قۆناخ و سەردەمێکی بێ ئاراستە
2022-09-15 06:52:06
بەهرە حەمەرەش
ئەمڕۆ جیهان بە گشتی و کورد بە تایبەتی، لە قۆناخ و سەدەمێکدا دەژین، کە لە قۆناخەکانی پێشتر زۆر جیاواز ترن، کە خەڵکی دابەشکردووەتە سەر دووبەرەی تەواو. بەرەی یەکەم داکۆکیکار و دەست بە نەریت و بەهاکانی قۆناخی پێشترەوە دەگرن و بەرەی دووەم هەڵگری ئەو ئایدیایەن، کە تەکنەلۆژیا دروستی کردووە، کە زۆر بە بێ ناونیشان و بە بێ ئاراستەن.
پەنجەرە و کەناڵەکانی تەکنەلۆژیا، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە گەورە و بچوکی سەرقاڵکردووە بە راددەیەک، کە گەنجان بەهۆی ئالودەبوون پێیانەوە بێکار و تەمبەڵبوون. شەویان کردووەتە رۆژ و رۆژیان بۆ نوستن تەرخان کردووە. بەشێک لە گەورە ساڵانیشی گەیاندووەتە ئاستێک گەڕاندوویەتییەوە بۆ قۆناخی هەرزەکاری. ئەم هەموو کەناڵە بێ سانسۆرە، گەڕەلاوژەیەکی دروستکردووە، کە نەک پەروەردەی منداڵ و گەنجانی ئەستەم کردووە، خەریکە ئاراستەی پێگەیشتوانیش دەگۆڕێ بە ژیان و رۆژانێکی بێهودە و بێ ئامانج!
لەم قۆناخەدا، هەرکەس لە ماڵی خۆی، خۆی بە داهێنەر دەزانێت، چونکە لایک و کۆمێنت بوونەتە پێوەری گرنگی کەسەکان. سەرلێشیواوی گەیشتووەتە ئاستێک، مرۆڤەکان ئاستی خۆیان لە بیر دەکەن هەموان پێیانوایە رابەر و کاریزمان، ئەوەش وایکردووە، کە رۆڵی پەروەدە لە خێزان، رێکخراو، سەندیکا و کەسانی خاوەن فکر وەربگیرێتەوە. ئیتر وەک ئەنجام، کۆمەڵگە لە ناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و رێ و شوێنی ئاراستەکردنی نامێنێت.
لەگەڵ ئەم سەرلێشێواویە لە ناو کۆمەڵ و خێزان، کێشە و ناکۆکی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر خراپ و نزم، رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بەرەو کۆمەڵێک دیاردەی زۆر ناشیرین بۆ هێرشکردن و ناوزڕاندن لە سەر ئاستی گروپ، تاک و کۆمەڵگە لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە پەخش دەکرێت، ئاستی ناکۆکی لە رکەبەرایەتییەوە، چووەتە ئاستی دژایەتی. بەداخەوە وزەیەکی زۆر گەورە، لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دژی دەسەڵات خەرج دەکرێت، هەروەها دەسەڵاتیش وزەیەکی زۆر گەورە بۆ دژایەتی بەرامبەر بەکاردەهێنێت. بەپێی تەمەنی ئەم ناکۆکییە، هیچ لایەنێکی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، سودمەند نەبوون لەمجۆرە شەڕە، بەڵکو ئەمجۆرە ململانێیە لە ئەنجامدا دەکەوێتە زەرەرمەندی میللەت و خزمەتی داگیرکاران.
لە ناو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا، پێویستە لایەنی سێیەم دروست ببێت، کە رۆشنبیران و کەسانی خاوەن ئینتیما لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەست بە بەپرسیارێتی خۆیان بکەن و لە جیاتی چوونە سەنگەری ئەم شەڕە بێهودەیە، هەوڵێک بۆ خاوکردنەوە یان ئاشتبوونەوەی گشتی کۆمەڵایەتی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان بنرێت. راستە لە سەر ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو، رکابەری لە نێوان دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن هەیە، بەڵام خەڵکی ئەوان هوشیارە و رێگەنادەن ئەم رکابەرییە بچێتە، ئاستی دژایەتی و زیاندان لە بەرژەوەندی گشتی و دروستبوونی مەترسی لە سەر خەڵک و خاکیان. هاوکات وزە و پارەیەکی زۆر لە سەر حسابی خەڵک لەم شەڕەدا بە هەدەر دەدرێت.
بێگومان دەبێت هەموومان ئەوە بزانین، کە رەوشی کورد زۆر لە میللەتانی تر جیاوازە، چونکە لەوانەیە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەمێنێ، ئەم ئەزمونەش لە ناو بچێت. دیارە کورد دەوڵەت نین، کەواتە دەبێت هەموومان، کە رەخنە و تێبینیمان لە سەر بەڕێوەبردنی هەر بوارێکی حوکمڕانی لە سەر دەسەڵات لە کوردستانی باشور هەبێت. دەبێ شێوازێکی عەقڵانی و نەرم بەکاربهێنێن، چونکە ئەم دیالۆگە رەقە رەنگ و رەنگدانەوەی رەقی دەبێت لە ئەنجامدا دەبێتە خەباتێکی بێ بەرهەم.
راستە کورد تەمەن و ئەزمونی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی کەمە، بەڵام دەکرێت لەم بارەدا سود لە ئەزمونی خەڵکی تر وەربگرین، کە چۆن ئێمە بتوانین لەم رەوشە ئاڵۆزەدا بەرەو ئاقارێکی هێمنتر و ئارامتر بچین.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، دەبێ هەموومان گوێ لە دەنگی عەقڵ بگرین، چونکە تەنیا لە ئەنجامدا، ئەمڕۆ یان سبەینێ دەبێ هەر بۆ دەنگی عەقڵ بگەڕێینەوە.