گەڕان بەدوای چارەسەردا
2022-09-12 11:01:42
زانا توفیق بەگ
قۆناغی چارەسەری سیاسی لە عێراقدا، پێویستی بە گوڕانکاری لە میتۆدی فیکری بەشێکی زۆری هێزە عەرەبیەکانی ناو دەسەڵاتی سیاسیدا هەیە. ئێستای عێراق بریتییە لە کەلاوەیەکی سیاسی و دەسەڵاتێکی ئیفلیجکراو، بەردەوام پلان داڕێژەری دروستکردنی بڕیاری سیاسی لەناو هەڕەمی دەسەڵاتی عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێ دەزگای هەواڵگریی دەرەکی. بۆیە لە ئێستادا ئەستەمە کۆمەڵگای عێراقی چاوەڕێی دروستکردنی بڕیارێکی هاوبەش لەکۆی هێزو دامەزراوە سیاسییەکان عێراقدا بکرێ.
ئایندەی عێراق ڕووبەڕووی ترسناکترین دۆخی سیاسی دەبێتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا، هاوشێوەی دۆخی وڵاتی لوبنان. چونکە هەر فیگەرێکی سیاسی لەناو کایەی دەسەڵاتدا خاوەنی ئیرادەو هێزێکی مەعنەوی و سیاسی خۆی نیە. بەتایبەتی ئەو هێزانەی سەرمایەی سیاسیان پەیوەندارە بە ئەجندای دەزگا هەواڵگرییەکانەوە. نمونەی ئەو هێزانە وەک چواڕچێوەی هاوئاهەنگی شیعەو ڕەوتی سەدر. هەندێ بۆچوونی سیاسی دەلێن ڕەوتی سەدر توانای بەردەوامی لەو ڕێکەوتنە سیاسییانەدا نیە چونکە هێزێکی نهێنی لەپێشت بڕیارە سیاسییەکانی ڕەوتی سەدرەوەیە هەر لەوڕوانگەیەوە خاوەنی بڕیارێکی سیاسی تۆکمە نین، لەگەڵ هیچ هێزێکی سیاسی تردا.
بەپێی هەندێ زانیاری دزەپێکراو لەناو ڕەوتی سەدردا نیازێکی شاراوە بەدی دەکرێت لەنێوان سەرۆکی ڕەوتەکەو هەندێ لە وڵاتانی کەنداودا بەتایبەتی هەردوو وڵاتی سعودیەو ئیماڕات و هەرجارەو یەکێک لەو وڵاتانە بەپێ بەرژەوندی خۆیان ڕێڕەوی سیاسی بۆ سەدرییەکان دیاری دەکەن. ئەمە گەورەترین فاکتەری سلبییە کە ناتوانی ستراتیژیەکی دیاری کراوی هەبێت لەگەل هاوپەیمانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام هەر جارەو گوتارێکی سیاسی جیاوازی هەیە. هێزە جیاوازەکانی تری شیعە وە بەشێک لە کورد لە ڕێگای کۆمەڵی ڕێکكەوتنی نهێنی لەگەڵ ئێراندا. بەهەمان شێوە ئاڕاستەی بڕیاری سیاسییان بۆ دیاری دەکرێ بەڵام بە میکانیزم و شێوازێکی تر، کێشەی سەرەکی ئەم میحوەرەی کوردو هێزەکانی شیعە بریتییە لە ناکۆکییەکانی ناوخۆی دەزگاکانی ئێراندا. بۆ نمونە بەشێک لە دیارکردنی ئاڕاستەی هاوکێشە سیاسییەکان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە دەستنیشان دەکرێ بەجیاوازلە بەشەکەی تری لە ڕێگای هێزەکانی پاسدارانەوەیە تا دەگات بە ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێران، ئەگەر بە وردی نمونەیەک بۆ ئەم ناکوکییە باس بکەین کاندیدکردنی سەرۆکی کۆماری عێراقە کە بەشێک لە دەزگاکانی ئێران پشتگیری دەکەن بەشەکەی تری دژی کاندیدکردنی بەر بژێرەکەی یەکێتین بۆیە ناکوکێکانی دهزگاکانی ئێران بەڕوونی لەسەر هێزەکانی شیعەو کورد زۆر بە ئاشکرای دیارە وە ناتوانرێ ستراتیژیەکی یەکگرتوو بۆ هاوپەیمانەکانی شیعەکان کورد لەلایەن ئێرانەوە دیاری بکرێ. چارەسەری دۆخی عێراق پابەندە بە کۆمەڵی ڕێکكەوتنی نێوان ئەمریکاو ڕوسیاو ئێران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و کێشەی سوریا، وا پێدەچێت ئیدارەی بایدن لە ڕێگەی ئەو دایشتنە نهێنیانەی ڤیهننا لە نەمسا ڕێگەی بە ئێران دابێ لە دەستنیشانکردنی چارەسەری کێشەکانی عێراق ڕوڵی سەرەکی ببینت بە واتایەکی تر پێشنیارەکانی ڕەوتی سەدر لەدوای کشانەوەی ڕەوتەکە لە کایەی سیاسیدا ناتوانێ ببێتە هێزی یەکلاکەرەوەی دۆخەکە، ئەم دیدگایە لە ئایندەیەکی نزیکدا لێکەوتەکانی بە ڕوونی دەبینێرێت واتا کلیلی چارەسەری دۆخی عێراق لە تاران دەبێ نەک لە حەنانە.