ژینا ئەمینی و توندوتیژی خیزانی
2022-09-25 07:03:41
ئارام سهعید
لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی هەرێمی کوردستان تەواو خرۆشاوە نەک بەمەرگی ئەو بەڵکو بە خۆخڵافاندن و گفتوگۆی هەمەلایەنەی مەسەلەی لەچک و پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خیزان و ئافرەت، ئالەم دۆخەدا کە جیهان سەرقاڵی کەیسەکەی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانیەتی لەسەر ئاستی ئیران و دونیا لەم هەرێمەی خۆمان لەباشور یاسایەکیان هێنایە پارلەمان و داوایان پێشکەشکرد بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی پارلەمان و دۆخەکەیان خرۆشاند.
لەکاتێکدا ئەوانەی یاساکەیان پێشنیارکردووە بۆ گفتوگۆو خۆیان بەنوێنەری خەڵک دەزانن خۆیان دژی وەستانەوەو بەشێوەیەک مرۆڤ لەلای تێکەڵ دەبێت کێ عیلمانییەو کێ ئیسلامییە، هەموو فراکسیۆنەکان بەیاننامە دەردەکەن و دژن، هەمویان دەڵێن نابێت یاسایەک دەربچێت دژی شەریعەت بێت، کەواتە بۆهاتە بەرباس ولێکۆڵینەوە؟ لەکاتێکدا چەندین رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و یاساناس پێی راگەیاندون ئەو مەسەلەیە کاتی نییە. سەرەڕای ئەوەی هەرێم دەرگیری دەیان قەیرانی قووڵ و مەینەتییە...
لەکاتێکدا زۆر لە سیاسییەکان دڵنەوایی خانەوادەی ژینا ئەمینی دەدەنەوەو بێدەنگن لەوهەموو ژن کوشتنەی هەرێمی کوردستان، یان بەرگری لە خاتوو ژینا دەکەن و دەسەڵاتیان هەبێت هەموو باشور دەکەن بە لەچک بەسەر.
بەدیوێکی تردا بۆ پشتگیری لە ژینا ئەمینی جگە لە رۆژهەڵات تاران و شارە گەورەکانی تر خرۆشاوەو هەندێک دەیانەوێت بیکەنە دەستکەوتی کوردایەتی بێ ئاگا لەوەی ئەم هەژانەی ئێران بەتەنها لەچک نییەو تەنها کورد نییە کە خۆپیشاندان دەکات، زۆر لەوە گەورەترەو مەسەلەکە ئازادییەو دۆخی سەختی ئابوری خەڵکەو پەیوەندی بەکۆی ئێرانەوە هەیەو خاتوو ژینا بووە سیمبولی ئەو بزوتنەوەیە. ئایا لە مێژوماندا لەبەغدا خۆپیشاندانێک کراوە بۆ پشتگیری یان هاوسۆزی لە ژنێک یان پێاویکی کورد کە غەدریکی لێ کرابێت؟
خویندنەوەی دروست ئەوەیە دوور لەبانگەشەی هەڵبژاردن هەر هێزو لایەنێک بە راشکاوی بۆچونی خۆی بخاتەڕوو نەک ئەوەی بەناوی دینەوە هێرش بکەیتە سەر چالاکوانانی ژنان و جوڵانەوەکەی ئێران بە دژی ئیسلام لەقەڵەمی بەیت و لەولاشەوە فرمیسک بۆ ژینا خانم بڕێژیت، یان بەناوی عیلمانیەتەوە بەرگری سەرسەختانە بکەیت لە بۆچونی ئیسلامییەکان و لەژێرەوە دژی راو بۆچونەکانیان بیت، بۆئەوەی دروست لەو دۆخە تێبگەین دەبێت چیتر سیاسییەکان درۆ نەکەن و ئەوەی بڕواو بۆچونیانە راشکاوانە بیڵێن. ئەوەش لەئێستادا مەحاڵە چونکە وتنی حەقیقەت لە سیاسەتدا گەلێک سەختە..