یەكێتی (نوێ)و یەكێتیەكانی هەولێرو بادینان
2022-08-25 11:03:46
ژوان ئهحمهد
لەمێژە وتومە، یەكێتی بەردەوام خەریكی دەركردنی ئەسپە ڕەسەنەكانی خۆیەتی و لەدوی گوێدرێژەكانی دراوسێكانی دەگەڕێ بۆ ئەوەی ناڵیان بكات. ئەمە بە دروستی بەو پرۆسەی بەناو چاكسازی و داراییە رەنگی داوەتەوە كە یەكێتی دەستیپێكردوەو سەدان كادری لەریزەكانی حزبەكە دورخستۆتەوە (دەركردنێكی بەڕێزانە). بە تاكە پاساوێك (گوایا ئەو كەسانە لە حكومەت موچەیان هەیەو نابێت كەس دوو موچەی هەبێت) لەكاتێكدا ئەوانە ئیشی دووەم دەكەن نەك دوو موچەیان هەبێت لەسەر یەك ئیش و ئەرك.
لەو بڕیارە بەدتر، ئەوەیە پەیج و میدیا سێبەرەكان خراونەتەگەڕ دژی ئەو كادرانەی وەدەرنراون و بە جۆرێك وێنا دەكرێن وەك ئەوەی موچەی ئەوان لەسەر حزب هۆی بێكاری و بێ خزمەتگوزاری بێت.. وەك ئەوەی ئەوان مەرزو سنورەكانیان لوشدابێت. رەنگە ئەمە بۆ سلێمانی و گەرمیان تارادەیەك بە ئاسایی سەیری بكەین بەوەی تائێستا (سەركردایەتی یەكێتی) پێیوایە كە ئەم زۆنە، زۆنی سەوزەو خۆی باڵادەست و قەڵەمڕەو و زۆرینەیە تیایدا (ئەگەرچی زۆرینەش نیەو زۆرینەی رەها بریتییە لە دەنگی ناڕازی لە كۆی حزبەكان بە یەكێتیشەوە).
بەڵام ئەو بریارە لە سنوری هەولێرو بادینان، بۆ یەكێتی كارەساتە، بەتایبەت بادینان، یەكێتی تیایدا دەنگەكانی سنوردارەو دوای ئەم رێكارەش هێندەی تر دەنگەكانی دادەكشێت چونكە، لەلایەك كۆمەڵێك كادرو لایەنگری رەسەنی خۆی دوردەخاتەوەو ناچاریان دەكات بە وازهێنان یاخود چونە ناو حزبی دیكە.. لەلایەكی دیكە ترسێكی راستەقینە دروستدەكات كە كادرانی دیكەش هەر رۆژێك بێت، بە پاساوی دیكە، دوردەخرێنەوە و كەسی دیكەش روو لە یەكێتی ناكات.
ئەو یەكێتیانەی كە بە هۆی ئەم بریارەوە دورخراونەتەوەو نیمچە دەركراون لە سنوری هەولێرو بادینان، ئەو یەكێتیانەن كە:
- لانیكەم پێنج بۆ 10 ساڵ بەهۆی شەڕی ناوخۆو لەبەر یەكێتی ئاوارەی سلێمانی بوون.
- روبەڕوی فشاری جۆراوجۆری پارتی بونەتەوە لەبەر یەكێتی.
- بەشێكیان زەوی و ماڵ و موڵكیان لە شەری ناوخۆ لەسەر یەكێتی داگیركراوەو هەندێكیشیان تائێستا نەیاندراوەتەوە.
- ئەوانەن كە ئێستاش بەرامبەر بە هەموو ئیغرائاتێكی دارایی و پلەو پۆست بەرگریان كردووەو لەناو یەكێتی ماونەتەوەو رویان نەكردۆتە ناو پارتی یان حزبی دیكە.
- ئەوانەن كە سەرەڕای فشاری جیاجیا، سورن لەسەر رێچكەی خۆیان و مل نادەن بۆ هەڕەشەو گوڕەشەی پارتی لەو سنوره.
- ئەوانەن كە یەكێتی خۆی توانایەكی بێشوماری تیادا خەرجكردون تا بونەتە كادری بەئەزمون لە بوارەكانی راگەیاندن و رێكخستن.
ئەوانەی بیرۆكەی ئەم بریاری بەناو چاكسازیەیان داوە لەناو یەكێتی، لە هەر ئاست و پلەیكدا بن، تێنەگەیشتون لەوەی ئەم بڕیارە لەڕووی جەماوەریی، یەكێتی توشی كارەسات دەكات، چونكە كۆمەڵێك خەڵكی بە ئەزمون لە یەكێتی دوردەخاتەوە كە كەمترینیان ماوەی زیاتر لە دە ساڵە كاردەكات و لە بوارە جیاجیاكان ئەزمونیان پەیا كردووەو دەكرا بە جۆرێكی دیكە سود لە تواناكانیان وەربگیرێت و بەسەر مەكتەبی و ئۆرگانەكانی یەكێتیدا دابەش بكرێن.
لە بڕیارەكەش كارەساتتر، بێدەنگی سامناك و بێپاساوی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەم حزبەیە لە ئاست بڕیارێكی لەو جۆرە نادپەروەرو كارەساتبار، چونكە ئەگەر بڕیار بێت شوێنی ئەو كادرانەش بە كەسانی (نوێ) پڕ بكرێنەوە، دەهەیەكی تر پێویستە بۆ ئەوەی ئەزمون پەیا بكەن و بتوانن لانیكەم كارەكانی خۆیان رایی بكەن، نەك وەك كادرانی ئێستا لە یەك كاتدا كادری ئۆرگانی خۆیان بن و لە بۆنەو هەڵبژاردنەكانیشدا رۆڵی كادری هەڵبژاردن و رێكخستن بگێڕن.
رەنگە مهبهستی برایانی سەركردایەتی و رابەرانی یەكێتی لە بەكاربردنی چەمكی (نوێ) بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوە بێت كە گشت ئەوانە وەدەر بنێن كە مێژوویان لە مێژووی خۆیان كۆنترە لەناو یەكێتی ، یان لەوان ماندوترو قوربانیدەرتر بووە بۆ یەكێتی.
بە دروست نازانم بێدەنگی ناو یەكێتی تا كەی درێژەی دەبێت، بەڵام هێندە دەزانم، ئەمە بێدەنگی قایل بوون نیە، بەڵكو بێدەنگیەكە كە رەنگە هەرەسی بەدوادا بێت و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگی یەكێتی هاڕە بكات و دواتر نە بە بڕیاری سەرپێی، نە بە دڵدانەوەو تكا، ناتوانن كادرانی دەركراو و رەنجاو بگێڕنەوە.
بە هیوای ئەوەی ئاقڵمەندانی سەركردایەتی (ئەو ژمارە كەمەی تیایدا ماوە) ئەو هۆشداری یە بگەیەنن بە هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی، كە كارەساتێك روو لە یەكێتی دەكات، نە بە كەسایەتی یە سەربازییەكان و نە بە ریبات لە مل و ئەفەندییەكانی دەوروبەریان راست نابێتەوە. بۆیە لانیكەم چاوخشاندنەوە بەو بریارەدا بۆ سنوری هەولێرو بادینان زەرورەتێكی حەتمییە بەر لەوەی كار لە كار بترازێت و ئەو كادرانە هەڵوێست وەربگرن یان ڕوو لە حزبی دیكە بكەن.
بۆیە ئەسپە رەسەنەكانی خۆتان بگرنەوە و واز لە ناڵكردنی گوێدرێژەكانی دراوسێ بێنن.