لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا چی ڕویدا؟
2022-09-13 07:09:14
دانا حهمهعهزیز
لەماوەی کەمتر لە دوو رۆژ دژە هێرش بۆسەر سوپای ڕوسیا لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا، دوێنێ سوپای ئۆکرانیا زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەتر دووجا خاکی وڵاتەکەیان ڕزگار کرد. لەم ناوچەیەدا سوپای ڕوسیا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هەرەسی هێنا، ئەوەی دەربازی بوو بەرەو ناو خاکی ڕوسیا هەڵهاتوە و زیاتر لە هەزار سەرباز و چەکداری موسلمانی چیچانی خۆیان بەدەستەوەداوە، ژمارەیەکی زۆر زرێپۆش و ئۆتۆمبێل و تۆپهاوێژی ڕوسیا بۆ سوپای ئۆکرانیا بەجێماوە، تەنانەت وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند کە یەکەیەکی سوپای ئۆکرانیاچونەتە ناو خاکی روسیاو لە شاری بۆڵگەیرۆد-ی ڕوسیا ئۆتۆمبێل و کەلوپەلیان بۆ ناو ئۆکرانیا گواستۆتەوە.
ڕوسیا شکستەکەی نەشاردۆتەوەو بە ئاشکرا دەڵێ یەك بە هەشت بووە، واتە هەر سەربازێکی ئۆکرانی بەرامبەر ٨ سەربازی روسی بووە لەم ناوچەیە، وەزارەتی بەرگری روسیا دەڵێ دوای ئەم شکستە سوپای ڕوسیا خۆی بۆ پاراستنی هەردوو هەرێمی لۆهانسك و دۆنیتسک-ی ئۆکرانیا ئامادە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەدەست ڕوسیاوەیە. هاوکات حکومەتی ڕوسیا داوای لە کارمەندو کرێکارانی کۆمپانیا دروستکردنی تانك کرد مۆڵەتەکانیان ڕابگرن و ٢٤ سەعات لەکاردابن بۆ بەرهەمهێنانی تانك چونکە ژمارەیەکی زۆر لە تانکەکانیان لە بەرەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا لەناوچوون. بەهۆی وردبینیی دژە تانك و دژە فڕۆکەی ئەمریکی و ئەوروپی بەدەست سوپای ئۆکرانیاوە، هێزی ئاسمانی و یەکەکانی زرێپۆشی ڕوسی ناکارا بوون.
کاردانەوەی ناوخۆی روسیا لەسەرداڕوخانی سوپای وڵاتەکەیان دوو جۆرە: روسەکان پوتین بەبێ ئامانج تاوانبار دەکەن کە جگە لە گۆشەگیرکردنی ڕوسیاو بە کوشتدانی هەزاران لە ڕۆڵەکانیان، سوپای روسیاشی بێ هەیبەت کردووە لەبەرامبەر وڵاتێکی وەك ئۆکرانیا کە تا ساڵی ٢٠١٤ هێزی چەکداری نەبووە. کاردانەوەی کەمینەکانی ناو کۆماری ڕوسیای فیدراڵ جیاوازە، ئەوان پێیان وایە ئەمە شەڕە بۆ باڵادەستی ڕوس بەسەر ئەوروپیەکانداو هیچ پەیوەندیەکی بە ئەوانەوە نیە کە خۆیان بە ناوی فیدراڵییەوە ژێردەستەی ڕوسن.
بەڵام ڕەمەزان ئەحمەد قادرۆڤ کە ڕوسیا چوار لیوای تایبەتی بە ناوی لەشکری موسوڵمانی چیچانەوە بۆ تەشکیل کردووە، ئەڵێ ئەم داڕوخانەی سوپای روسیای قەبوڵ نیەو ئەگەر ئەم داڕوخانە بەردەوام بێت، لەگەڵ سەرکردایەتی ڕوسیا قسەی خۆی دەبێت، پێرێ ژمارەیەکی باش لە لەشکری موسڵمانی چیچان لە شاری ئەیزم-ی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بە دیل گیران.