پاكسازیهكانی سهرۆكی یهكێتی
2022-09-11 08:32:42
ئەنوەر کەریم
گەندەڵی كردهیهكی کۆنەو لە مێژە مرۆڤایەتی كاری لهسهركردووه، بە هەموو بەهەداردانێکی سامانی گشتی کە لەلایەن کەسێکەوە لەهەر بوارێکی دارایی، کارگێڕی، ئیداری و تەندروستیداو هتد....پێیدەوترێت گەندەڵی بەپێی پێناسەی بانکی نێودەوڵەتی.
بە کورتی سەقامگیریی، گەشەکردن، خۆشگوزەرانیی دەتوانرێت بهێنرێتە دی ئەگەر بتوانرێت سیستەمێک دابڕژێت و كاری پێیكرێت، ڕێگە لە هەموو جۆرە بەهەدەردانێک بگرێت لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداری و كارگێڕیدا، گەندەڵی زۆرجۆری ههیه، هەر لە گەندەڵی دارایی و یاسای و کارگێڕی هەڵبژاردن و هتد..
لێرەدا باسی ئابوری ئەکەین چونکە ئابوریناسان لەو بڕوایەدان کە گەندەڵی 50 %ی ئابوری لەناوئەبات، ئەمەش وایکردووە گەندەڵکاران و بەرپرسان بەشی زۆری داهات ببەن خەڵکە زۆرەکەش زیانی گەورەیان پێبگات.
ئەوەی کە زۆر گرنگە کێشەی ئابورییە کە بەزمانێکی سادە خەڵک چۆن بتوانێت پاروە نانی خۆی پەیدا بکات لە دۆخێكی سەقامگیردا، لەکاتێکدا سەرۆکی یەکێتی بانگەوازی ئەوە ئەکات کە لە هەموو لایەکەوە سزا ئەدرێێت ناوچەکەی ژیردەسەڵاتی خۆی ناتوانێت خۆی بژێنێت. بەپێێ دەستوری عێراق و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمیش مافەکانی هاوڵاتیانی دیاریكراوه، کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە دەستهبەرکردنی شوێنی حەوانەوەو نیشتەجێبوون دابینكردنی دهرفهتی کارکردن کە بەلایەنی کەم هاوڵاتیان بتوانن بەسەربەرزی و کەرامەتەوە بژین، بەڵام لەکاتێکدا گەورە بەرپرسانی ئەم زۆنە کە زۆربەیان بە چەندین دۆنم زەوی یان چەندین پارچە زەوی داگیرکردووەو فرۆشتویەتی لە ڕێگای دەڵالە دزەکانیانەوە، بە ملێۆنان دۆلاریان کۆکردۆتەوە، بەهۆیەوە مافی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە خوراوە بەپێێ ئەم دەستورە، ئەوەی گرنگە کاتێک کە خێزانەکان ئەبن بە خاوەنی شوێنی ژیانی خۆیان لەوکاتەوە گەشەکردنی خێزان و کۆمەڵگا دەستپێدەکات و داهێنان و بازرگانی بەرەو پێشەوە ئەڕوات کە خێزانهکان بەبێ گرفت دەتوانن بیر بکەنەوەو منداڵەکانیان پەروەردەبکەن ئەوە بیرۆکەی (لی کوان یو) کە دامەزرێنەری دەوڵەتی سەنگاپورەیە، کە وڵاتەکەی لە جیهانی سێهەمەوە گۆڕی بۆ جیهانی یەکەم.
ئەوەی کە ئەبێت سەرنجی سەرۆکی یەکیتی نیشتمانی رابکێشیت، ئەو خەڵکە درۆزن و دوو ڕوانە بێت کە ئاڵاکەی یەکێتی نیشتمانی لە گەڵ وێنەیەکی (مام جلال) لە پشتی سەری خۆیانەوە داناوە لەژیر ئاڵاو وێنەکەدا بوون بەخاوەنی ملیونان دۆلار خەریکی داگیرکردن و خواردنی مافی هاوڵاتیانی وڵاتەکەن. ئەمەش نیشانەی خراپ بەڕیوەبردنی بەرپرسەکانی یەکێتییە کە چۆن ئەم ناوچەیان وێرانکردووە بۆیە ئەگەر سەرۆکی یەکێتی ئەیەوێت ئەم پاکسازیە بکات ئەبێت لە پێشەوە ئەم دزەگەورانە سزا بدات کە مافی هاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە ئەخۆن کە بەدەستورو یاساکانی هەرێم دیاریکراوە، چونکە (لی کوان یو) کە بە چامپێۆنی نەهێشتنی گەندەڵی و دامەزرێنەری دەوڵەتی (سەنگاپورە) دادهنرێت، لە وتە بەناوبانگەکەیدا ئەڵێت: (نەهێشتنی گەندەڵی وەک پاکردنەوەی قادرمە وایە ئەبێت له سەرەوە دەستپێبکەیت بۆ خوارەوە) بۆ ئەوەی بەتەواوی پاکبکرێتەوە، بۆیە ئەگەر دزە گەورەکان نەگیرێن ئەوا پڕۆسەی نە هێشتنی گەندەڵی و خواردنی مافی هاوڵاتیان هەربەردەوام ئەبیت هیچ چارەسەر نابێت، ئەو کاتە پەندەکەی ناوچەی گەرمیانمان دێنێتەوە یاد کە ئەڵێت: (ئەژدیها فیشکە فیشکیەتی بەڵام شەڕیەتی لەگەڵ مـارمێلکەیەکدا) هەروەها ئەو مافیانەی کە بەهۆی سەرانەوەرگرتنەوە وەبەرهێنەران و بازرگانانی ئەم شارەیان ڕاونا بونەتە هۆی بێزاری خەڵکی ناوچەکەو نەڕەخساندنی هەلی کارو ژمارەی بەتاڵە ڕۆژ بەڕۆژ زیادبکات و گەنجانی ناوچەکە وڵات بەجێبهێڵن، پێویستە سەرۆکی یەکێتی لێپرسینەوەی یاسایانەیان لەگەڵدا بکات، چونکە بەدەستورو یاساکانی هەرێم دەبێت مسۆگەرکردنی یەکسانی بۆ هەموو هاوڵاتیانی هەرێم بەرامبەر یاسا. ئەو دزانەی کە موڵکی گشتیان خواردەوە پیویستە لێیان وەربگیرێتەوە جارێکی تر دابەشبکرێتەوە بەشیوەیەکی دادپەروارانە بەسەر خەڵکی ناوچەکەداو سەروەت و سامەنەکەیان بگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، نەک خەزێنەی سەرۆکی یەکێتی، چونکە ئەوە موڵکی گشتییە، نەک موڵکی سەرۆکی یەکێتی، بکرێت بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا تا هەلی کار بڕەخسێنیت. بۆیە هەر بەپێی دەستوری عیراق و یاسا بەکاربەکارەنی هەرێم ئەبێت هەموو کەسێک بەرامبەر یاسا وەک یەک لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت ئەمەش مافی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، بۆیە بەرامبەر بە یاسا مافی هاوڵاتیان وەربگرەوە لە تاوانباران و مافیاکان بۆ خەڵکی ناوچەکە کە بەشخوراون لە هەموو شتێكدا.