Draw Media

حیزبی سیاسی ....یان کەڵتی سیاسی؟

حیزبی سیاسی ....یان کەڵتی سیاسی؟

2022-08-19 15:54:33


سیروان حەمەڕەشید
 سەرەتا گرنگە چەند پرسیارێک لەسەر ڕۆڵ و ئەدای کاری حیزبایەتی  بکەین بڵێین .. ئایا لەکوێ و لەکام سیستمی دیموکراسی  و خاوەن دامەزراوەی دەستووری  و دەوڵەتداریدا هەبووە حیزب هەرچی  داهات و سەروەت و سامانی گشتی هەیە  دەستی بەسەردا گرت یبێت و بەمنەت و خێری خۆی بەشێکی کەم بداتەوە خەڵک و موچەخۆرەکانی؟ یان  ئەوە هەر حیزبە و لەنێو حیزبشدا ئەشخاسی سیاسی خاوەن میلشیا و هێزی چەکداری بن و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لەژێر و فەرمان و کۆنترۆڵی حیزبدا بێت؟ یان ئەندامانی مەکتەب سیاسی و سەرکرداییەتی خۆیان لەسەروی حکومەت و یاساوە ببنێتەوە و دەزگای زانیاری  و پاراستنی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بۆ ترساندنی خەڵک و نەیارەکانی شەقاوە و چەقۆکێش بەربدەنە گیانی هاوڵاتییەکانی؟ یان لەکوێ دونیادا هەبوو  بەرپرسی باڵای سەربازی حیزبی تەعدا و دەستدڕێژی بکاتە سەر زەوی وزاری دەوڵەت و موڵکی گشتی وەک موڵکی تایبەتی و شەخسی مامەڵەی پێوە بکات و تەرکیزی لەسەر  ئەو جۆرە بەد ڕەفتارانە بێت؟ ، 30 ساڵە خەڵکی کوردستان گیرۆدە و دەرگیری دەست ئەو فۆڕمە لە کاری حیزبایەتییە...!!!!
 ئاشکرایە  حیزبی سیاسی   بەرهەمی ڕۆشنگەری و  مۆدێرنە و خەباتی پەرلەمانییە٫  هەڵبەتە  ڕەگەز و خەسڵەتەکانی حیزبی سیاسی لەکۆمەڵێک پڕەنسیپ و ڕەگەزی بنەڕەتی پێکهاتووە..
دەپرسین لەکوردستاندا  شتێکمان هەیە حیزب بێت و  تایبەتمەندییەکانی حیزبی تێدا بێت یان ئەوەی کەهەیە تەنها کەڵتی سیاسیە؟
لێرەدا گرنگە  پێناسەی حیزب و کەڵتی سیاسی بکەین  بزانن سەرهەڵدانی حیزب سەر بەکام پارادایمە و لەچ  ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدایک بووە؟   ئایا تا ئەم ساتەوەختە لەکوردستاندا   بەمانا دروستەکە حیزبی سیاسی ئامادەگی هەیە؟  یان ئەوەی هەیە هیچ نییە جگە لەکەڵتی سیاسی..!!!؟؟
 (جەیمس مادیسون) پێناسەی حیزب دەکات و دەڵێت:"  بریتیە لەکۆمەڵێک هاوڵاتی چ زۆرینە یان کەمینە، ئامانجێکی هاوبەش ، یان بەرژەوەندی هاوبەش یەکیخستوون لەبەرامبەر مافەکانی هاوڵاتییانی تردا، یان بەرامبەر کۆی بەرژەوەندیییە هەمیشەییەکانی کۆمەڵگە"
 هەروەها حیزبی سیاسی هەیە لەسەر ڕێباز و بەرنامەیەکی تەکتیکی و ستراتیژی نیشتمانی ئامانجداری  دادەمەزرێت و کاری ڕێکخراوەی دەکات.. 
 ئەی کەڵت چییە؟ بریتیە "لەگرووپی بچوکی ئاینی داخراو.." ئایا فۆرم و چەشنی و مۆدیلی ئەحزابی کوردی دەرهاویشتەی کەلەپور و فەزای مۆدێرنە و دیموکراسییە، یان ئەو پارادایمە نزیکەی (100)ساڵێکە  خۆی  وەک حیزبی کوردی بەیان کردوە؟  لەچ جیهانبینی هەلومەرجێک و لەکام  و فەرهەنگ و عەقڵ و مینتەمیتاڵێکەوە هاتۆتەدەرێ؟!!!     دەتوانین بڵێین هێشتا  لەجڤاتی کوردیدا شتگەلێکمان نەبووە بەمانا دروستەکەی حیزبی سیاسی بێت ، بۆیە  لەبۆشایی نەبوونی  حیزبی هاوچەرخ و مەدەنیداین،  ڕاستە چەند گرووپ و کۆمەڵەیەک هەن  لەژێر ناونیشان و فۆڕمی  جیادا خۆی ناوناوە حیزب ، بەڵام گەر هەڵسەنگاندنی بابەتیانەیان بۆ بکرێت ئەوا کەم و زۆر پەیوەندی  بەکەلتور و فەرهەنگ و چەمکی حیزبەوە نییە ، ئەوە مۆدێلەی لەکوردستاندا پێدەڵێن حیزب  وەک پێداویستی و پڕەنسپی  سیستمی دیموکراسی و سیاسی  تێدا لەدایک نەبووە ، کەواتە دەتوانین  بڵێین  بەرمەبنای ئەوەش بوو کەسیاسەت بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی نیشتیمانی و هاوڵاتییان کاری نەکردوە و هیچ مانا و مەغزایەکی دروستی نەبووە و نییه، حیزب  خۆی تەحویل کردوە بەکەڵتی سیاسی ..  بۆ ئەوەی کوردستان لەو مۆدیلە ترسناکەی لە کەڵتی سیاسییەوە بگوازرێتەوە بۆ حیزب ، لەو نێوەندا پێویستمان بە زەمینەی  دیموکراسی و مەدەنیەتە  چ لەسەرئاستی پانتای جڤات و ڕووبەری گشتی و چ لەسەر ئاستی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی  پەرەی پێبدرێت و لەناو کەلتور و عەقڵییەت و پەروەردەیماندا ڕەنگبداتەوە،   بۆ ئەوەی  کردار و هەنگاوەکانی دیموکراسی و دەوڵەتداری سەڕپێبخرێت ، گرنگە  بکەری مەدەنیخواز و دیموکرات لەسەرجەم ئاستەکانی جڤاتی ئێمەدا  دروست بکرێت.
 دواجار   تا کوردستان خاوەنی ئەو چشنە لەحیزب بێت ، ئەوا  دۆخی سیاسی و  ئابووری و کۆمەڵایەتی  لەمە ئێستا  کەهەیە  باشتر نابێت و ناتوانرێت لەکەڵتی سیاسی ببەڕێتەوە بۆ حیزبی هاوچەرح .. ئەوکات تادێت پڕۆسەی سیاسی و حکومداری و  کۆی ئازادییەکانی تاک و جڤات و دۆخ و ژیانی خەڵک  لەوپەڕی مەترسیدا خۆی دەبینتەوە....

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand