ئەلف و بای حوکمڕانیی: سەرۆکی باش یان یاسای باش؟
2022-11-06 15:18:39
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
زیاد لە دوو ھەزار ساڵ لەمەوبەر ئەرستۆ، فەیلەسوفی یۆنانی، لە وتەیەکی ھێجگار بەناوبانگیدا دەپرسێت: ”کامیان بۆ دەوڵەت بەسودتر و باشترە؟ سەرکردەیەکی زۆرباش و چاکەکار، یاخود یاساییەکی زۆر باش؟" ئەرستۆ لە وەڵامدا دەڵێت: ”یاسایەکی باش لە سەرکردەیەکی باش، باشتر و پێویستترە“. ئەرستۆ لەو بۆچوونەدا تەواو ڕاستە و مێژووی دەوڵەتانیش لە جیھاندا ئەو ڕاستییەیان چەندان جار سەلماندوە. یاسای باش لە سیاسی باش گرنگتر و بەسودترە. ئەگەر ئەرستۆ زیاد لە دوو ھەزار ساڵ لەمەوبەر ئەم ڕاستییە سادەیەی بە گوێی ھەموو مرۆڤایەتیدا دابێت، ئەوا لە سەدەی ھەڤدەھەمەوە لەپاڵ ”یاسای باش“دا، قسە لە ”دەزگای باش“ و ”بەھای سیاسیی باش”یش دەکردێت. بە حوکمی ئەوەیش لە دونیای تازەدا، واتە لەو دونیایەدا کە لە سەدەی ھەڤدەھەم و ھەژدەھەمی ئەوروپا و لە سەدەی نۆزدەھەم و بیستەمی ئەم ناوچەیەی ئێمەدا، دروستدەبێت، دەسەڵات و تواناکانی دەوڵەت لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگادا ھێجگار گەورەتر و بەرفراوانتر دەبن، بۆیە بەشێکی گەورەی فیکری سیاسیی ھاوچەرخ، لەسەر شیکردنەوەی یاساکان و دەزگاکان و بەھاکان ڕادەوەستێت نەک لەسەر کەسایەتی سیاسیی و سەرکردەکان. ئەوەی ئەزموونێکی سیاسیی دیاریکراو بۆ ئەزموونێکی سیاسیی باش دەگۆڕێت، سەرکردەکانی ئەو ئەزموونە نین، بەڵکو ئەو یاسا و دەزگا و بەھایانەن کە لەناو ئەو ئەزموونەدا ئامادەن و کاردەکەن. ئاراستەی چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵات دەکەن و میکانیزمی لێپرسینەوە و بەرپرسیاربوونی دەسەڵاتداران، بە سەرۆکەکانیشەوە، دادەنێنن.
فەیلەسوفی فەرەنسیی، میشیل فوکۆ، لە نووسینێکی زۆر بەناوبانگیدا باسی دەسەڵات لە دونیای نوێدا دەکات وپێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لە سەدەی ھەژدەھەم بەدوا میکانیزمەکانی دەسەڵاتدارێتی گۆڕانی گەورەیان بەسەردادێت. ئەو باس لە ”پەڕاندنی سەری پاشا“ دەکات، واتە باس لە جۆرێک دەسەڵات دەکات کە ”سەری پاشا“ شوێنی دروستکردن و ئیدارەدانی دەسەڵاتدارێتیی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک دەزگا و بەھا و یاسا و میکانیزمن کە لەدەرەوەی سەری ئەو پادشایەدا دروستدەبن و ئیشدەکەن. لە سەدەی ھەژدەھەمەوە سەری پادشا بڕاوە و ئەوەی شوێنی ئەو سەرەی گرتۆتەوە کۆی ئەو یاسا و دەزگا و بەھایانەیە کە دێنەکایەوە و لەناو کۆمەڵگادا کاردەکەن. ئەگەرچی فوکۆ ڕەخنەیەکی ھەمەلایەن لەم گۆڕانە مێژووییە دەگرێت و ھەوڵی بە دیموکراسیکردنی زیاتر و گەورەکردنی ئەگەری دروستکردنی ڕووبەری گەشەدان بە توانای دروستکردنی کەسایەتی سەربەخۆ ئەدات، بەڵام خودی گۆڕانەکە لە پادشاوە بۆ یاسا و دەزگا و بەھا، گۆڕانێکی مێژوویی گرنگە و بە کردەوەش بەشێکە لە مێژووی مرۆڤایەتی لە سەدەی ھەژدەھەمەوە.
ھەر ئەزموونێکی سیاسیی، یان ھەر دەوڵەت و حوکمڕانییەک، کە پشتی بە سەرۆک و سەرکردە و حوکمڕانێکی باش بەستبێت، تەمەنی ئەو ئەزموون و دەوڵەت و حوکمڕانییە، زۆربەی جار، تەنھا بەقەد تەمەنی سەرکردە و حوکمڕانەکە بووە. مردن یان پەککەوتنی ئەو سەرکردەیە مردن و پەککەوتنی ئەزموونەکەشی گەیاندوە. ئەوەی دەوڵەت و حوکمڕانیی دەھێڵێتەوە یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باشە. توانا و ”میکانیزمی باش“ی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتدارانە. دەسەڵاتداری باش بەبێ یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باش ھەر دروستنابێت، گەر ھەشبێت بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ ”دەسەڵاتدارییەکی خراپ“، تەنانەت بۆ ”دەسەڵاتدارییەکی ھێجگار ترسناک“. دەسەڵاتدار گەر یاسای باش بۆ لێپرسینەوەی نەبێت، گەر دەزگای باش بۆ بەرپرسیارکردنی لەئارادانەبێت، گەر بەھای سیاسیی باش بوونی نەبێت کاتێک لێیان لابدات تووشی ئیحراجبوون و شەرمکردنی سیاسیی بکات، بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتدارێکی خراپ، دەبێت بە ھەڕەشە بۆسەر ئەو میلەت و کۆمەڵگا و وڵاتەی حوکمڕانیی دەکات.
ئەوەی لە ئێستای وڵاتی ئێمەدا ڕووئەدات، ڕێک پێچەوانەی ئەو یاسا سیاسییە بنەڕەتییەیە کە لە سەردەمی ئەرستۆوە ئامادەیە و ئەزموونە سیاسییە باشەکانی جیھان پەیڕەوی لێدەکەن. ئەوەی لای ئێمە ڕووئەدات ڕێگەگرتنێکی سیستماتیکیی بەردەوامە لە دروستبوونی یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باش و جێگرتنەوەیان بە ”دەسەڵاتی شەخسیی“، بەردەوام خراپی، ئەم یان ئەو سەرکردە و سەرۆکی سیاسیی. ئەم سەرۆکە سیاسییەش ھەرجارە و ناوێکی لێدەنرێت. جارێک پێیان دەگوتێرت ”باوکی میلەت“، جارێک ”سەرۆکی پێویست“، القائد الضرورة وەک لای بەعس، جارێک ”ئیمامی زەمان“، جارێک ”مام“ و ”براگەورە“، جارێکیش ”مەرجەع“، ھتد... ھەموو ئەم ناونانەش ھێما بۆ یەک ڕاستیی تاڵ دەکەن، غیابی سیستمێکی سیاسیی کە پشتی بە یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باش بەستبێت. بەشەخسیکردنی دەسەڵات لە دونیای ئێمەدا بەردەوام ھاوشانبووە بە وێرانکردنێکی تەواوەتی دەسەڵاتی یاسا و دەزگا و بەھا سیاسییە باشەکان. بۆئەوەی سەرۆک یان مەرجەع یان باوک و براگەورەی میلەت بوونی ھەبێت، پێویستە پێشوەخت سەرجەم ئەو میکانیزمە جیاوازانە وێرانکرابن کە یاسا و دەزگا و بەھای باش پێشنیاریان دەکەن.
ئەگەرچی لەشکرێک خوێندەواری ئایدیۆلۆژیی و کادری حیزبی و چالاکەوانی میدیایی ھەن، پێیانوایە نابێت مۆدێلی حوکمڕانیی ئەو ناوچەیەی ئێمە، بە مۆدێلی حوکمڕانیی، بۆ نموونە، لە ئەوروپادا بەراوردبکەین، چونکە ئەو دووبەشی جیھان دووبەشی جیاواز و دوو مێژووی جیاوازیان ھەیە. بەڵام زۆرجار ھەندێک بۆئەوەی باشتر دەربکەوێت باسی چی دەکەین و لە چ جۆرە دیاردەیەک ئەدوێین ھەندێک بەراوردکاریی، پێویستە.
ئەزموونی حوکمڕانیی لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا بێکەموکوڕیی نییە و لە زیاد لەسەرێکەوە قابیلی ڕەخنەکردنە، بەڵام بە بەراورد بەو شێوازانەی حوکمڕانی لە دونیای ئێمەدا ھەن، ئەزموونە ئەوروپاییەکان زۆر پێشکەوتوتر و زۆریش باشترن. بەڵام ئەم باشییە لەوەدا نییە ئەوروپییەکان وەک مرۆڤ لە مرۆڤەکانی دونیای ئێمە باشترن، سیاسییەکانیان وەک مرۆڤ باڵاترن لە سیاسیەکانی دونیای ئێمە. ئەم جۆرە لێکدانەوانە دەچنە چوارچێوەی ڕاسیزمەوە. باشی ئەزموونە سیاسییەکانی ئەوروپا لەوەدایە ئەوان لەناو ڕستێکی یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باشدا ئامادەن و کاردەکەن. سەرکردە و سەرۆکەکانیان لەوەدا ئازادنین سایکۆلۆژیا و گرێ دەرونییەکانی خۆیان بکەن بە سیاسەتی گشتیی وڵاتەکە، خەیاڵیان لای ئەوەنییە دەسەڵات دوای خۆیان بۆ منداڵ و خێزان و بنەماڵە و کەسوکار و ھاوڕێ نزیکەکانی خۆیان بەجێبھێڵن، خەیاڵیشیان لایبێت ئەو یاسا و دەزگا و بەھایانەی ھەن و حوکمڕانن ڕێگرن لە چالاککردنی ئەو خەون و خولیایە. لەناو ئەم ئەزموونەدا سەرکردەیەک کە ھەڵەیکر یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باش ھەن لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەن و بەرپرسیاری دەکەن.
بە کورتییەکەی ئەوەی لە ئەوروپادا کاردەکات، ئەو دیدە ئەرستۆییەیە کە پێیوایە یاسای باش لە سەرکردەی باش، باشترە، ئەو دیدەی کە بووە بە بەشێکی ناوەکیی واقیعی سیاسیی ئەو بەشەی جیھان. ئێمە ئێستا لە جیھانێکدا دەژین لەھەر شوێنێکدا یاسای باش و دەزگای باش و بەھای سیاسیی باش ھەبو کاربکەن، لەوێدا ئەگەری ئەوەی سەرەتا سیاسییەکان ببن بۆ کابوس، دوای خۆشیان منداڵەکانیان ببن بە کابوس، ئەگەرێکی لاوازە.