ئەجێنداسازى نەيارەكانى هەرێم
2022-09-10 15:18:29
ئەنوەر حسێن (بازگر)
هاوكێشە سياسييەكانى ناوچەكەو جيهان، هێندە خێراو ئاڵۆزن، دەتوانن ئەوەى پێشبينيكراو نييە ڕووبدەن، ئاڵوگۆڕى وەها بخەنەوە، كە جگە لە ئەجێنداسازەكان زۆربەى وڵات و كۆمەڵگەكانى ناوچەكە لێى زەرەرمەند بێت.
ئەوەى لەو نێوانەدا دەتوانێت ڕێگرى بكات لەوەى، كە كەمترين زيانى بەربكەوێت، - كە زيانى هەر بەردەكەوێت و كاريگەرى نێگەتيڤ جێدەهێڵێت، بەڵام كەمتر- ، ئەوەيە كە دەوڵەت، يان هەرێم ڕوئيا، تێڕوانين و ستراتيژى خۆى هەبێت و ڕووداوەكان بخوێنێتەوەو تەشخيسى دروستى هەبێت بۆ ئەو ئەگەرو گريمانە حەتميانەى كە ڕوودەدەن.
زۆرترين ڕووداوە سياسييەكان، ئاڵوگۆڕەكان، كودەتا، داڕمانە ئابورييەكان، هەڵگيرسانى جەنگ، گرفتە خۆراكييەكان، لێدانى سەربازى، كردە هەواڵگرييەكان، ئەجێنداسازى پێشينەى زلهێزەكان و دەزگا هەواڵگرييەكانە.
پەيوەست بە هەرێمى كوردستانەوە، پلاسخارت مەسج و بۆچوونەكانى وادەردەخات، كە هەرێمى كوردستان لە بەردەم هێرش و پەلامارى عێراقدايە، بە ئەجێنداو نەخشەو ئاگادارى ئێران و توركيا، تاڕادەى لەناوبردنى ديفاكتۆيەتى هەرێم.
لەلايەكى ترەوە، توركيا بەئاشكرا هێرشدەكاتە سەر هەرێم و خەريكى وێرانسازييە بەناوى شەڕ دژى (پەكەكە)، كە زۆرتر بير لە داگيركارى چەند ناوچەيەكى باشور دەكاتەوە هاوشێوەى عەفرين و سەرێكانێ لە خۆرئاوا، كە ئەنكەرە نەخشەسازى ئەم داگيركارييانەيە لە (قوبرس، سوريا، ليبيا....هتد).
جيا لەوانە عێراق و هەرێمى كوردستان، كەوتونەتە ژێر هەڕەشە و مەترسى و هەژموونى دەزگا هەواڵگرييەكانى وڵاتانى ناوچەكە، بە وردى جوڵەو ڕووداوەكانى هەرێم شيدەكەنەوەو تەشخيسى دەدەن و ئەجێنداى ڕێگريى، ئاڵنگاريى، گرفت و قەيران تا ڕووخانى لەسەر بونياد دەنێن و كارى بۆ دەكەن.
هەفتەى جارێك بەبيانووى بوونى موساد، پەلامارى هەولێر دەدەن، كە ديارە ئامانجەكە شتێكى ترەو لەناو ئەو ئەجێنداو پيلانەدايە، كە دەزگا هەواڵگرييەكان بيست و چوار سەعات و بەردەوام كارى لەسەر دەكەن، بۆ كۆتاييهاتنى هەرێم.
ئەگەرچى لەلايەكى ترەوە، ئەمەريكا بەردەوام فشار دەكات، كە هەرێم دەبێت هێزى پێشمەرگەى يەكبخات و بەردەوام چەك و كەلوپەلى سەربازى دەبەخشێتە هەرێم، بەڵام هەرچى چۆنێك بێت لەنێوان سوكە دۆستايەتى ئەمەريكاو دژايەتى و نەيارييەتى وڵاتانى ناوچەكە، ئەوەى دووهەم گەورەترو مەترسيدارترەو ئەمەريكاش بەوە ناسراوە، كە دۆست و دوژمنى هەتا سەر نييەو لەوەش خراپتر زۆر زوو دۆستەكانى جێدەهێڵێت، ڕەنگە لە هەموو لايەك باشتر كورد ئەمە بزانێ، كە ئەمەريكا زۆرتر لە جارێك جێيهێشتوەو پشتى تێكردوە.
سەرەڕاى ئەم فاكتەرە دەرەكييانە، بارودۆخى گشتى هەرێم لە ناوخۆش هێندە باش نييەو ڕەنگە هەندێكجار ياريدەدەرى ئەجێنداو دەخالەت و پيلانگێڕى نەيارەكانى بێت.
چنينى ڕووداوگەلى مەترسيدارو گوماناوى زۆرو زەوەند لەناوچەكە بەڕێوەدەچن، كە لەناو ئەو پيلان و پلانە چنراوانە هەرێمى كوردستان، خاڵێكى سەر نەخشەى مێزى ئەجێنداسازەكان و نەيارەكانى كوردە، كە پێموانييە هەرێمى كوردستان زۆر ئاگادارى بێت و سەرى لێ دەربكات، ئيمكان و گريمانەى ڕووبەڕووبوونەوەى هەبێت.