ئەگەر دووئیدارەیی دروست ببێتەوە ؟
2022-11-02 18:39:06
درەو:
جارێكی تر یەكێتیو پارتی پەیوەندییەكانیان تێكچووە، یەكێتی هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەت دەكات، یەكێتی حزبی دەسەڵاتداری ناوچەی (سەوز)ە، كشانەوە لە حكومەت بەواتای سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی دێت.
ئەگەر یەكێتی لە حكومەت بكشێتەوەو ئیدارەی خۆی جیابكاتەوە، بەواتای گەڕانەوەیە بۆ ساڵانی دوای شەڕی ناوخۆیی واتە لە ساڵانی 1996 بۆ 2005، ئەگەر دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دروستببێتەوە، توانای مرۆییو ئابوریو دارایی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە لەنێوان ئیدارەی پارتیو یەكێتیدا دابەش دەبێتەوە:
داهاتو خەرجی
بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان، خەرجی سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە (400 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە مانگانە بەتەنیا (365 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران سنورەكە دەڕوات، ئەگەر دوو ئیدارەیی دروست بێتەوە ئایا یەكێتی بە داهاتەكانی سنورەكەی مانگانە دەتوانێت ئەم خەرجییە دابین بكات؟
• هەر بڕە پارەیەك وەكو بەشە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە رەوانە بكرێت، بەپێی رێككەوتنی بەركاری نێوان پارتیو یەكێتی، رێژەی 43%ی پارەكە بۆ سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو 57%ی پارەكە بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی دەڕوات.
• هەناردەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەرێم ئێستا رۆژانە (420 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات، لەم رێژەیە تەنیا نزیكەی (40) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە سنوری یەكێتی بەرهەم دەهێنرێت، واتە رێژەی 90%ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم لە سنوری پارتیداو تەنیا 10%ی نەوتی هەناردەكراو لە سنوری یەكێتیدا دەردەهێنرێت، سەرباری ئەمە بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم لەناوچەی ژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە.
• غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە، ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵانو وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەحاڵەتی دوو ئیدارەیدا كێشەی بۆ كارەبای سنوری پارتی دروست دەبێت.
• یەدەگی نەوتو غاز بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
- یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (6 ملیار) بەرمیلە.
- یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا (300 ملیار) پێ سێجا.
- یەدەگی نەوت لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (13 ملیار) بەرمیلە.
- یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا (18 ترلیۆنو 300 ملیار) پێ سێجا.
ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتیو نەوتیش كارتی بەهیزی دەستی پارتییە.
سنور لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا
لەدوای ساڵی 1994و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، سنورێكی دەستكرد بەزەبری چەك لەنێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو پارتی كێشرا، كە بەسنوری "دێگەڵە" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی چارەكە سەدەیەك هێشتا ئاسەواری ئەو سنورە بەتۆخی ماوەتەوەو لەگەڵ توندبونەوەی ململانێكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەدا، ئەم سنورە بیری خەڵك دەكەوێتەوە.
بەپێی ماددەی (53)ی دەستوری كاتیی عێراق، سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەو سنورەیە كە لە (19/3/2003) هەبووە، واتە سنوری پێش روخانی رژێمەكەی سەددام حسێن.
بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، رووبەری هەرێمی كوردستان (41 هەزارو 939) كیلۆمەتر دوجایە، بەمشێوەیە لەنێوان قەڵەمڕەوی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
- سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی لەناو رووبەری گشتی هەرێمی كوردستان نزیكەی (20 هەزار) كیلۆمەتر دوجایە.
- لەبەرامبەردا ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەولێرو دهۆكە، رووبەرەكەی دەبێت بە نزیكەی (22 هەزار) كیلۆمەتر دوجا.
دوو ئیدارەییو دابەشبوونی خەڵك
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئێستا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (5 ملیۆنو 884 هەزارو 23) كەسە، دانیشتوان بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
- هەولێر: ( 2 ملیۆن و 55 هەزارو 448) كەس
- دهۆك: ( ملیۆنێك و 423 هەزارو 369 ) كەس
- سلێمانی: ( 2 ملیۆن و 396 هەزارو 206) كەس
واتە ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارتی بەگشتی (3 ملیۆن و 478 هەزارو 654) كەسەو ڕێژەی (59%)ی كۆی دانیشتوانی هەرێم لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدایە.
كۆی گشتی دانیشتوان لەسنوری یەكێتی (2 ملیۆن و 396 هەزارو 206) كەسەو رێژەی (41%)ی كۆی دانیشتوانی هەرێم پێكدەهێنێت.
دوو ئیدارەییو داهاتی ناوخۆ
بەگوێرەی داتاكان، ئێستا داهاتی ناوخۆ واتە داهاتی گومرگو باج لە سنوری ئیدارەی یەكێتی مانگانە بڕەكەی (120 ملیار) دینارە، لە سنوری پارتی ئەم داهاتانە مانگانە بڕكەی (180ملیار) دینارە.
دوو ئیدارەییو دابەشبوونی سەربازیی
هەرێمی كوردستان لەڕووی هێزی سەربازییەوە بەمشێوەیە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە:
• پارتی خاوەنی هێزی (80)یە، ئەم هێزە ژمارەی پێشمەرگەكانی زیاتر لە (56 هەزار) كەسە.
• پارتی هێزێكی تری سەربازی هەیە بەناوی هێزی "زێرەڤانی"، ئەم هێزە (44 هەزار) كەسە.
• ئاسایشی پارتی زیاتر لە (16 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری پارتی بە هێزی دژە تیرۆرو هێزەكانی تریشەوە بە زیاتر لە (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.
هێزی سەربازی یەكێتی
• یەكێتی خاوەنی هێزی (70)یە، ئەم لەنزیكەی (56 هەزار) پێشمەرگە پێكدێت.
• هێزی بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی (26 هەزار) كەسە.
• ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە (14 هەزار) كەسە.
كۆی گشتی هێزی چەكداری یەكێتی بە نزیكەی (100 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.
هەڵكەوتەی جوگرافی
هەرێمی كوردستان لەڕووی جوگرافییەوە هاوسنورە لەگەڵ توركیاو ئێرانو سوریا، ناوچەی قەڵەمڕەوی یەكێتی تەنیا سنوری لەگەڵ ئێراندا هەیەو لەم سنورەدا دوو رێڕەوی سنوری نێودەوڵەتی هەن بەناوەكانی (باشماخو پەروێزخان).
بەڵام ناوچەی قەڵەمڕەوی پارتی هاوسنورە لەگەڵ ئێرانو سوریاو توركیادا، لەم سنورەدا پارتی سێ رێڕەوی سنوریی لەگەڵ هەرسێ وڵاتەكەدا هەیە، لەگەڵ ئێران دەروازی نێودەوڵەتی (حاجی ئۆمەران)، لەگەڵ سوریا دەروازەی (فیشخاپور)، لەگەڵ توركیاش دەروازی (ئیبراهیم خەلیل).
توانای مرۆیی
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی گشتی خاوەنی (ملیۆنێكو 255 هەزار) موچەخۆرە، لەم ژمارەیە (721 هەزار)ی فەرمانبەرن.
ژمارەی فەرمانبەران لە سنوری ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی (268 هەزار) فەرمانبەرە، واتە (453 هەزار) فەرمانبەری لە سنوری پارتیدایە.
بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی فەرمانبەرانو موچەخۆران لە سنوری پارتی زیاترە لە سنوری یەكێتی، ئەمە لەحاڵی دروستبوونی دوو هەرێمیدا بارگرانیی دابینكردنی موچەكانیان دەكەوێتە سەرشانی هەریەكێك لەو ئیدارانە.