تاوانی پشکنینی تەلەفۆنی مۆبایل
2022-08-21 10:15:16
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ٦ ئابی ئەمساڵدا، دەزگای ئاسیش و ھێزە چەکدارەکان، نەک تەنھا ژمارەیەک خەڵکیان گرت و ھێزێکی زۆریان بۆ کۆتاییھێنان بە خۆپیشاندانەکە دابەزانە ناو شەقامەکانەوە بەڵکو دەستیشیان بەسەر تەلەفۆنی مۆبایلی زۆرێک لە بەشداربووەکاندا گرت و لە ھەندێک حاڵەتیشدا تەنانەت مۆبایلی ژن و ئایپادی منداڵانی ئەو کەسانەش براون، کە گیراون. ئەم کارە جگە لەوەی لە ڕووی ئەخلاقییەوە کارێکی تەواو قێزەون و ئیدانەکراوە، لە ھەمانکاتدا پێشێلکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی یەکێک لە مافە ھەرە سەرەرکییەکانی جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ و چەندان یاسای ترە.”تەلەفۆنی مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیوتەری شەخسیی ماڵ، ماڵی ئەلەکترۆنیی و دیگیتاڵیی خاوەنەکانیان. دەستگرتن بەسەر ئەو ئامێرانەدا و سەریکردن و پشکنیان، وەک چوونەژوورەی بێپرسای ماڵان و پشکینیان وایە. لە ڕاستیدا زۆر لەوەش خراپترە، چونکە لەناو ھەریەکێک لەو ئامێرانە تەکنۆلۆژیانەدا سەدەھا زانیاریی و ”شت“ و ”مەکی“ شەخسی ھەن، کە مرۆڤ مافی ئەوەی ھەیە کەس نەیانبینێت و بڵاونەکرێنەوە. دەستگرتن بەسەر ئەو ئامێرانەدا، لەناویاندا دەستگرتن بەسەر تەلەفۆنی مۆبایلدا، ھێما بۆ ئەو مۆدێلە لە دەسەڵات و حوکمڕانیی دەکات کە گاڵتەی بە مافە ھەرە سەرەتایی و ھەرە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دێت و لانی ھەرەکەمی ڕزێگرتنیشی بۆ ژیانی تایبەتەی مرۆڤەکان نییە.
بەندی دوانزەھەمی جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ باس لە مافی تاکەکەس دەکات لەوەدا کە ”ژیانێکی تایبەت“ی ھەبێت، دوور لە دەستوێەردانی دەوڵەت و کۆمەڵگا. ئەو بەندە بە ئاشکرا دەڵێت: ”نابێت دەستێوەردانی بەزۆر و نائارەزوومەندانە، لە کاروباریی کەسیی، ژیانی خێزانیی، ماڵ، یان نامە گۆڕینەوەکانی، ھیچ کەسێک بوونی ھەبێت. (...) هەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە بە یاسا لە بەرامبەر ئەو جۆرە دەستێوەردان، یان هێرشانەدا، بپارێزرێت.“
”ژیانی شەخسیی“ ووەک ”ماڵی شەخسیی“، ھێما بۆ ئەو بەشەی ژیانی ئینسان دەکەن کە تایبەتە بە تاکەکەس وەک تاکەکەس، ھی تاکەکەس خۆیەتی بەتەنھا و دوور لەوانیتر، دوور لە تواناکانی بینینی دەوڵەت و کۆمەڵگاش بۆ وردەکارییەکانی ناو ئەو ژیانە. ئەم ڕووبەرە وابەستە بەو خواستە ئینسانییەوە کە تیایدا مرۆڤ دەیەوێت بەتەنھا جێبھێڵدرێت و دەستنەخەنخرێتە ناو کاروبار و خواست و حەز و ئارەزوە تایبەتەکانییەوە.
یەکەمین جار لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەم لە ئەمریکا، پاراستنی ژیانی تایبەتی تاکەکەس دەبێت بە ماف. لە ساڵی ١٨٧٩دا باس لە مافێکی تازە بۆ تاکەکەس دەکرێت بە ناوی تەنھابوون، بەوردیی ”مافی وازھێان لە مرۆڤ تەنھا بێت“. ئەم مافە سەرەتا بۆ پاراستنی تاکەکەس لە دەستێوەردانی دەوڵەت دەھێنرێتەکایەوە، بەڵام دواتر فراوانتر دەکرێت بۆ پاراستنی تاکەکەس لە کۆمەڵگاش. دواتریش ھەمان ئەم مافە لە ساڵی ١٩٤٨دا بەشێوەیەکی وردتر لە جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤدا، جێگیردەکرێت.
لە ژیانی تایبەت و شەخسیدا تاکەکەس لەگەڵ خۆیدایە و دوورە لە نیگا پشکنەرەکانی ئەوانیتر. بۆیە دەتوانێت ھەموو ئەو شتانە بکات و ئەنجامبدات کە حەزناکات کەسانیتر بیبینن، دەشیەوێت بەو جۆرە بژیی و بجوڵێتەوە کە خۆی دەخوازێت و حەزدەکات. ژیانی تایبەت موڵکی تاکەکەس خۆیەتی، نە موڵکی کۆمەڵگا و نە موڵکی دەوڵەت و نە موڵکی دونیای دەرەوەی تاکەکەسە. لە ڕاستیدا مرۆڤ لەم ڕووبەرە تایبەتەدا خۆی لە دونیای دەرەوە دادەبڕێت، خۆی لە کاریگەرییەکانی ئەو دونیایە، لە شێوازەکانی چاودێریکردن و میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و گەمارۆدانی، دەپارێزت. ”ڕوبەری شەخسیی“ ڕووبەرێکی داخراوە بە ڕووی دونیای دەرەوەدا و ئەو دونیا دەرەکییە بۆی نییە و ناتوانێت بچێتەناویەوە، بۆی نییە و ناتوانێت کاریگەرییەکی لەسەر ھەبێت کە کەسەکە نەیەوێت.
خۆپاراستن لە نیگاکانی دونیای دەرەوە، گەڕانەوە بۆ ناو ماڵی تایبەت، توانای ھەبوونی ژیانی تایبەت، یەکێکە لە پێداوسیتیە ھەرە سەرەکییەکانی ژیانی ئینسان لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا. بەشێکە لە ژیان لەناو ئەو دونیایەدا کە لە سەدەی ھەڤدەھەمەوە لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا لە دروستوبوندایە. مرۆڤ لەو ڕووبەرە تایبەتەدا دەخوازێت بەو شێوەیە بژی کە خۆی دەیەوێت بژی. ماڵەکەی، لەش و لاری، ژیانی خێزانیی، جۆری خۆشەویستیی، پەیوەندییە تایبەتەکانی، ھەمووی بەو شێوەیە داەڕێژێت کە خۆی دەیخوازێت، کەس مافی ئەوەی نییە دەستبخاتە ناو ئەو بوارانەوە، یان ئەو بوارانە بخاتە بەردەم چاو و دیدگای گشتیی کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. پەیوەندییە شەخسییەکانی مرڤ، نامە و گفتوگۆ تەلفۆنییەکانی، ئیمەیڵ و چاتەکانی، ھەموویان موڵکی شەخسیی ئەون و ھیچ لایەنێک بۆی نییە بەبێ مۆڵەت و خواستیی ئەو کەسە خۆی، بیانبینێت، بیانخوێنێتەوە و دەسکاریان بکات، ئاشرایان بکات و بڵاویانبکاتەوە.
وەک ھێمام پێکرد جاڕنامەی گەردونیی مافەکانی مرۆڤ مافی ھەبوونی ژیانی تایبەتی وەک مافێکی گەردونیی مرۆڤ ناساندوە. ئەو جۆرە ئازادییەش مرۆڤ لەو ڕووبەرە تایبەتەدا ھەیەتی، وەک یەکێک لە ”ئازادییە بنەڕەتیی و سەرەکییەکان“ی مرۆڤ پێناسەکراوە، خودی مافەکە خۆیشی لە زۆر شوێنی جیھاندا وەک یەکێک لە ”مافە دەستورییە سەرکییەکان“ و ”مافە بنەڕەتییەکان“ ناسراوە. ئەگەر جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ مافی جیھانیبن و حوکمەتەکان بتوانن بەشێوازی جیاواز خۆیانی لێبدزنەوە و پێوەی پەیوەست نەبن، ئەوا ”مافە بنەڕەتیی“ و ”دەستوورییەکان“ مافێکن حوکمەتەکان و دەسەڵاتداران پێویستە ڕێزیبگرن و پیادەیبکەن. ھەر لادانێک لەم مەسەلەیە دەچێتە خانەی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەوە. ئەو کۆمەڵگا و ئەزموونە سیاسیی و دینییانەی ڕێز لە مرۆڤ دەگرن و کەرامەتی دەپارێزن، ئەوانەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ئازادیی و خاوەن ماف مامەڵەدەکەن، پاراستنی ژیانی تایبەت، دەستنەبردن بۆ نھێنیەکانی تاکەکەس، ھەم لەناو دەستوری وەڵاتەکەیان و ھەم لە ناو ئەو یاسا سەرەکییانەدا نیشتەجێکراوە، کە لەو وڵاتەدا دروستکراون.
وەک وتم مادەی دوازدەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: ”نابێت دەستێوەردانی بەزۆر و نائارەزوومەندانە، لە کاروباریی کەسیی، ژیانی خێزانیی، ماڵ، یان نامە گۆڕینەوەکانی، ھیچ کەسێک بوونی ھەبێت. (...) هەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە بە یاسا لە بەرامبەر ئەو جۆرە دەستێوەردان، یان هێرشانەدا، بپارێزرێت.“ ئەوەی سەرنجی ئەو بڕگە تایبەتەی بەیاننامەکە بدات، بە ئاشکرا بۆی دەردەکەوێت، لە سەدەمێکدا نووسراوە کە نامەنووسین، تاقە شێواز، یان شێوازی ھەرەسەرەکیی پەیوەندیکردنی کەسەکان بووە لەگەڵ یەکتردا، بەڵام لە ساڵانی ھەشتای سەدەی بیستەمەوە کۆمپیوتەر وردە وردە لە شێوە جەماوەرییەکەیدا لەدایکدەبێت و لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمیشەوە ئینتەرنێت و ئیمەیڵ و دواتریش تەلەفۆنی دەستیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانشی دێتەسەر. لەبەرامبەر ئەم گەشەکردنە بەرچاوەی تواناکانی پەیوەندیکردنی مرۆڤەکان بەیەکتریەوە چەندان یاسا و ڕێکەوتنامەی نوێ دێنەکایەوە کە مرۆڤ لە دەستێوەردانی ژیانی تایبەت و پشکنینی ناوەرۆکی پەیوەنییەکانی دەپارێزن.
لە سەرەتای ساڵانی ھەشتادا ڕێکەوتنانەمەی پاراستنی تاکەکەسەکان دژ بە خراپبەکارھێنانی ئەو زانیارییە زۆرانەی دەشێت لە ڕێگای کۆمپیوتەرەوە لەسەر کەسەکان کۆبکرێنەوە و ھەڵبگیرێن. ئەم ڕێکەوتننامەیە پێ لەسەر پاراستنی زیاتری ژیانی شەخسیی کەسەکان دادەگرێت. لە کۆتایی ساڵانی ھەشتدا یاسایی تازە دەردەکرێت دەربارەی پاراستنی زانیاریی شەخسیی کەسەکان و ڕێگرتن لە بڵاونەکرێنەوەیان. لە سەرەتای ساڵانی دوو ھەزاردا یاسای نوێ بۆ ھەمان مەبەست دەردەکرێت و ژیانی شەخسیی کەسەکان باشتر و وردتر دەپارێزێت. ساڵی ٢٠١٨ ئەو یاسایانەی کە پەرلەمانی ئەوروپی لە پەیوەندیدا بەم مەسەلەیەوە دەریاندەکات، لەلایەن ئەندامانی یەکێتی ئەروپاوە وەردەگیرێت و پەیڕەودەکرێن.
بە کورتییەکەی، لەو بەشەی جیھاندا کە ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانی دەگیرێت، لەم سەردەمی مۆبایل و کۆمپیوتەری شەخسیەدا، بەردەوام یاسا و ڕێکەوتنامەی نوێ بۆ پاراستنی ژیانی تایبەت و پاراستنی نھێنیە شەخسییەکانی مرۆڤ دێتەئاراوە. پاراستنی ئەم مافە بووە بە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ناو ژیانی فیکریی و ئەخلاقیی و سیاسیی دونیای ئەمڕۆ. ئەوەی لە دواھەمین خۆپیشاندانەکان لە سلێمانی و ھەولێر ڕوویدا، پێچەوانەی ئەم مافە سەرەکیی و ئەم دەسکەوتە ئینسانییە گرنگانەیە. ئەوەی ڕوویدا جۆرێکە لە مەترسیی تازە کە ڕووبەڕووی مرۆڤ و کۆمەڵگای ئێمە دەبێتەوە. ناکرێت و نابێت بە ئاسانی لەبیربکرێت و وا مامەڵەبکەین وەک ئەوەی ئەو تاوانە گەورەیە ڕووینەدابێت.
یەکێک لە نەریتە ئەخلاقیی و ئینسانییە بنەڕەتییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە ڕێزگرتنی مرۆڤی ئێمەیە لە ماڵ، ماڵی تایبەتی کەسەکان. ھیچ کەسێک بەبێ لەدەرگادان و ئاگادارکردنەوە مافی ئەوە بەخۆی نادات بچێتە ژوورە، کە چووشە ژوورەوە دەچێتە ژووری میوان، نەک ئەو شوێنانەی نھێنیەکانی ئەو ماڵەی تێدابێت. دەسەڵاتدارانی ھەرێم گەر گوێ بە مافە گەردونییەکانی مرۆڤ نادەن و ئینسانی ئێمە وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف نابینن، با ڕێزی ئەم کەلەپورە ئەخلاقییە سونەتیە بگرن کە تیایدا ماڵ نرخ و بەھای تایبەتیی خۆی ھەیە. دەسەڵاتداران دەبێت لەوە تێبگەن کە ”ماڵی دیگیتاڵی“ و ”ئەلکترۆنی“ ناو مۆبایل و کۆمپیوتەری شەخسیی، ھەمان حورمەتی ئەو ماڵانەی ھەیە کە بەخشت و بەرد و کۆنکریت دروستکراون.