عەفرین لە گەمەیەکی دیکەی هێزە تیرۆرستیەکاندا
2022-10-20 17:41:07
هیوا سەید سەلیم
دوای چوار ساڵ، لە داگیرکردنی عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری، کە مانگی ئاداری ٢٠١٨، لە لایەن تورکیا بە پشتیوانی هێزە تیرۆرست و توندڕەوەکانی نزیک لە خۆی ئەنجامدرا. وا جارێکی دیکەش ئەو ناوچە داگیرکراوانە، دەکەونەوە ژێر کاریگەری گەمەیەکی دیکە، کە ئەمجارەشیان کاراکتەرەکانی ناو ئەو یاریە هێزە تیرۆرستیەکانن، وە ئەوەشی کە بەرنامەی یاریەکەی داناوە جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیایە، بە ئاگاداری لایەنەکانی ناو رێکەوتنامە ئەستانە کە بریتین لە هەریەک لە (روسیا و تورکیا و ئێران)
هەموو لایەک دەزانین کە چوار ساڵە عەفرین لە ژێر حوکمی کۆمەڵێک هیزی تیرۆرستیدا، ئەو شارە لە ماوەی ئەو چوار ساڵە، روبەڕووی سیاسەتی ئاوارەبوونی خەڵکە ڕەسەنەکەی، گرتن و کوشتنی ئەوانەی لە ناوچەکە ماون، تێکدانی ژێرخانی ئابووری بە بڕینی دار زەیتونەکانی، کە شادەماری ئابووری عەفرین بووە، هەروەها گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێتەوە.
شایانی باسە، هەموو ئەو تاوانانەی باس کران، لە لایەن چەند گروپ و هێزێکەوە ئەنجام دەدرێن کە لە ژێر چەتری تورکیا بە ناوی جیاجیای وەک "ئیراەی کاتی، ئیتلافی هێزە ئۆپزسیۆنەکان، سوپای نیشتمانی سوریا" حوکمی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
لە نموونەی هێزەکانی" سوپای نیستمانی سوری، هەیئەی رزگاری سوریا" کە هەریەک لەم دوو هێزە چەندین رێکخراوی دیکە لە خۆ دەگرن، کە باگراوندی زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێکخراوەکانی قاعدە و نوسڕە و داعش، وەک " فەیلەقی سێ، جەیش ئیسلام، فیرقەی مەلیک شا، جەبهەی شام، لیوای ئیسلام، سقوڕی شام ... هتد"
گومانی تێدانیە، خاڵی کۆکەرەوەی هەموو ئەو هێزە تیرۆرستیانە بە پلەی یەکەم بریتی بووە لە دژایەتی کورد ، کە زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە پێکدەهێنن و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان .
وەک دەزانرێت ئەو سیاسەتەش بەدەر نیە لە خەونی دەسەڵاتدارانی تورکیا، کە لە ماوەی ١١ ساڵی شۆڕشی سوریا و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستیهێناون، تورکیا لە دژیان وەستاوەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پەنابردنە بەر هێزە تیرۆرستیەکان لە لایەن تورکیاوە بۆ دژایەتیکردنی ئەزموونی رۆئاوا یەکێک لە بژاردە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئەو ولاتە بووە.
لە ئێستاشدا، لە چوارچێوەی ئەو پلانەی ماوەیەکە تورکیا هەیەتی بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت لە "منبج ، تەل رەفعەت ، شەهبا" رۆژی ١٣ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٢٠٢٢، تورکیا پەنای برد بۆ سیناریۆیەکی تازە، ئەویش ڕادەستکردنی عەفرینە بە هێزەکانی سەر بە " هەیئەی رزگارکردنی شام' کە جێگرەوەی رێکخراوی تیرۆرستی نوسڕەن، ئەو رێکخراوەی لە ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن ئەمەریکاوە خرایە لیستی رێکخراوە تیرۆرستیەکان.
شایانی باسە، سیناریۆی هەفتەی ڕابردووی کە بریتی بوو لە پاشەکشەی فەیلەقی سێی سەر بە تورکیا لە عەفرین لە قازانجی بەرەی نوسڕە، لێکدانەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت، بەڵام هەموو شیکردنەوەکان دەچنەوە سەر ئەو ڕایەی کە ئەو کارە بەبێ گڵۆپی سەوزی تورکیا و ئاگاداری هاوپەیمانەکانی لە رێکەوتنامەی ئەستانا ئەنجام نەدراوە.
وەک دەزانین، تورکیا لە کۆبوونەوەی لوتکەی تاران ئۆکەی هەریەک لە روسیا و ئێرانی بۆ وەرنەگیرا، تا هەڕەشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بکات بە کردار، بۆیە تورکیا دێت پەنا بۆ ئەم جۆرە سینارۆیانە دەبات.
شایانی باسە، مانەوەی عەفرین لە ژێر دەستی هەیئەی رزگارکردنی شام " نوسڕە" زۆر کاتی دەبێت، بۆیە پێدەچیت لە ماوەیەکی دیکە هەر تورکیا خۆی بە ئەرکی دەرکردنیان هەڵسێت، بوونی ئەو هێزانە بکاتە بیانوو بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی تازە.
تورکیا لەو شەڕە تازەیە دوو قازانج دەکات، یەکەمیان بە بیانووی ڕاونانی هێزێک کە لە لیستی تیرۆر دایە "نوسڕە" ، ناوچەیەکی دیکە لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکات، وەک چۆن لە ساڵانی رابردوو بە بیانووی شەڕی داعش سوپاکەی چووە ناوچەکانی تڕابلس و عزاز تا ئێستاش لەو ناوچانە ماوەتەوە.
قازانجی دووەمیشی دوور مەودا دەبێت بەوەی بە ناوی شەڕی تیرۆر باڵانسی جەماوەری بۆ ئەردۆگان و پارتەکەی دەگێڕێتەوە، بە تایبەت کە تورکیا لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ٢٠٢٣، دەچێتە ناو هەڵبژاردنێک کە بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی چارەنووس ساز دەبێت.
هەرجی تێڕوانینی بەرپرسانی هێزەکانی سوریا دیموکرات "هەسەدە" یە ئەوان پێیان وایە ئەوەی ئێستا لە عەفرین ڕوودەدات درووستکردنی پشتێنەیەکی ڕەشی تیرۆرە لە ناوچەکە، کە زەرەرمەندی سەرەکی کورد وەک خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەبێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین، شەڕی بەرەی نوسڕە و فەیلەقی سێ، لەسەر خاکی داگیرکراوی عەفرین، جگە لەوەی درێژەدانە بۆ دۆخی داگیرکاری ئەو ناوچە ستڕاتیژیانەی رۆژئاوای کوردستان، کە بە چاوپۆشی زلهێزەکانی وەک روسیا و ئەمەریکا داگیرکراون، گەمەیەکی دیکەی هێزە تیرۆرستیەکانە بۆ خزمەتکردن بە ئامانجەکانی تورکیا.