Draw Media

راستکردنەوەی حوکمڕانی، لە پەیکەری حکومەت یان رێڕەوی دیموکراسی؟

راستکردنەوەی حوکمڕانی، لە پەیکەری حکومەت یان رێڕەوی دیموکراسی؟

2022-11-09 14:40:47


  ئاسۆ حاجی
راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بۆتە دەستواژەیەکی سیاسی و لە ساڵانی رابردوو، هێزولایەنە سیاسیەکانی عێڕاق، بە رێژەی جیاواز بەکاریان هێناوە، رەنگە کاریگەری ئەو دەستەواژەیە و ئامادەیی بەهێزی لە گوتاری سیاسی عێڕاقیدا، وای لە نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق یان کۆبیچ کردبێت، کە بیکاتە ناونیشانی راپۆرتەکەی لە ساڵی 2016 دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێڕاق لە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش پێشکەشی کرد. کڕۆکی راستکردنەوەی حوکمڕانی بە دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت خستەروو، کە دواتر رووداوەکان ئەوەیان سەلمان، داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت ناتوانێ هیچ لە هاوکێشەی حوکمڕانی عێڕاق و ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە بگۆڕێت.
لە دەرئەنجامی خوێندنەوەی کەسانی پسپۆڕ و ئاگادار، بۆچوونێکی دیکە دەرکەوت کە عێڕاق و هەر وڵاتێکی دیکە، کە دووچاری کێشە و قەیرانی حوکمڕانی دەبێت، پێویستە بیر لە گۆڕینی رێڕەوەی حکومڕانیەکەی بکرێتە بۆ رێڕەوی دیموکراسی، کە ئەوەیان دەتوانێ دەرچەیەکەی زانستی و لۆژیکی بێت، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێ و لەو رێگەیەوە دەسەڵات دەستاو دەست دەکات. 
بۆ قسەکردن دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی نێوان هاوبەشانی دەسەڵات،  و چۆنیەتی چارەسەرکردنی، ئەگەر بۆ ئەو دوو دەستەواژە و بۆچوونە بگەڕێینەوە، رەنگە هەڵبژاردنی ئەوەی دووەم تەندروستتر بێت، چونکە گرتنەبەری رێڕەوی دیموکراسی و دەست گرتن بە پێوەر و رەهەندەکانی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ رێڕەوی خواری حوکمڕانی راست دەکاتەوە، و هەموو لایەک تێیدا سوودمەند و سەرکەوتوو دەبن، چونکە لە کێبڕکێی دیموکراسیانە رەنگە لایەنێکی سیاسی لە بەرامبەر لایەنەکەی دیکە کەمتربێنێ و لە خانەی دۆڕاوان هەژمار بکرێ، بەڵام دەرئەنجامەکەی خەڵک دەیباتەوە و حکومڕانیش بەو رێچکە راست و دروستە دا دەڕوات، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسندە و تا ئێستا لەوەیان باشتر تاقی نەکردۆتەوە.
لە کوردستان رێڕەوی حوکمڕانی خوارە، بەڵام نەوەک لەبەر ئەوەی حکومەت کارەکانی ئەنجام نادات، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە بنەماکانی دیموکراسی، لە پێناو پاراستنی ئاشتەوایی و یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی، پشت گوێ خراوون، کار بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەکراوە، هێشتا لۆژیکی هێز و هەڕەشە، زاڵە بە سەر لۆژیکی قبوڵکردنی دەرئەنجامی کێبڕکێی دیموکراسی، کە تەنها و تاکە پێوەی دەنگی خەڵکە کە لە رێگای سندوقەکانی دەنگدان، کە بڕیار دەدات بۆ ماوەی یەک خولی پەڕلەمانی کە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵە کێ حوکم بکات، بەڵام کاتێک لۆژیکی یەک کورسیم هەبێ یان سەد کورسی، هەر دەبێ شەریکە حوکم بم، ئەوە دەرفەتێک بۆ دیموکراسیەت و دەنگی خەڵک نامێنێتەوە، بەڵکو لۆژیکی هێز و هەڕەشە خراپ کردن و تێکدان جێگای دەگرێتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارنامەکەی بە ئاراستەی راست کردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی داڕێژراون، بە لەبەرچاوگرتن و رەچاوکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، لە دەستەبەرکردن ئارامی و ئاسایشێکی بێ هاوتا بە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە، باشترکردنی دۆخی دارایی خەڵک و پلاندانان و کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و بە بیابان بوونی هەرێمی کوردستان، تا رادەیەکی گەورەش لە هەموو ئەو پرسانەدا پێشکەوتنی گەورە روویانداوە.
ئەوەی جێگای سەرنج و لێووردبوونەوەیە، هەر یەکێک لەو پرسانە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە، گرفتی بۆ ساز دەکرێ و هەوڵی رێگریکردن دەدرێ، هەوڵدەدرێت کێشە و ململانێ سیاسیەکان تێکەڵ بە پرسی بەڕێوەبردنی وڵات بکرێت، بۆ ئەوەش دەست بەسەر داهاتی گشتی دا دەگیرێت کە دەبێتە هۆکار لە دواکەوتنی دابەشکردنی موچە و وەستانی پڕۆژەکان، دەڤەرێک وەک بارمەتە دەکرێتە کارتی سازشکردن، و کەرستەی هەڕەشەکردن، بە سزادانی خەڵکەکەی و دندەدانیان لە رێگای گوتارێکی حیزبی توندی هەڕەشە ئامێزەوە، هەموو ئەوانەش لە پێناو پاراستن و زیادکردنی دەسکەوتی کەسی و حیزبی.
ئەو هێزگەلەی بەردەوام لە دەرەوەی رێڕەوی دیموکراسی هەوڵی راست کردنەوەی حوکمڕانی دەدەن، ناچارن ئەو ئامرازانە بەکاربهێنن کە لە غیابی دیموکراسیدا کاران، وەک هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی چەک، دەست بەسەرداگرتنی داهات، تیرۆرکردنی ئەوانەی لە دژیان دەوەستنەوە و دەنگ هەڵدەبڕن، لەوانەش خراپتر هەڕەشەکردن بە پارچەکردنی خەڵک و خاکی نیشتیمان، وچوونەوە پاڵ نەیاران و وەستانەوە لە دژی یاران.
رێگەی راستی راست کردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی دەستبەرداربوونی هەموو رێگا نا دیموکراسیەکانە و گەڕانەوەیە بۆ راستەرێی دیموکراسی و ملدان بۆ دەنگ وبڕیارەکانی خەڵک، ئەگەر بە شەریکایەتی و بەو هەموو ئیمتیازە و چاوپۆشی لێکردنە لە باڵادەست بوون لە نیوەی جوگرافیای نیشتمان رازی نی، ئەوە دەتوانی هەموو ئەوانە رادەست بکەیەوە و ببیە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە، ئەوجارەیان لە جیاتی هەڕەشەی چەک و دەستدۆیی بۆ دوژمنان، هەڕەشەی زیاتر خزمەتکردن و باشترکردنی ژیان خەڵک بکە، ئەو باشترین و کورتترین رێگایە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، رێگاکانی دیکە بە زۆر شێواز لە چەند قۆناغێک تاقیکراونەتەوە، بەڵام هەمووجار یەک ئەنجامیان هەبووە، کە دۆڕان بووە لە بەردەم ئیرادەی خەڵک، کە بە خوێن و خەباتی خۆیان ئەو قەوارە دەستوری و حکومەتەیان دروست کردووە و بە ئاسانی دەستبەرداریان نابن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand