كەرتی پەروەردە، فەوزای مامۆستایانی میلاك و قەیرانی وانەبێژان
2022-09-25 17:16:37
ئەحمەد محمود
لەسەروبەندی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندنین ساڵی (2022 – 2023) ، وەزارەتی پەروەردە هەفتانە و ڕۆژانە بڕیار و ڕاسپاردە دەردەكەن بەمەبەستی ڕێكخستنی دەوام و ساڵنامەی خوێندن بڵاو دەكەنەوە و پەیام بۆ كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان دەنێرن بەمەبەستی خۆئامادەكردن ، هەر لە چوارچێوەی ئەم كارەشدا لەسەر بنەمای ڕێكخستنەوەی میلاكی قوتابخانەو خوێندنگاكان لەسەر ئاستی پەروەردەكان ساڵانە فۆرمی وانەبێژی دابەش دەكرێت.
لە پرۆسەی دانانی وانەبێژ تاكە پێوەرێك كە ڕەچاو دەكرێت بریتیە لەوەی پێویستە كەسی پێشكەشكار دەرچووی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بونیاد و پەیمانگا پەروەردەییەكان بێت و ئیتر بەبێ ئامادەكردنێكی پێشوەختەو بینینی خول و سیمینار دەست بەجێ فەرمانی بۆ دەردەكەن و لە قوتابخانەیەكدا وەكو كادری پەروەردەیی دەیان وانەی پێدەدەرێت ، زۆربەی جاریش بەتایبەت لە شوێنە دوورەكان پۆلە هەستیارەكانی وەكو پۆلی یەكەم و نۆیەمی بنەرەتیی یان پێدەدرێت و هەندێك جاریش لە قوتابخانەیەك مامۆستای میلاكی نەبێت دەكرێن بە بەڕێوەبەر .
من وەكو سەرپەرشتیار كە بەریەككەوتنم لەگەڵ ئەم توێژە هەیە لە ناوەندەكانی خوێندن هەم لە سەردانەكانم وەكو هاوڕێی ڕەخنەگرو هەمیش وەكو هەڵسەنگێنەرەی دەرەكی هەست بە كێشەیەكی گەورە دەكەم سەبارەت بە وانەبێژان كە خۆی دەبینێتەوە
یەكەم: لاوازی و هەژاری لە ڕووی زانستی و پەروەردەیی و هونەری بەڕێوەبەردن و شێواز و ڕێگاكانی وانە ووتنەوە لەلایەن بەشێكی بەرچاو لەوانەبێژانەوە.
دووەم: هەمیشە ئەم توێژە بە دەروونێكی نا تەندروست و جۆرێك لە شڵەژاویەوە دەچنە ناوەندەكانی خوێندن و پۆلەكانیان ، چونكە مۆتەكەی ئەوەی (ئەوان وانەبێژن و ڕەنگە ڕۆژێك بێت بنێردرێنە ماڵەوە ) هەردەم بەسەر سەریانەوەیە و ئەو بڕە پارەیەیشی كە وەری دەگرن زۆر كەمە و بەشی بژێوییان ناكات .
هەرچی مامۆستایانی میلاكیشن زۆربەیان هاتونەتەوە ناو شارەكان و لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكانی ناوشار دەیان مامۆستای زیادە هەیە و وەكو پێویست ئەدای كاری خۆیان ناكەن
ئیتر لێرەوە بۆت دەردەكەوێت كە كەرتی پەروەردە لەچ قەیرانێكدایە و مناڵە چاوگەشەكانمان لەچ كەشێكی خراپی خوێندن و پەروەردەدان ، بەتایبەت لە شوێنە دوورەكانی وەكو قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان كە بەدەگمەن نەبێت مامۆستای میلاك بوونی نییە سەرەڕای ئەوەی كە بەشێكی بەرچاو لە مامۆستایانی میلاكیش هێشتا وەكو پێویست نین و ناتوانرێت پێناسەی كادری پەروەردەییان بەسەردا ببڕێت ..
لەسەر ئەم بنەمایە جێگەی خۆیەتی بپرسین:
یەكەم: وانەبێژێك بەبێ بوونی هیچ خولێكی پێشوەختەو پاش وەختە لەڕویی پەروەردەیی و هونەری وانە ووتنەوەو كارگێڕی و پێشینەیەكی وانە ووتنەوە دەكرێت وەكو كادری پەروەردەیی تەماشای بكرێت و مناڵ بخرێتە بەردەستی یاخود دەگونجێت بكرێتە بەڕێوەبەر ؟ .
دووەم: وەك دەزانن پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ قوتابخانەكان كە ساڵانە بەرێوەدەچێت لە ستانداردەكانی ژمارە (11، 12 ، 13 ) باس لە میتۆدو تەكنیكی هاوچەرخ و كارا و باس لەشارەزایی باشی مامۆستایان و ئاوێتە بوونی مامۆستایان دەكات لەگەڵ قوتابیان بەمەبەستی فێربوونی باش و پەروەردەیەكی پێشكەوتوو ، دەپرسم مامۆستایەكی وانە بێژ كە چەندین ساڵە خوێندنی تەواو كردووە و دابڕاوە لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و هیچ جۆرە خولێكی پێشوەختەشی بۆ ناكەیتەوە چۆن دەتوانێًت میتۆدی هاوچەرخ پیادەبكات و بەچەشنێك لەگەڵ قوتابیان ئاوێتە ببێت كە هێشتا شێوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ قوتابی و وانەووتنەوە بەباشی نازانێت ؟ ، یاخود مامۆستایەكی وانەبێژ بەدەرونێكی ناساز بەهۆی كەمی موچەكەی و بەهۆی ئەوەی كە هەمیشە لەبیری ئەوە دایە دەبێت رۆِژێك لەوانەبێژی لام نەدەن چۆن دەتوانێت میتۆدی هاوچەرخ پیادەبكات چۆن دەتوانێت ئاوێتە ببێت لەگەڵ قوتابیەكانی ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەر (25) ستانداردەكە باس لە بەرزكردنەوەی كوالێتی و پەروەردەو فێركردن دەكات ، ئایا ئەم كارە بە وانەبێژی لەو جۆرە دەكرێت ؟ .
سێهەم: لە ئێستادا ڕۆڵی سەرپەرشتیاران لەناو پرۆسەی پەروەردەو فێركردن وەكو پێویست نی یە و لاواز كراوە هەم لە ڕووی ڕێكخستنەوەی میلاكات و هەم لە ڕووی سەردانەكانیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن و هەمیش لە ڕووی كردنەوەی خول و سیمنار ، دەپرسم كاتی ئەوە نەهاتووە ڕۆڵ بۆ ئەم توێژە بگەڕێنرێتەوە كە زۆرترین بەریەك كەوتنی لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن هەیە تا بتوانن قەیرانەكانی پەروەردە ئەگەر بنەبڕیشی نەكەن كەمی بكەنەوە ؟ .
چوارەم: ئایا دەكرێت لەناو شارەكان دەیان قوتابخانە دەیان مامۆستای زیادەیان هەبێت و لە دەرەوەی شارەكانیش دەیان قوتابخانە هەبێت بەبێ مامۆستای میلاك ؟ ئیدی كاتی ئەوە نەهاتووە پەروەردە پێداچوونەوە بەڕێكخستنەوەی میلاكاتدا بكاتەوەو میكانزمێك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم حاڵەتە بەبێ ئەوەی ستەم لەو مامۆستایانە بكرێت كە خزمەتیان زۆرە ؟.
پێنجەم: ئەم حاڵەتە ئەو وێنەیەمان لەبەرچاو ڕۆشن ناكات كە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێكخستنی میلاكات دا پلانێكی تۆكمە و تەواوی نییە ؟ ، ئایا بەبڵاوكردنەوەی ساڵنامەی خوێندن و ڕاسپاردە كارەكە تەواو دەبێت ؟ ، یانی چۆن دەكرێت قوتابخانە هەبێت یەك مامۆستای میلاكی تیا نەبێت وانە بێژەكانیش ئەزموونێكی ئەوتۆیان نەبێت ؟ . یاخود چۆن دەكرێت بەڕێوەبردنی قوتابخانە بدرێت بە وانەبێژێك كە ئەزمونێكی ئەوتۆی نییە ، لەكاتێكدا بە پێی سیستەمی (برتش كانسڵ) بەرێوەبەر دەسەڵاتەكانی تا ئەندازەیەكی زۆر زیادی كردووە و بەرپرسە لە دەزگایەكی خوێندن بەتەواوی بەشەكانیەوە .
لێرەوە پێشنیار دەكەم بۆ وەزارەتی پەروەردە تاكو زیاتر كەرتی پەروەردە بەرەو ئاقارێكی نادیار هەنگاو نەنێت و ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵتر نەبێتەوە كار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بكات:
1. ساڵانە خولی پێویست بۆ مامۆستایان بەگشتی ومامۆستای وانە بێژ بەتایبەت بكرێتەوەو ئامادەبكرێن و پاشان ڕەوانەی ناوەندەكانی خوێندن بكرێن ، دەكرێت سود لەكاتی پشووەكان وەربگیرێت بۆ ئەم مەبەستە.
2. مامۆستایانی وانەبێژ لانی كەمی بكرێنە گرێ بەست ئەگەر داشیان نامەزرێنن هەروەها خزمەتیان بكرێت و پێبگەیەندرێن تاكو ببنە كادری پەروەردەیی چالاك و بەهێز و چیدی لە دڵە ڕاوكێدا نەمێننەوەو بە دەروونێكی تەندروستەوە بچەنە ناو پۆلەكانیان .
3. ئەو فەوزایەی كە لە میلاكی زیادە لەناوەندەكانی خوێندن بەدی دەكرێت بە تایبەت لەناوەندی قەزاكان و سەنتەری شارەكان بە میكانزمێكی گونجاو چارەسەر بكرێت و ڕەچاوی عەدالەت بكریت لەكاتی ڕێكخستنەوەیان ، ئەویش بە پێدانی بڕێك پارەی مانگانە بە ناوی هاندان بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەی خزمەتی دەرەوەیان تەواوكردووەو ئامادەییان تیایە جارێكی تر لە شێوینە دوورەكان درێژە بە پیشەكەیان بدەن .
4. یەكەكانی سەرپەرشتیكردن و سەرپەشتیاران دەست واڵابكرێن كە زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەناو پرۆسەی خوێندن بە كردنەوەی خول و وانەی نمونەیی و سیمینارو سەردانی چڕوپڕی پێویست بەتایبەت لە بواری پسپۆریی یە جیاوازەكان ، كە ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی دارایی باش هەیە لە ئێستادا وەزارەت پاڵپشتیەكی دارایی ئەوتۆی نییە بۆ ئەم مەبەستە .
5. پێویستە شێوازی سەرپەرشتیكردن كەلە ئێستادا لەچوارچێوەی پرۆژەی بونیادنانی تواناكاندا (بریتش كانسڵ)كاری پێدەكرێت و بە هاوڕێی ڕەخنەگر ناسێنراوە پیاچوونەوەی بۆ بكرێت ، چونكە لەم پرۆسەیە تا ئەندازەیەك بابەتی پسپۆری و سەردانی سەرپەرشتیار وەكو پسپۆری تیایدا بوونی نییە .
لەكۆتاییدا ئەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم هەرچەندە لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هەوڵێك هەیە بۆ بەهێزكردنی مامۆستایان بەمیلاك و وانەبێژەوە لەناوەندەكانی خوێندن كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كۆمەڵێك مامۆستا خولیان پێ ببینرێت و ئامادە بكرێن و بكرێنە ڕاهێنەر و بنێردرێنە ناو قوتابخانەكان خول و سیمینار بە مامۆستایان بڵێنەوە لەسەر شێوازەكانی وانەووتنەوە ، لەگەڵ ئەوەی ئەمە خۆی بۆخۆی هەنگاوێكی باشە بەڵام بێ كێشە نییەو كۆمەڵێك پرسیار لەلامان دروست دەكات كە بریتیە لە:
یەكەم: پێوەر چییە بۆ دەست نیشانكردنی ئەو كەسانەی كە ئەم كارەیان پێدەسپێردرێت چونكە من پرسیم لە كەسێكی پەیوەندیدار بەم كارە لەوەڵامدا ووتی پێوەری سەرەكی حەزی كەسەكەیە ، وە ووتی داواكراوە لەبڕێوەبەری پەروەردەكانی قەزا ناو بنێرن ، دەپرسم: ئایا تەنها حەزی كەسەكە دەكرێت ببێتە پێوەر؟ ، یان بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا لەسەر چ بنەمایەك ناو دەنێرێت ؟.
دووەم: ئەم جۆرە كەسانە بە چ ناونیشان و عنوانێك دەنێردرێنە ناوەندەكانی خوێندن ؟ ، ئایا لەگەڵ كاری سەرپەرشتیاران جۆرێك لە ( تەزاروب )لێك كەوتن دروست ناكات ، ئەوسا رۆڵی سەرپەرشتیار چییە؟
سیهەم: ئایا تەنها شێوازەكانی وانە ووتنەوە بەسە بۆ ئەوەی مامۆستایان بەهێز بكرێن؟ ئەی پسپۆری لە كۆێی بابەتەكەدایە ؟ واتە لە دەست نیشانكردنی ئەم كاسانە تا چ ئەندازەیەك ڕەچاوی پسپۆرییە جیاوازەكان كراوە ؟