میسر و سعودیە و ئێران
2022-10-09 10:21:40
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
میسر و سعودیە و ئێران سێ وڵاتی گەورە و گرنگیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستن. سێ مۆدێلی جیاوازن لە دەوڵەتی دەسەڵاتگەر، کە سێ جۆر لە سیستمی سیاسیی و سێ جۆر لە کۆمەڵگای جیاوازیان، بەرھەمھێناوە.
ئەو سیستمە سیاسییەی لە میسری سەردەمی جەمال عەبدول ناسردا لە نێوان سەرەتای ساڵانی پەنجاوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی ھەفتا دروستکرا، ئەو سیستمە بوو کە ناوی ”سۆسیالیزمی عەرەبی“ لێنرابوو. سیستمێکی تاک حیزبی و تاک ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتگەر بوو، بەڵام دابینکەری زۆربەی خزتمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا بوو، لەوانەش دابینکەری خوێندن و خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی، دابینکردنی ئاو و کارەبا و خۆراک و خانوبەرە و کار. دەسەڵاتیش لەناو ئەم سیستمەدا لە چینە ئەرستۆکراتیی و فیوداڵەکانەوە گوازرابووەوە بۆ چینی ناوەڕاست، بە تایبەتی بەشەکانی خوارەوەی چینی ناوەڕاست. لە کایەی تیورەی سیاسیدا باس لە بوونی ”سەودایەکی دەسەڵاتگەرانە“ لەناو ئەم جۆرە سیستمانەدا دەکرێت، کە تیایدا دەوڵەت و حوکمڕانن خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگا دابیندەکەن، لە بەرامبەرردا کۆمەڵگا واز لە مافە سیاسییەکانی دھێنێت و کایەی سیاسیی لە وڵاتەکەدا دادەخرێت. بە مانایەکی دیکە سیستمەکە تەنھا پۆلیس و سوپا و دەزگاکانی تری بەکارھێنانی توندوتیژیی بەڕێوەی نابات، بەڵکو لەپاڵیدا ئەو جۆرە ”سەودا دەسەڵاتگەرە“ش ئامادەیە، کە لەبەرامبەر بێدەنگبوونی سیاسیدا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دابیندەکات. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات لە دونیای دوای کۆلۆنیالیزمدا بە گشتیی و لە میسردا بە تایبەتیی، دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیزتی عەلمانی چەپگەر بوو، ئەگەرچی دژایەتی دینیی نەدەکرد، بەڵام ڕێگەی بەھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی نەئەدا ئامادەبن و کاربکەن و بەھەموو جۆرێک سەرکوتیدەکردن. دوای مردنی عەبدول ناسر و ھاتنی سادات، ڕژێمە تازەکەی سادات، دەسکارییەکی ڕیشەیی ئەم سیستمە سیاسییە دەکات و کۆتایی بە ئاکاری سۆسیالیستانەی دەوڵەت دەھێنێت.
سادات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەلەپوری ناسریزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و سۆسیالیزم، دەرگا بەڕووی ئیخوانی موسلیمیندا دەەکاتەو و زیندانیکراوەکانیان ئازاددەکات، بواری گەڕانەوە بە ئیخوانە ھەڵاتوەکانیش بۆ سعودیە و وڵاتانی خەلیج دەبەخشێت. ئەمانیش بە دووشتەوە دەگەڕێنەوە بۆ میسر: سەرمایەیەکی زۆر و سەلەفیزمی وەھابی. بە حوکمی ئەوەیش کە نەیاندەتوانی لە ئاستی سیاسیدا خۆیان ڕێکبخەن و وەک ھێزێکی سیاسیی ئامادەبن، بۆیە لەڕێگای کۆمەڵگای مەدەنیی و ڕێکخراوی خێرخوازیی و سەندیکای جیاوازەوە بەناو کۆمەڵگای میسریدا بڵاوبوونەوە. ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی تایبەت بەخۆیان بڵاوکردەوە و لە زانکۆکاندا چالاکییەکی زۆر و ھەمەلایەنیان دەستپێکرد. لەو شوێنانەشدا کە دەوڵەت بەھۆی خەسخەسەی ئابورییەوە، بەبێ خزمەتگوزاریی بەجێیھێشتبوون ئەوان دەستیانکرد بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام ھاوشان بە بڵاوکردنەوە و پەرەدان بە فۆرمە ئیخوانییە سیاسیی و سەلەفییەکەی دینداریی. ئیخوانی موسلیمین لە مسیردا توانی بەشێکی گرنگیی چینی ناوەڕاست و ژمارەیەکی گەورەی بەشە ھەژارەکەی میسر بخاتە دوای خۆی. ھێزە ڕادیکاڵەکانی ئیسلامی سیاسییش، کە لەھەمان ژینگەدا میسردا دروستبووبوون، لەوەدا سەرکەوتن لە ساڵی ١٩٨١ دا خودی سادات بکوژن. بەڵام دەوڵەتی میسری لەوەدا سەرکەوت کۆتایی بە ھەڕەشەی سەربازیی ئیسلامی ڕادیکاڵ بھێنێت، ھەزارانی لێ کوشتن و لێگرتن و ڕاونان. بە کورتییەکەی دەوڵەت لە میسردا نەبوو بە دەوڵەتێکی دینیی، بەڵام کۆمەڵگاکە لە خوارەوە و لە ڕێگای ئامادەگی بەرفراوانی گروپە ئیسلامییەکانەوە، گۆڕدرا بۆ یەکێک لە کۆمەڵگا ھەرە دینییەکانی ناوچەکە. لە کۆتایی ساڵانی ھەفتاوە، تا دوای کۆدەتاکەی ژەنەراڵ سیسی بەسەر دەسەڵاتی ئیخوانی موسلیمین و محەمەد مورسی لە ٢٠١٣دا. کۆمەڵگای میسریی لە یەکێک لە کۆمەڵگا عەلمانییەکانی ناوچەکەوە دەگۆڕێت بۆ یەکێک دیندارترین کۆمەڵگاکان. لە ئێستادا بڕێک لە دورکەوتنەوە لەو دیندارییە ئیخوانییە سەلەفییە لە میسردا لەئارادایە. ھاوکێەشەکە لە میسردا بەم شێوەیە بوو: دەوڵەتێکی نادینیی دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی کۆمەڵگایەکی دینیی. ئەمەش وادەکات ململانێ لە میسر لەگەڵ دەوڵەت و حوکمڕاناندا لەسەر دین و دینداریی و بەگشتیکردنی لەشی دینیی، نەبێت. دین ئەو ڕۆڵە سەرەکیی و گرنگە لەم ململانێیەدا نەبینێت.
لە سعودیەدا دۆخەکە تەواو لەم دۆخەی میسر جیاوازە. دەوڵەت و وڵاتی سعودیە بەرھەمی ڕێکەوتنێکی مێژووییە لەنێوان خێزانی ئال سعود و خێزانی محەمەدی کوڕی عەبدولوەھاب دا. لەم ڕێکەوتنەدا دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانیی بۆ ئالی سعود بووە و دەسەڵاتی دین لەناو کۆمەڵگادا بۆ بنەماڵەی عەبدول وەھاب بووە. ئەمیر و پادشاکانی سعودیە حوکمڕانی سیاسیی وڵاتەکەبوون و دەزگاکانی دەوڵەت و پێگە سیاسییەکانی وڵاتەکەیان بەدەستبووە، ئیشکردنیش لەناو کۆمەڵگادا بۆ دەزگا دینییەکان بەجێھێڵدراوە کە سەر بە ڕێبازی سەلەفیی وەھابین، بێگومان دەزگا دینییەکان بەشێکی گەورەی ھێزی خۆیان لە ھێزی دەوڵەت و ڕازیبوونی بنەماڵەی ئال سعودەوە بەدەستھێناوە. ئەم دۆخە بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی ئێرانیی ساڵی ١٩٧٩ ەوە تۆختر دەبێتەوە. پیاوانی دینیە وەھابییەکان نەک تەنھا مزگەوتەکان و فێرگە دینییەکانیان دەخرێتە لەژێردەست، بەڵکو دادگاکان و سیستمی خوێندن و فێربوون، سانسۆری میدیا و نووسین و بڵاوکردنەوەشیان پێدەدرێت، ئەمە جگە لە سانسۆری ژیانی گشتیی و دامەزراندنی پۆلیسی دینیی کە ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە بە گشتیی و چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی ئافرەت لە کۆمەڵگادا، چاودێریکردوە. بە ھۆی ئەم دابەشکردنەی دەسەڵاتەوە بنەماڵەی ئال سعود وەک بنەماڵەیەکی دینیی و دەسەڵاتەکەیان وەک دەسەڵاتێکی دینی دەرناکەوێت، ئەوان نوێنەری سیاسیی وڵاتەکەن، وەھابیزمیش نوێنەری دەسەڵاتی دینییە لە وڵاتەکەدا. بە مانایەک لە ماناکان دابەشکردنی ئەم دوو دەسەڵاتە بەسەر دوو گروپی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا بووە. ڕاگرتنی ئەم ھاوکێشەیە لە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیدا بنەمای ئیشکردنی ئەو سیستمەیە لە سعودیەدا سەروەربووە. بەڵام لە ساڵانی نەوەد بەدوا، بنەماڵەی ئال سعود و لەگەڵیدا دەسەڵاتی سیاسیی لەو وڵاتەدا بەھێزتر و فراوانتر دەبێت، تا ئەو شوێنەی بتوانن ھەنگاو بە ھەنگاو سنوور بۆ دەسەڵاتی دینیی لە وڵاتەکەدا، دابنێنن و کاریگەرییەکانی لەناو ژیانی گشتیدا کەمتربکەنەوە. ئەمە ھاوشان بە دروستبوونی بزاوتی ژنان و دروستبوونی ھێز و کەسایەتیی و میدیای لیبرال لە سعودیەدا. ئەم دۆخە لەمڕۆدا بەو خاڵەدەگات کەسێکی وەک محمەد بن سەلمان بە بڕیارێک سەپاندنی پۆشینی بەزۆری حیجاب لە وڵاتەکەدا پەکبخات و ئافرەتان مافی ھەڵبژاردن یان ھەڵنەبژاردنی حیجابیان بۆ بگەڕێتەوە. ھەروەھا دەسەڵاتی پۆلیسی دین و پیاوانی دین و دەزگا دینییەکانیش، تا ڕادەیەکی زۆر، سنوورداربکات، ھەروەھا بەرنامەی ڕیفۆرمکردنی دینیی و سنووردارکردنی وەھابیزم، لە وڵاتەکەدا بسەپێنێت. لەباتی ئەوەی دەسەڵاتی دینیی وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، لە پاڵ دەسەڵاتی سیاسیدا ئامادەبێت، دەسەڵاتێک بێت لەژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سیاسیدا. ئەم دۆخەش ھەم ئازادییەکی زیاتر بە دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتەکەدا دەبەخشێت، کە بێگومان دەسەڵاتێکی دەسەڵاتگەری خێزنیی و بنەماڵەییە، ھەم بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە لە سانسۆر و دەسەڵاتی وەھابیزم و دەزگاکانی ئازادببێت. کۆمەڵگای سعودی خۆیشی، بە بەراورد بە کۆمەڵگای میسری، کەمتر دیندار و زیاتر ڕوو لە عەلمانیەتە. ھۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژ، دەسەڵاتی دینیی لە سعودیەدا، بە ھاوکاریی دەسەڵاتی سیاسیی، جۆرێکی تایبەت لە دینداریی بەزۆر بەسەر ھەمواندا سەپاندوە و دینی کردوە بە سانسۆرێکی بەربڵاو بەسەر ژیانەوە. ھەموو دیندارییەکی سەپێنراویش بەردەوام کاردانەوەی پێچەوانە، دژ بەو دیندارییە بەرھەمدەھێنێت.
ھەرچی دۆخی کۆمەڵگای ئێرانیی و دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئێراندایە، تەواو جیاوازە لەوەی لە میسر و سعودیەدا ھەیە و ئامادەیە. لە ئێراندا دەوڵەت دەوڵەتێکی دینییە و ئەوەی حوکمڕانە عەقڵیەت و دەزگا و میکانیزمەکانی تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“ کە خومەینی داھێنەرەکەیتی. لە ئێراندا شوناسی دەوڵەت و شوناسی حوکمڕانەکان، بە پێچەوانەی میسر و سعودیەوە، لەسەر دین دروستبووە، دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیی بە توندیی بەناویەکداچوون و دەسەڵاتی ڕەھبەری وڵاتەکە، کە دەسەڵاتێکی دینییە، لەسەروی ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە و لەھەموویان بەھێزترە. دەوڵەت لە ئێراندا فۆرمێکی تایبەت لە دینداریی بەسەر کۆمەڵگای ئێرانیدا دەسەپێنێت و بەشێکی گەورەی شەرعیەتی دەسەڵاتی دەوڵەت خۆیشی، لەو سەپاندنەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەمە وایکردوە کۆمەڵگای ئێرانی، کە لە بەشێکی زۆری چل ساڵی ڕابردوودا لەدۆخی بەرگرییکردنێکی بەردەوامدابووە بەرامبەر بەو مۆدێلە تایبەتەی حوکمڕانیی، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی عەلمانیی ھەم دژ بەو دەوڵەتە دینییە و ھەم دژ بەو فۆرمە لە دینداریی سەپێندراو. ئەمە وادەکات یاخیبونەکانی ئەمڕۆکەی ئێران ڕەھەندێکی دژەدینیی گرنگ و بەھێزی ھەبێت و فڕێدانی حیجاب لەناویدا بگۆڕێت بۆ یەکێک لە کردە و سیمبۆڵە ھەرە سەرەکییەکانی یاخیبوون لەو وڵاتەدا. دروستبوونی شوناسی دەوڵەت و شوناسی حوکمڕانان لەسەر دین، وا دەکات، ئێران نەتوانێت وەک سعودیە، بە ئاسانی بڕیاری بە ئیختیارکردنی حیجاب بدات. یان بڕیاری کەمکردنەوە، یان پەراوێزخستنی دەسەڵاتی ئەو دەزگا دینییە پۆلیسیانە بدات، کە سانسۆری چۆنیەتی دەرکەوتن و جوڵەی لەشی ئێرانییەکان لە ژیانی گشتیدا دەکەن. ھەموو دەسکاریکردنێکی چۆنیەتی دەرکەوتنی لەشی دینیی لە ئێراندا کێشەی گەورە بۆ کۆی تیورە و سیستمی ویلایەتی فەقیە دروستدەکات، لە کاتێکدا ئەم دۆخە نە لە میسر و نە لە سعودیەدا بوونی نییە. یاخیبوونەکانی ئەمڕۆکەی ئێران خواستی گۆڕانی سەرجەمی سیستمی حوکمڕانییەکەیان ھەیە، شەپازلەیەکی ھێجگار گەورەشە لە ڕوخساری ھەر دەسەڵاتێکی سیاسیی شوناسەکەی لەسەر دین دروستبکات و جۆرێکی تایبەتی لە دیندارییش بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت. بێگومان شەپازلەیەکی گەورەشە لە ڕوخساری ھەر دەسەڵاتێک ڕێزی مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خەڵکی ناو کۆمەڵگاکە و ڕێزی ئازادییە بنەڕتییەکانیان، نەگرێت.
بە کورتییەکەی، میسر و سعودیە و ئێران سێ مۆدێلی جیاوازی حوکمڕانیی دەسەڵاتگەر و ئەوتۆریتێرن، جیانەکردنەوەیان لەیەکتری ڕێگرە لەبەردەم تێگەیشتن لە ھەریەکێکیان.