Draw Media

پارتی و كۆنگره‌و  ئه‌وانی تر 

پارتی و كۆنگره‌و  ئه‌وانی تر 

2022-11-03 08:03:35


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
پارتی كۆنگره‌ی چوارده‌یه‌مینی خۆی ده‌به‌ستێ‌ ، ده‌شێت ئه‌م كۆنگره‌یه‌ جۆرێك بێت له‌ خۆ نوێكردنه‌وه‌ی پارتی به‌و جۆره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان جارێكی تر گۆڕانكاری له‌ ناو حزبدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ك به‌ سه‌ر ئه‌وی تردا زاڵبكه‌ن ، هه‌رچه‌ند له‌ روكاردا ئه‌م دوو باڵیه‌ زۆر دیار نیه‌ ، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی رابردودا مه‌سرور بارزانی ئه‌و كه‌سه‌ی شانسی زۆری هه‌یه‌ ئاینده‌ی پارتی به‌ ده‌ستی ئه‌وه‌ وه‌ بێت چه‌ند جارێك سه‌رزه‌نشت و ره‌خنه‌ی له‌ كابینه‌ی پێش خۆی گرتوه‌ ، كه‌ راسته‌وخۆ ئه‌و ره‌خنه‌و تانانه‌ ئامۆزاكه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ ، ئه‌و جارێك ده‌ڵێت كه‌م و كوڕی پێشتر بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ، جارێك ده‌ڵێت ئێمه‌ یه‌كفلسمان قه‌رز نه‌كردوه‌و دوو ملیاردۆلار قه‌رزیشمان داوه‌ته‌وه‌ ، هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌شدا راست ده‌كات ، به‌ڵام قسه‌كه‌ له‌ سه‌ر تیره‌كانه‌ كه‌ ئاراسته‌ی كێیه‌ نه‌ك شتی تر، 
پارتی ئه‌گه‌ر چی له‌ ڕووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری دابه‌زیوه‌ ، ئه‌گه‌ر چی به‌ رێگه‌ی كڕین و شێوازی تریش له‌ ناو جزبه‌كانی تردا خه‌ڵكی زۆری بردوه‌ ، به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ناتوانێ‌ به‌ ته‌نێ‌ حوكمڕانی كوردستان بكات ، هێشتا زۆر ئاڵه‌نگاری و له‌مپه‌ریشی له‌به‌رده‌مدایه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ ته‌واوی حزبه‌كانی تر دۆخی باشتره‌ ، په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی و ده‌ره‌كی به‌ هێزه‌ ، سه‌روه‌ت و سامانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ ، هێزێكی چه‌كداری گوێڕایه‌ڵی هه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌ی هه‌موویان هه‌مان بۆچونی میرانیان هه‌یه‌ " سه‌رۆك بڵێ‌ دانیشن ، داده‌نیشن ، بڕۆن ، ده‌ڕۆن ، بمێننه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ " میدیایه‌كی مۆدێرنی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یشیتوانیبێت رای گشتی دروستبكات له‌ ته‌واوی میدیاكانی تر كاریگه‌ر ترو پڕبینه‌ر تره‌ ،بۆیه‌ له‌م بارو دۆخه‌دا پارتی به‌ لایه‌ك و هه‌موو ئه‌وانی تر به‌ لایه‌كی تر .
پارتی له‌بارو دۆخێكدا كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت وێڕای كه‌م بونی ده‌نگده‌ره‌كانی له‌ هه‌رێم و له‌ به‌غداش وه‌ك هێزی كوردی ، هێزی یه‌كه‌مه‌ ،بوون و مانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌م قۆناغه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ پارتی جیاواز تر له‌وانی تر هێشتوه‌ته‌وه‌و زیاتر ئه‌و وه‌ك نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت ، ئه‌مه‌ش به‌شی زۆری هه‌ر په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ هه‌ژمونی پارتی و بانگه‌شه‌ی پارتیه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌گه‌ری و خود خاوه‌نی ، په‌یوه‌سته‌ به‌ لاوازی ئه‌وانی تریشه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت یه‌كێتی و گۆڕان ، لانی كه‌م روونه‌ پارتی ده‌یه‌وێ‌ چی بكات و چۆن ، ئه‌ی ئه‌وانی تر چی ، كێشه‌ی هه‌ره‌ زه‌قی پارتی كه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ قۆناغی حوكمڕانی مه‌سرور بارزانیدا زۆر دیاره‌ له‌ مه‌نگه‌نه‌ دانی ئازادی بیرو ڕایه‌ له‌ سنوری هه‌ولێرو دهۆك ، ئه‌مه‌ وه‌نه‌بێت ئێمه‌ پێمان وابێت سنوری ئه‌م لا زۆر باشتر بێت ، به‌ تایبه‌ت دوای گۆڕانكاریه‌كانی ناو یه‌كێتی و ئه‌و روداوانه‌ی له‌ دوای كۆنگره‌ی چواری ئه‌و حزبه‌وه‌ ڕویانداوه‌، ئازادی بیرو ڕا یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پارتیه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ئه‌گه‌ر بواری میتینگ و گفت و گۆی تیا بێت قسه‌و باسی زۆری له‌ باره‌وه‌ بكرێت ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بواری ده‌ركه‌وتنی جیاوازی بۆچوون هه‌بێت .
یه‌كێكی تر له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ قوڵه‌كانی پارتی ئیشكردنه‌ به‌ گومان ، یان وه‌ك ده‌ڵێن گومانكردنه‌ له‌ هه‌مووان، هه‌ندێك جار له‌ ناوخۆیشیدا ئه‌و گومانه‌ له‌ یه‌كتر بوونی هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ پارتی به‌ جۆرێك دورتر له‌وانی تر ده‌هێڵێته‌وه‌ ، ئاخۆ كۆنگره‌ی چوارده‌ ده‌توانێت كێشه‌ی گومانكردن له‌ ناو ئه‌و حزبه‌دا بن بڕبكات و ئیتر وه‌ك حزبێكی مۆدێرن سه‌یری ره‌خنه‌و جیاوازی بكات و گومان له‌ هه‌موو شت نه‌كات ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر گومان به‌و راده‌یه‌ شۆڕبێته‌وه‌ ئیدی ده‌بێته‌ خاڵێكی نه‌رێنی مه‌ترسیدارو دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌شێوێنێت ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ هه‌موو جاره‌كانی تر جیاواز تر پارتی زۆر كێشه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ خاوه‌نی فكرو بیرو بۆچونی سیاسیانه‌ به‌رێته‌ سه‌ركردایه‌تی ،ئه‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ی من ئه‌و خه‌ڵكه‌م بینیبێت كه‌ خۆیان كاندید كردووه‌ ، كه‌سانی زۆر كه‌میان تیایه‌ كه‌ بیر كه‌ره‌وه‌ی باش بن ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌و حزبه‌ خۆیه‌وه‌یه‌تی كێ‌ ده‌نێرێته‌ سه‌ركردایه‌تی و كێ‌ نانێرێت ، به‌ڵام من وه‌ك هاوڵاتیه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌ك بۆ پارتی ئه‌مه‌ بۆ یه‌كێتیش كه‌ له‌ كۆنگره‌ی چواری خۆیدا خه‌ڵكانێكی نارد كه‌ مه‌لا به‌ختیار وته‌نی په‌یڕه‌وی حزبه‌كه‌ی خۆیشیان نازانن و تێیدا تاقیبكرێنه‌وه‌ ده‌رناچن ، جا ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئاسایش و ته‌ناهی وڵات ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ رسته‌یه‌كی نائاوه‌زی سه‌ركردایه‌تیه‌ك ئاژاوه‌و ئاشوبێكی گه‌وره‌ بناته‌وه‌ .
ئێمه‌ نازانین پارتی كێ‌ ده‌باته‌ سه‌ركردایه‌تی و كێده‌نگ دێنێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌رگیز مه‌رج نیه‌ ئه‌وانه‌ی زۆرترین ده‌نگدێنن ، باشترینه‌كان بن ، یان له‌ باشه‌كان بن ، ده‌نگدان پێوه‌ر نیه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگدان نه‌له‌ناو حزب نه‌له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیدا به‌ تواناو لێهاتوویی نادرێت ، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی دوای كۆنگره‌ پارتیه‌كی جیاواز تره‌ له‌ پارتی ئێستاو پێش كۆنگره‌ ، له‌ كاتێكا پارتی ته‌واوی جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌و هێشتاش ده‌ڵێت هی تر هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بواری پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی لاره‌ سه‌نگكردوه‌ ، له‌ نێوان كۆنگره‌ی سێزده‌ی پارتی وكۆنگره‌ی ئێستا 2022 ، هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه‌ كه‌ پارتی  دوای كۆنگره‌ی سێزده‌ ، له‌ پارتی پێش ئه‌و كۆنگره‌یه‌ جیاواز تر بێت ، له‌ دوای كۆنگره‌شه‌وه‌ تا ئێستا پارتی نه‌یتوانیوه‌ ته‌نانه‌ت سه‌رنجی نه‌وه‌ی شه‌هیدو قوربانیه‌كانی خۆیشی كه‌مه‌ند كێش بكات و بڕوایان پێبهێنێ‌ ، كه‌ ده‌توانێ‌ سبه‌ینێیه‌كی جیاواز تر و ئارامتر نیشانی  خه‌ڵكی هه‌رێم بدات ، گرتن و سه‌ركوتكردنه‌كانی بادینان و هه‌ولێر خاڵێكی نه‌رێنی زۆر خه‌راپه‌ بۆ پارتی ، ئاخۆ ده‌توانێ‌ ئه‌مه‌ ئاوه‌ ژوو بكاته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئایه‌ پارتی دوای كۆنگره‌ دۆسیه‌ی بۆ په‌یوه‌ندی ناوخۆی هه‌رێم چۆن ده‌بێت ، مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ به‌ تایبه‌ت په‌كه‌كه‌ ، په‌ژاك ، و ئه‌وانی  دیكه‌ چۆن ده‌بێت ، ئه‌مانه‌ هه‌موو حسابی وردیان بۆ ده‌كرێت .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand