Draw Media

بەڵێ بۆ داخستنی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی !؟

بەڵێ بۆ داخستنی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی !؟

2022-08-22 21:17:23


د. دڵشاد مستەفا

بەشی یەكەم: 


(کەشتییەکەم بەنێو وشکانیدا ئاژو )(فەریدەدینی عەتتاری نیساپوری)
لەسەر ئەوە ڕاناهاتووم کە لەپانتاییەکدا قسەبکەم خاڵی بێت لە مەعریفە ، شوێنێک چەلەحانێی دوور لە لۆژیک کۆنتڕۆڵی بکات ، وەلێ وەک هاورێیەکمان پێشتر دەیوت : فەیسبووکی خۆمە و تایەی تێدا دەسوتێنم ، ناچار بووم منیش چیلکەوچەواڵ کۆبکەمەوە ..
سادەتر بڵێم ، کێشەی هەر مەزنی تاکی کوردی ئەوەیە دەبێت قسە لەسەر هەموو شت بکات ، ئەو لە دەرزی لێفەدورینەوە لێی دەزانێت تا تەلسکۆبی جێمس وێب و  هابل و ئەوانی تریش .. ئەوانەی بڕیاریان لەسەر هەڵپەساردنی بەشی فیلمسازی داوە خۆیان تەواو بەرچاوڕون نیین و نازانن چۆن پاساوی بۆ بهێننەوە ، ئەم هاتوە بەڵێ دەکات ! ئەم دیاردەیە گەڕاندمییەوە لای تێزەکەی بیریاری بە نەژاد کەنەدی (ئالان دۆنۆ) ، دەربارەی سستمی پوچی و بێ بەهایی .. لەسەردەمێکدا دەژین کە ئیدی  هەمووشت بێ بەهاکرا  کە میدۆکراتەکان بە مانا دۆنۆییەکەی  بوونە خاوەنی هەموو شت ئیدی هیچ خۆ ماندووکردنێکی ناوێ ئەم پرسە . هەموو جوانی و بەها و شکۆ و بایەخ و شەنگییەک لەبەین دەچێت . رۆژگارێک دێتە پێشێ کە (موفتی پێنجوێنی ) لەمێژە لە دێڕە بەنێوبانگەکەیدا وەسفی کردوە . 
کێشەیە بەبێ زانیاری و داتا قسە لەسەر هەرشتێک بکەیت . چەند رۆژێکە سۆشیال میدیا پڕ بووە لەوانەی هەندێکیان  نازانن باسی چی دەکەن! هەندێک خۆی لێبۆتە پسپۆری پرۆگرام و ستراکچەر و پێوای وایە کە لە بونیادەوە بەشەکە بەهەڵە دامەزراوە ( گەر لەمەیاندا هەڵەیەک هەبێت من بەرپرسیارم ) بەبێ ئەوەی بزانێت سستمی دامەزراندنی بەش مانای چی و چۆن دروستکراوەوە پێوەرەکان چین و بیواژۆکانی کاری پێدەکرێت لەنێو زانکۆدا کامانەن.   هەندێکی تر بەبڕیاری سیاسی دەزانن کە (ئەوەندەی من ئاگاداربم ) بابەتەکە هیچ پەیوەندی بەبڕیاری سیاسییەوە نییە . لەهەمویان بەداختر بۆ من ئەوەیە کە هەندێک لەدەرچووەکانی ئەو بەشە کە بەس (خۆیان و من و خودا )دەزانین چۆن تەوایان کردوە کەوتونەتە هێرشی ناڕەوا و منیان خستۆتە ئەو دۆخەی  ئەوە بڵێم کە فەریدەدینی عەتتاری نیساپوری لە کتێبی ( منطق الطير) دا دەڵێت  ( کەشتیەکەم بەنێو وشکانیدا ئاژو ). رەنج بێوەر خۆمان کە ئەو هەموو ماندووبوون و شەونخونی و شەکەتی و هەوڵەمان دەکەوێتە نێو بێبایەخی و فەرامۆشییەوە .. گەر ئێستاش هەندێک لاقرتەیی و مەتەڵەک چارتان نەکات .. ئەم باسە درێژەی دەبێت و هەروا لێناگەڕێم ..

 

بەڵێ بۆ داخستنی بەشی فیلمسازی ؟!
بەشی دووەم 
لەورۆژەوەی دەمەوێت شیکارییەکی دروست بۆ ئەم هەنگاوە بکەم هیچی ترم دەستنەکەوت جگە لە تێزەکانی ئالان دۆنۆ یان دەشێت بڵێم پێدەچێت ئەم هەنگاوە خولیایەکی هێرۆستراتۆسیانە بێت ،  کە پەرستگای ئرتیمیسی  سوتاند کە یەکێک بوو لە ٧سەرسورهێنەکای دنیا ،  تەنها لەبەر ئەوەی نێوبانگ پەیدا بکات ، ئەو خواستی ئەوەی هەبوو ناوی بچێتە نێو مێژوو ، ئیدی گەر لەرێی کاریێکی نادروست و  خراپەشەوە بێت . هەندێک کەس هەن لەو نێوەندەدا عەرەب وتەنی (نکرة) ن بۆیە لەدۆخی وادا نەبێت وەیخڕ پاشاکان ناتوانن دەربکەون .
هەنجەتی بڕیاری هەڵپەساردنی بەشی فیلمسازی لەوێوە هێنراوە کە گوایە بەشەکە مامۆستای تەواوی نییە ، لەراستیدا ئەم زانیارییە هەڵەیە بەشەکە (٢ پرۆفسیۆری یاریدەدەر ، ٢ دکتۆرا و ، ٥ هەڵگری بروانامەی ماستەری هەیە ، بێجگە لە مۆڵەتەکان و ئەو مامۆستایانەی وانەبێژن و میلاکی بەشەکە نین لەبەشەکانی شێوەکاری و راگەیاندنەوە دێت و وانەی پسپۆری خۆیان دەڵێنەوە ، بۆ نموونە مامۆستا نەبەز سەمەد ( هەڵگری بڕوانامەی ماستەری فەلسەفە، وانەی فەلسەفەی فیلم دەڵێتەوە ، پ.ی.د. ئیبراهیم سەعید و پ.ی.د. یۆهان ، بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی دەڵێنەوە کە دوو مامۆستای پسپۆر و لێهاتوون  مامۆستا کوڤان حسێن  وانەی شیکاری فیلم دەڵێتەوە و گەلێک سەرکەوتووە . مامۆستا میدیا رەئوف بێگەرد مامۆستای نواندن بووە ، مامۆستا بەناز وانەی فۆتۆی وتۆتەوە . مامۆستا دارکۆ لەتیف هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە سینەماتۆگرافی کە توانایەکی کەم وێنەی هەیە و من دڵبەندی زانیارییەکانی بووم لە سیمیناری هاوتاکردنی بڕوانامەکەی و گەلێک پێی سەرسام بووم  لەبەر ئەوەی خولی پێداگۆگی تەواونەکردوە ،  ئەویش رێگری بۆ دروست بووە . مامۆستا سالار سەعید کە ساڵانێک مامۆستای وانەبێژ بووە و وانەکانی ئێکسپێرمێنتاڵ و فۆتۆ و پرۆداکشنی زۆر بەسەرکەوتوویی وتۆتەوە ،   ئامادەیی هەیە بە خۆبەخش بگەڕێتەوە .  هاوکات ژمارەیەک وانەی  گشتی هەن کە بۆ هەموو کۆلێجەکانی زانکۆ یەک شتن و مامۆستای هەمووان یەکە وەک ئینگلیزی و کوردۆلۆجی و کۆمپیوتەر و وەرزش )  ژمارەی خوێندکارانی بەشەکە ئێستا لە قۆناغی ٢-٤ (٥٣) خوێندکارە و ساڵانە لەنێوان ١٥-٢٠ خوێندکار وەردەگرێت . سستمی خوێندن بیواژۆی بۆلۆنیایە کە سستمێکی خوێندکار سەنتەرییە و پەیوەندی بە توانستی خوێندکارەوە هەیە لە کارکردن لەدەرەوەی کلاسەکان . لەم سستمەدا هەر ١٠-١٥ خوێندکار پێویستیان بە مامۆستایەکە ، واتە بەوەرگرتنی ٢٠ خوێندکاری تریش ژمارەکە دەبێتە ٧٣ خوێندکار کە پێویستیان بە ٧ مامۆستایە . خۆتان ئەوەی سەرەوە بژمێرن و بزانن چەند مامۆستایە . من نکوڵی لەوە ناکەم کە لەساڵانی خوێندندا خوێندکار گلەیی لە مامۆستا هەبووە کە توانستی زانستی نزمە و هیچی لێ فێرنابن و ئیمزایان لێ کۆکردۆتەوە و لای من پارێزراوە  ( ئێستا هەر خۆیان  لە پۆستی فەیسبووکیدا کردویانەتە فریشتەو فریادرەس ، کە مایەی شەرمە) بەڵام ئەمە رێ لەوەناگرێت کە ژمارەیەک مامۆستای زۆر باش وانەیان وتوەتەوەو هێزێکی باش بوون بۆ بەشەکە . 
دووەم : سەعاتەکانی وانەی پسپۆری لە چوار ساڵی خوێندندا بەم شێوەیەیە 
ساڵی یەکەم : هەفتەی ١٣ سەعاتە 
ساڵی دووەم :  ٢٥ سەعات 
ساڵی سێیەم : ١٨ سەعات 
ساڵی چوارەم : ٢٠ سەعات 
کە بەگشتی دەکاتە ٧٦ سەعات کە پێویستی بە  ٦ -٧ مامۆستایە و بەشەکە بە وانەبێژەکانەوە زۆر لەوەزیاتری هەیە ..
کەواتە کێشەکە لەشوێنێکی ترە نەک نەبوونی مامۆستای پێویست ..
دەنگۆیەکی تر کە کراوەتە بیانوو ، گوایە من کۆلێجەکە و بەشەکەم جێهێشتوەو گەراومەتەوە بریتانیا و ئیدی تەواو ، ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە ، وەک هەر مامۆستایەکی تر لە پشودام و سەرەتای مانگی ٩ دەگەڕێمەوە و پشتیوانی هەر هەنگاوێکی باشترکردنی بەشەکە و کۆلێجەکە و بەردەوامیانم ..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand