‌ری سوپایی و خۆیان كاره‌كه‌ بكه‌ن به‌بێ فاكته‌ری ده‌ره‌كی و ئەوجا دارشەقەکە لابەرن، روخانی ده‌وڵه‌تێكی شیعی و سێنتراڵ و مه‌زهه‌بی رۆژهه‌ڵاتی ناوین ئاسان نییه وێڕای شۆڕش و قوربانیدانی زۆر‌، یان بكه‌وێت و ده‌وڵه‌تانی وه‌ك عێراق و سعودیه‌و توركیا میراته‌كه‌ی بخۆن، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گۆرانی هاوكێشه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مریكا لە مۆدێلی عێراق و لوبنان و بەحرەین و یەمەنەوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە دژی شیعه‌ نییه‌، دژی ره‌فتارو سلوكی گروپە ده‌سترۆشتوەکانی شیعه‌ن له‌ ناوچه‌کە، کە بەردەوام خەریکی دەستکاری بەرژەوەندیەکانی ئەمریکان‌، دژی مۆدێلێكن له‌ شیعه نەک کۆی مۆدێلەکان‌، بگره‌ باشتریان له‌م شیعه‌گەراییەی ئێران و حەشدو وەلائیی ده‌وێت، ئەمریکا گرێبه‌ستی نوێی ده‌وێت بۆ ناوچەکە دژی هەژموونی ڕوسیا ئێران، دەیەوێت له‌ ناڕەزایەتیەکان و شیعه‌ی لیبراڵی ئێرانی و عێراقی ستاتۆیه‌كی نوێ و شتێكی تازه‌ تاقی بكاتەوە، ‌به‌بێ په‌رت بوون و ئاژاوه‌ی گه‌وره‌.

ئه‌مریكا خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ مه‌زهه‌بیانه‌ لاوازتربكات بۆ مه‌به‌ستی به‌كارهێنانیان له‌ شه‌ڕی گه‌وره‌تری ناوچه‌كه‌ وەک چۆن سعودیه‌و توركیاو قەتەرو پاکستان و ئەفغانستان بەکار دەهێنێت. ئه‌گینا هه‌ر خودی ئه‌مریكا ده‌توانێ به‌ ئاسانی داشه‌كان بگۆڕێت و جوندی بخاته‌ شوێنی قه‌ڵا گه‌وره‌كه‌‌.ته‌نانه‌ت ده‌توانێت باشترین ده‌رفه‌ت بداته‌ كوردو هەرێمێکی تری کوردی دروست بکات و بەیەکەوە بیانکاتە ستاتۆیەک و‌ ره‌قه‌مێكی گه‌وره‌،به‌ڵام نایكات و هۆکار هەیە بۆ نایکات. 

*بەشێکی ئەو زانیاریانە #کتێبی بیرەوەریی سودەکانی شەڕ، ئاری بن مۆناشێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand