دۆخی ئەمڕۆکەی عێراق: قەیرانی دەوڵەت وەک دەوڵەت

Draw Media

2022-08-30 11:24:41



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

پێدەچێت ھەنگاوە سەرەتاییەکانی جەنگێکی ناوخۆیی خوێناویی لە عێراقدا لەم ساتەدا کۆتاییپێھاتبێت، ئەو خەڵکە زۆر و گروپە چەکدارانەی لەسەر شەقامەکان بوون و لەزیاد لە شوێنێکدا بەریەکدەکەوتن، دوای قسەکانی موقتەدا سەدر خەریکن دەڕۆنەوە ماڵەکانیان. بەشێک لە پێکدادانەکان لەناو شوێنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەسەڵاتی حکومەتەدابوو، لەبەردەمی پەرلەمان و لەناو زیاد لە شوێنێکی ناوچەی سەوزدا، لە بەعدا. ئەو چەکانەش کە بەکاردەھێنرێن چەکی سوک و نیمچەقورسن، ژمارەیەکیش لە بەشداربووان کوژران  و برینداربوون. ئەوەشی لە ئێستادا بەرگوێمان دەکەوێت و دەیبیستین باسکردنی ھەموو لایەنەکانە، چ لایەنە ناوەکیی و چ لایەنە دەرەکییەکان، لە گرنگیی کۆتاییھێنان بەم دۆخە. ھەمووان ھاوار دەکەن پێویستە پەنا بۆ عەقڵ ببرێت و تفونگەکان بێدەنگبکرێن، لایەنەکان بەیەکەوە دابنیشن و کۆتایی بەم  بەریەککەوتنە توندوتیژە ناوخۆییە بھێنرێت.
گەر واز لەوە بھێنین کە بەشی ھەرەزۆری ئەم ھێزانە درۆدەکەن و قسەکانیان تەنھا بۆ داپۆشینی نیاز و خواستە داپۆشراوەکانیانە، گەر باز بەسەر درۆ یان ڕاستبوونی ئەو داواکارییانەدا بھێنین کە داوای کۆتاییھێنان بەم پێکدادانە چەکداریانە دەکەن، ھێشتا کۆمەڵێک کێشەی بونیادیی و قووڵ دەمێنێتەوە کە ئەم دۆخی جەنگە ناوخۆییەی دروستکردوە و بە ھەمیشەیشی دەکات.  کێشەی ژمارەیەکی ئەم دۆخە ئەوەیە لەباتی بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەتوانا و ھاوبەش کە توندوتیژیی مۆنۆپۆڵکردبێت، چەندان دەسەڵات و بکەری نادەوڵەتیی ھەن و کاردەکەن، کە ھەموویان نەک تەنھا خاوەنی ھێزی چەکداری تایبەت بە خۆیانن، بەڵکو توانای بەگژاچوونەوەی دەوڵەتیشیان ھەیە لەو کاتانەدا کە خۆیان ھەڵیدەبژێرن. ئەم ھێز و بکەرە نادەوڵەتییانە توانای دروستکردنی قەیران و بەگژاچوونەوەی چەکدارانەیان ھەیە، دەوڵەتن لە ناو دەوڵەتدا. 
دۆخی عێراق دۆخێکی دابەش و پارچەپارچە و داوەشاوە، پڕە لە ھێزی نادەوڵەتیی کە خاوەنی میلیشای تایبەتن. سەدریەکان سەرایای سەلامیان ھەیە کە درێژکراوەی سوپای مەھدییە و لەسەردەمی ھاتنی داعشدا دروستکرا. حەشدی شەعبی لە نزیکەی ٦٠ گروپ و ئۆرگانی چەکدار دروستبووە کە سەر بەم یان بەو ھێزی سیاسین، زۆرینەی ھێزەکانی تریش خاوەنی میلیشیای تایبەتن کە زۆرینەی ھەرەزۆریان ھێزی سەربەخۆن و لەدەرەوەی دەوڵەتدا ھەن و ئامادەن. ھەریەکێک لەم ھێزانەش مافی بەکارھێنانی توندوتیژییان بەخۆیان بەخشیوە و ئەوەی بیانەوێت و بەڕاستیی بزانن و دەسەڵاتیان بەسەریدا بشکێت، دەتوانن لە دەرەوەی دەوڵەتدا، ئەنجامیبدەن و بیسەپێنن.  ئەمانە خۆیان حاکمی خۆیانن، خۆیان خواست و ویستی خۆیان، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەت، دەستنیشان و پیادەدەکەن. ھەر یەکێکیشیان دەیەوێت ماڵ و ھێز و سوپا و دەسەڵاتی تایبەت بەخۆی، ھەبێت. لەشارێکی وەک بەغدادا ئەوەی دەسەڵاتی ژمارە یەکە، ئەوەی حوکمڕانی ڕاستەقینەیە، دەوڵەت و دەزگاکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو موقتەدا سەدر و ئەو ھێزە گەورەیەیە کە ئەم پیاوە لە دەوری خۆی و لە دەرەوەی دەوڵەتدا، دروستیکردوە. 


لەمەش بترازێت عێراق جوگرافیای بوونی چەندان پرۆژە و پلان و بکەری دیکەی دەسەڵاتدارە کە ھەریکەیان ڕوانین و دیدێکی بۆ دەوڵەت و حوکمڕانیی ھەیە و ھەمووشیان دەسەڵاتی تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەتن. مەرجەعیەتی شیعە لە عێراقدا نموونەیەکی ئەو دەسەڵاتەیە کە تەریب بە دەسەڵاتی دەوڵەت ھەیە و ئامادەیە. ئەم مەرجەعیەتە بەسەر دوو لایەنی ناکۆک بەیەکدا دابەشبووە، مەرجەعیەتی نەجەف کە جۆرێک لە دابڕانی دین و سیاسەت داوادەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی مەرجەعەکە بەتاڵبکاتەوە لە نفوز و دەسەڵاتی سیاسیی. ئەویتریان پرۆژەی ”ویلایەتی فەقی“ ئێرانییە کە خومەینی داھێنەرەکەی و دەوڵەتی ئێرانیی و مورشیدەکەی، عەلی خامەنەئی، لە ئێستادا نوێنەرەکەین.  ڕەھەندێک لە ڕەھەندەکانی ئەم جەنگە ناوخۆییەی ئێستا بەریەکەوتنی دەسەڵات و دیدی ئەو دوو مەرجەعیەتەیە کە لەدەرەوەی دەوڵەتدا ئامادەن. دۆخی ئێستا، لە ئاستێک لە ئاستەکانیدا، ھەوڵدانە بۆ نینۆککردنی ئالی سەدر و لێدان و سنووردارکردنی پێگە سیاسیی و ڕەمزییەکانی و لەوێشەوە سەپاندنی پرۆژەی ویلایەتی فەقی ئێرانی.   
ھێزی سێھەم کە لە دەرەوەی دەوڵەتدا ئامادەیە و بەھێزە، ھێزی ئەو خێڵ و عەشیرەتە گەورانەیە کە لە ساڵانی نەوەدەوە بە شێوەیەکی سیستماتيک لە عێراقدا بەھێز دەکرێن، سەرەتا سەدام حوسەین بەم کارە ھەستا دوای ئەوەی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەعس و حکومەتەکەی سەدام. بڕێکی زۆر لە دەسەڵاتەکانیان دۆڕان، دوای بەعسیش لە چوارچێوەی سیستمێکی تائیفیدا درێژەی پێدراو و بەھێزترکران. ئەم خێڵ و عەشیرەتانەش چەکدارن و لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، زۆرجار وەک دەوڵەت و  لە باتی دەوڵەت بڕیارئەدەن. 
ھەموو ئەمانە وادەکەن ئەکرێت کێشەکانی ئەمڕۆکە کورتبکرێتەوە بۆ بوونی چەند ناکۆکییەکی سیاسیی سنووردار، نەکرێت بە دەستەواژەکانی لەجۆری ”عینادی سیاسیی“، یاخود ”شکاندنی ئێسقانی یەکتری“ باسبکرێن. ئەوەی ئەمڕۆکە لەبەرچاوماندا ڕووئەدات و دەیبینین، بنکۆڵبوونی خودی دەوڵەت خۆی و داوەشانیەتی وەک تاقە دەزگایەک، کە مافی قۆرخکردنی بەکارھێنانی توندوتیژیی ھەیە. گەورە کۆمەڵناسیی ئەڵمانی، ماکس ڤێبەر، کاتێک باس لە دەوڵەت لە دونیای مۆدێرندا دەکات، باس لە زەرورەتی توانای مۆنۆپۆڵکردنی توندوتیژیی دەکات. باس لەوە دەکات کە دەوڵەت تاقە ھێزێکە مافی بەکارھێنانی توندوتیژیی ھەیە، تاقە ھێزێکە چەکدارە و مافی بەکارھێنانی ئەو چەکەشی ھەیە.  بەکارھێنانی توندوتیژییش لەلایەن دەوڵەت خۆییەوە، نابێت بە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکیی و گۆترە بێت، یاخود بە ئارەزوی ئەوانەبێت کە دەزگا و پێگە سیاسییە گرنگەکانی ناو دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، بەڵکو بەکارھێنانی توندوتیژیی پێویستە ھەمیشە شەرعیەتی یاسایی ھەبێت، تەنھا ئەو کاتەش بەکاربھێنرێت کە ھیچ ئامرازێکی تر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەمابێتەوە. بە مانایەکی تر، دەوڵەت تەنھا کاتێک پەنا بۆبەکارھێنانی توندوتیژیی دەبات کە دەسەڵات و ھەیمەنە و شەرعیەتیی خۆی وەک دەوڵەت ڕووبەڕووی مەترسیی بکرێتەوە، بەجۆرێک ئەگەری ئەوە ھەبێت نەتوانێت ئەرک و کارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی پیادەبکات. ئەوەی ئێمە لە عێراقدا دەیبینین غیابێکی تەواوەتی دەوڵەتە بەو مانایەی لەسەرەوە باسمانکرد، ھاوکات بوون و ئامادەگیی سەختی دەیەھا گروپ و بکەری نادەوڵەتی چەکدار کە ھەریەکێکیان ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم لەدایکبوونی دەوڵەتدا وەک دەوڵەت، بەو مانایەی باسمکانرد.

 
ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشانی ئەدات چۆن باز بەسەر ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوەدا دەدرێت و کێشە بوونیادەکانی دەوڵەت فەرامۆش دەکات، ئەو زمانە دینییەیە کە بۆ ناونانی ئەو دۆخە ترسناکەی ئێستاکە بەکاردەھێنرێت. ناونانی دۆخەکە و ناونانی بەیەکدادانی ئەم بکەرە نادەوڵەتییانە، بە ”فیتنە“ بازدانە بەسەر مانا ڕاستەقینیەکانی کێشەکەدا. ئەم زمانە دینییە ناھێڵێت بنە مادیی و ڕەگە قووڵەکانی ئەو دۆخە ناھەموارە ببینین کە لە ئارادایە، دۆخی غیابی دەوڵەت وەک دەوڵەت و ئامادەگی لەشکرێک لە بکەری نادەوڵەتیی چەکدار. 
ئەو زمانی عەقڵەش کە ئەمڕۆ زۆر کەس باسیدەکات بۆ ھەوڵدان بۆ چارەسەکردنی ئەو دۆخە نەخواستراوە، زمانێک نییە تا ئەو شوێنە بڕوات کە بونیادە مادیی و ڕەمزییەکانی کێشەکە ببینێت.  زمانی عەقڵ تەنھا ئەوە نییە ئەو لایانانە کۆببنەوە ڕێ لەوەبگرن جەنگی شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان لە عێراقدا دروستببێت. بەڵکو ئەوەیە دان بەوەدا بنرێت کە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە لە عێراقدا بوونی نییە. دەوڵەت وەک دەوڵەت غائیبە و ئەوەی ھەیە چەندەھا دەسەڵاتی ناوچەییە کە بکەرەکانیان بکەری نادەوڵەتین و خەریکی تاڵانکردنی وڵاتەکەن، بە بکەرە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand