Draw Media

حزب و حوكمڕانيی مفتەخۆر

حزب و حوكمڕانيی مفتەخۆر

2022-09-14 20:27:05


سەرتیپ جەوهەر
دەوڵەتی ئابوری مفتەخۆر (رەیعی) بەو وڵاتانە دەگوترێت كە ئابورییەكەیان پشت بەهەناردەكردنی كاڵایەك یان چەند كاڵایەكی دیاریكراو دەبەستێت، داهاتەكەیشی دەگەڕێتەوە بۆ كەمینەیەكی زۆر دیاریكراو و ئەو داهاتە لەخزمەت خۆیان بەكاردەهێنن.
لەو جۆرە سیستمەی حوكمڕانی، داهات و پارەی دەوڵەت یان (حزب) لەدەستی كەمینەیەكی زۆر دیاریكراوی حوكمڕانانە. وەك وڵاتانی سعودیەو قەتەرو كوێت و ئیمارات و تەنانەت عیراقیش بەهەمانشێوە زیاتر لە 90% داهاتیلت لەفرۆشتنی نەوت و گاز سەرچاوەی گرتووە. حوكمڕانان بەشێك لەوپارەیە لەموچەو دامودەزگاكانی خەرج دەكەن، لەبەرامبەردا ئیرادەی بڕیاردانی دەوڵەت و رایگشتیی هاوڵاتیان كۆنترۆڵ دەكەن، چونكە بژێوی و ژیانی خەڵك لەژێر ركێفی ئەوانەوەیە.
لەو سیستمە حوكمڕانیە، بەشێوەیەكی گشتیی ئازادی و دیموكراسی و، رای گشتیی گەلێك لاوازەو دامەزراوەكانی دەوڵەت بێ ئەرزشن. بەشێوەیەكی گشتیی سیستمەكان دیكتاتۆریین. لەو جۆرە سیستمانە هاوڵاتیان بەشدارنین لەبەخێوكردنی دەوڵەت، یان پارەداركردنی خەزینەی دەوڵەت، بەڵكو دەوڵەت پارەیەكی مفتی لەفرۆشتنی كاڵایەكی دیاریكراو وەك نەوت دەستدەكەوێت. 
لەكوردستان نەك تەنها حكومەت یان حوكمڕانیی، بەڵكو حزبە حوكمڕانەكانیش رەیعی و موفتەخۆرن. لەهەرێم گەلێك زەحمەتە بتوانی حزب و حكومەت لەیەكتر جیابكەیتەوە. حزب واتە حكومەت (بەمانا فراوانەكەی) و حكومەتیش یعنی حزب. حزب رۆچۆتە ناو هەناوی حوكمڕانیی و دەتوانین بڵێین حكومەت وەك ئۆرگانێكی حزب مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و حزب كاریگەرییەكی گەورەی بەسەر حكومەتەوە هەیە.
لەكوردستان سەرچاوەكانی دارایی و موقەدەراتی خەڵك لەژێر ركێفی حزبدایە، هەر حزبە خەڵك لەدامەزراوەكانی دەوڵەت دادەمەزرێنێت و موچەیان بۆ دەبڕێتەوە، حزب خۆیشی خاوەنی هەزاران موچەخۆری تایبەتی خۆیەتی. سەركردایەتی و كادرانی حزب، لەبری وەزیفەیان حزبیی، موچەخۆر حزبن.
لێكەوتەی بەموچەخۆركردنی سەركردایەتی و كادرانی حزب تەنها لەپێدانی موچە بەكەمینەیەكی دیاریكراو ناوەستێت، بەڵكو لێكەوتەكەی بەرهەمهێنانی سەركردایەتی و كادری بێ ئیرادەو دەستەمۆیە كە ئیرادەو ئازادەیان لەلایەن بڕیاربەدەستانی حزب زەوتكراو دەبێت. هیچ رۆڵیان نابێت لە داڕشتنی نەخشەڕێ و سیاسەت و كاروباری ژیانی حزبایەتی. لەم جۆرە حزبە، موچەو پێدانی ئیمتیازو پلەو پۆست بەدەست بڕیاربەدەستانی حزبە، هاوكات بۆ پێدانی پۆست و ئیمتیاز جگە لەوەلائی شەخسی و دەستەگەریی هیچ پێوەرێكی دیكە نییە بۆ هەڵسەنگاندن، بۆیە لەم جۆرە حزبانە سەركردایەتی و كادرانی حزب، ملكەچی بارودۆخێكن كە تێدا ئیرادەو ئازادیان لێ‌ زەوتكراوە، یاخود لاوازە.
هەریەكە لەیەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی مفتەخۆرن بۆیە دەبینین سەركردایەتی و كادرانی حزب رۆڵیان لەبڕیاردان و نەخشەڕێی كاركردنی حزبدا نییە، یاخود گەلێك لاوازە. سەبارەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، ماوەیەك بوو لەمیدیاكان رەخنە لەو حزبە دەگیرا كە نەك سەركردایەتیەكەی رۆڵی نییە لەبڕیاردان، بگرە كۆبونەوەشیان  پێناكەن. 
سەبارەت بەیەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەتوانین بڵێن رووداوەكانی ئەم دواییە ئەو راستیانەی دەرخست كە ئەم مفتەخۆرییە سەركردایەتی و كادرانی دەستەمۆو بێ‌ ئیرادەو ئەرزش كردووە. دەبینین لەرووداوەكانی 8ی تەمموز، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی نەیانتوانی هیچ رۆڵێك بگێڕن (جگە لە چەند كەسێك) تەنانەت كادرانی خوارتریش نەیانتوانی رۆڵ بگێڕن یان كاریگەری دروستبكەن یان لانیكەم قسەیەكی جددی سەبارەت بەرووداوەكەو لێكەوتەكانی بكەن! چونكە ئەو سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیەی هەیە، دەستەی بڕیاردانی حزب نین، بەڵكو رۆڵی دەربار دەبینن، باشترین بەڵگەش ئەوە ساڵێكە زنجیرەیەكی دووروو درێژ لەبڕیاردان و گۆڕان لەناو یەكێتیی بەڕێوەدەچبَت بێئەوەی سەركردایەتی بەشداربێت لەبڕیاردان.
ئەو بارودۆخەی دروستبوو، ئەو بێدەنگییە، ئەو بێ‌ ئیرادەییە، توێژینەوەی مەوزوعی زانسیتی پێویستە. هەر بۆنمونە لەدەنگدانی 28 ئاب، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆكی و هەڵبژاردنی تاكە كاندید (بافڵ تاڵەبانی) وەك سەرۆك، بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی كە بەبەڵێ‌ دەنگیان بەبافڵ تاڵەبانیدابوو، دەستخۆشیان لەو چوار ئەندامە دەكرد كە دەنگیان بە(نەخێر) بە بافڵ تاڵەبانیی دابوو! ئەمە لەرووی لۆجیكیەوە ناكۆكە ناكرێت كەسێك بەبەڵێ‌ دەنگی دابێت، دەستخۆشی لەكەسێكی دیكە بكات كە بەنەخێر دەنگی داوە! ئەمە مانای ئەوەیە كە ئیمتیازو دەستكەوتی ماددی، ئیرادەی كەسەكان زەوت دەكات و ئەنجامەكەی ئەوە دەبێت كە بینیمان.
لەرووی ستراتیژییەوە دروستبوونی ئەو سەركردایەتیە، یان ئەو جۆرە كادرانە، زیانێكی گەورە بەحزب و سەرئەنجام بۆ كۆمەڵگا دەبێت، چونكە توانای بیناكردنی حزب و خستنەڕووی سەرنجی جددی و رەخنەی راشكاوانەیان نابێت، هەمیشە ترسی لەدەستدانی ئیمتیازو موچە رێگر دەبێت لەبیركردنەوەی دروست. ئەو سەركردایەتیە لەبری خاوەن بڕیاری حزب بن، دەبنە دەربارو رۆڵێكی ئەوتۆیان نابێت.
لەسەردەمی شاخ سەركردایەتی و كادران و فەرماندەكانی پێشمەرگە، كاریگەری زۆر گەورەیان هەبوو لەبڕیاردان، ئازادانە رەخنەیان دەگرت، ئیرادەیان بەهێزتربوو. چونكە ئیستحقاقی بەرگریی و گیانفیداییان هەبوو بۆ حزب، بەشداربوون لەقوربانیدان، بۆیە ئاسان نەبوو دەستەمۆ بكرێن، یاخود كەمینەیەك لەسەركردایەتی دەست بەسەر بڕیاری حزبدا بگرێت. 
هەر لەشاخ، دەیان جار مشتومڕی توند لەنێوان مامجەلال و كاك نەوشیروان و مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و تەنانەت فەرماندەكانیش دروستدەبوو، دەگەیشتە ئاستی لەیەكتر زویر بوون، چونكە ئیرادەو ئازادی سەركردایەتی و كادرو پێشمەرگە، لەژێر فشاری ئیمتیاز نەبوو، بۆیە بڕیارەكانی حزب، تەنها بڕیاری سكرتێر یاخود كەمینەیەكی دیاریكراوی سەرەوە نەبوو، بەڵكو 
بڕیاری هەمووان بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand