مەسعود بارزانی: یەکێتی فێڵی لێکردین

Draw Media

2022-08-18 18:05:43



درەو: كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)

 

ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و لێکەوتەکانی
دوای چەند ڕۆژێک ئەنجامەكان ئاشكرا كران و، دۆخێكی ئاڵۆز هاتە ئاراوە. یەکێتی لەرادەبەدەر لەخۆبایی ببوو؛ لەبەر ئەو پێشێلکارییانەی کردبوویانن، لایەنە سیاسییەکان دڵگران و تووڕە بوون. چەندین كۆبوونەوەی جیا جیا لەنێوان لایەنەکانی بەرە کران، بۆ ئەوەی دەرچەیەک بدۆزرێتەوە کە چۆن لەم قەیران و تەنگوچەلەمەیە دەرباز بین. ئایا ئەنجامەكان ڕەت بكرێنەوه، یان چارەسەرێکی تر بدۆزریتەوە؟
ئەوەبوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لە٢١ی ئایاری ۱۹۹۲دا، پارتی و یەکێتی پێکەوە کۆ بوونەوەو گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر بابەتەكان كرا، بەڵام لەكۆبوونەوەکەدا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک. دوای کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی، کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی کرا و چەند بژاردەیەک خرانەروو:
1)    سەرەڕای ئەو پێشێلکارییانەی کراون، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بكرێت .
2)    ئەنجامەكان ڕەت بكرێنەوە.
3)     ڕێژەی حەوت لە سەد نەمینیت و هەموو لایەنەكان بەشداری لەپەرلەماندا بکەن .
دوای گفتوگۆیەکی زۆر، دیسان لایەنەکان نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و کۆبوونەوەکە بەبێ ئەنجام کۆتاییی هات. رۆژی دواتر پارتی و یەکێتی لەشەقڵاوە پێکەوە کۆ بوونەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەی دەرچوون لەقەیرانەكە بدۆزنەوە. دوای گفتوگۆیەکی زۆر و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، هەردوولا مەبدەئییەن لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن کەبریتی بوون لە:
1)    ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک خۆی رابگەیەندرێت. واتە پارتی 51% و یەکێتی 49%.
2)    هەموو پۆست و پلەکان نیوە بە نیوە لەنێوان هەردوولادا دابەش بکرێت.
3)    سەرۆکی پەرلەمان پارتی و، جێگرەکەی یەکێتی بێت.
4)    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یەکێتی و، جێگرەکەی پارتی بێت.
5)    دوای دوو مانگی تر و لە ١٥ی تەمووزی ۱۹۹۲دا هەڵبژاردنی ڕابەر و لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ۱۹۹۲دا هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرلەنوێ بكرێتەوە.
6)    هیچ لایەنێک لەدژی یەکتر لەگەڵ لایەنێکی دی رێک نەکەوێت. 
7)    مەسعود بارزانی و مام جەلال بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاو بكەنەوە لەسەر هەڵبژاردنی ڕابەر.
ئەم حەوت خاڵه، بژاردەیەکی بەردەممان بوو. بژاردەی تر، کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا بریتی بوو لە هەڵگرتنی رێژەی (7%) و بەشداریکردنی هەموو لایەنەكان لەپەرلەمان بەپێی دەنگەکانیان .
پێویستە لێرەدا ئاماژە بە فێلێکی یەکێتی بكرێت. هێشتا حوبری ڕێککەوتنەکە وشک نەببووەوە کە یەکێتی بەنهێنی چەتۆ حەویزییان ناردە لای حاکم ئەمیر حەوێزیی سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنەکان و ئاگاداریان کردەوە کە پارتی و یەکێتی ڕێک کەوتوون و، ئێستا سەرکردایەتیی هەردوولایان دێنە هەولێر بۆ ئەوەی تۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنیت بەشێوەیەک کە پەنجا بە پەنجا بێت نە (51%) بە (49%).
ئێمەش سەردانی هەولێرمان کرد و هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ و دەرەوەش ئامادەبوون، بەڵام هەموو لایەنەكان ئامادەنەبوون و ڕایانگەیاند کە تا هەڵبژاردنەکانی ١٥ی تشرینی یەکەم چاوەرێ دەکەن و پشتگیریی پەرلەمان و حکوومات دەکەن، ئەم هەڵوێستەیان بەڕاستی هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە بوو.
حاکم ئەمیر هات و لەبەرچاوی هەموو لایەنەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانییەكان ئەنجامەکانی ڕاگەیاند . جارێکی تر تووشی قەیرانێکی تر بووینەوە. کەوتینە دوو ڕیانێکی ناخۆش. ئەگەر دەنگ بکەین و ئەنجامەكان ڕەت بكەینەوه، بێهیواییەکی زۆر گەورە دروست دەبێت و لەبەرچاوی دنیا سووک و ڕیسوا دەبین. ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرین ئەوە فێلێکی گەورە کراوەو جارێکی تر پێشێلکاری ڕووی داوە. کاتێک بانگی حاکم ئەمیرم کرد هۆكارەكەم لێ پرسی، لە وەلامدا گوتی: «بەخوا چەتۆ هاتە لام و پێی گوتم، پارتی و یەکێتی ڕێک کەوتوون کارێک بکە ئەنجامەکان وەک یەک بن. منیش لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجامی چەند ناوەندێکی هەڵبژاردنم کە پارتی زۆرینەی دەنگەکانی هێنابوو، هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەكان بەم شێوەیە بڵاو بكەینەوە». منیش زۆر لێی تووڕە بووم و پێم گوت: «ئەی خائین، تۆ خیانەتت لەپیشەکەت و لەو متمانەو ئەمانەتت کرد کە پێمان بەخشیبووی. دوای ئەم قسانە دەستی بەگریان کرد و گوتی: «خۆم دەکوژم، چونکە نەمزانی بەم شێوەیەیە». زۆر پاڕایەوەو تکایەکی زۆری کرد و گوتی: «ئێستا دەڕۆم و راستییەکان دەڵێم و ئاشکرا دەکەم». منیش پێم گوت: «تازە تەواو، ڕۆیشت». لەكۆتاییدا بەناچاری ڕەشنووسی پەنجا بە پەنجا پەسەند کرا، چونکە بۆ ئەو سەردەم و بارودۆخ و قۆناغە هیچ رێگا چارەیەکی تر نەبوو. ئەمە ئیجابیاتی خۆشی هەبوو، چونکە شەر ڕووی نەدا و ناوبانگ و سومعەی گەلەکەمان لەبەردەم چاوی جیهان پارێزرا و نەشكا، بەڵام هەڵەی گەورە ئەوەبوو کە هەڵبژاردنەكان لەو کاتەی کە بڕیاری لەسەر درابوو، نەکرانەوە.
دواتر برووسکەیەکم بو هەموو لق و ناوچەو هێزەکان و دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نارد بەژمارە (٦٨٧) لە٢٣/٥/١٩٩٢. لە برووسکەکەدا بەوردی باسم لە پرۆسەکە کرد و هەموو بابەتەکانم بەوردی ڕوون کردەوەو باسی هۆکارەکانی پەسەندکردنی هەڵبژاردنیشم کرد و لە کۆتاییدا ئاماژەشم دا کە ئەوەی کراوە ڕێككەوتنە نەک پەسەندکردنی ئەنجامەکان بۆ زانیاریی زیاتری خوێنەران حەز دەکەم ئەو راستییە بخەمە ڕوو، لیستی پارتی کە بەتەنها بوو، ٤٣٧٨٧٩ دەنگی بەدەست هێنا کە دەکاتە ٤٥.٢٧% و، یەکێتی و زەحمەتکێشان ٤٢٣٨٣٣ دەنگیان بەدەست هێنا کە دەکاتە ڕێژەی ٤٣.٨١% و، دوای دابەشکردنی دەنگی حیزبەکانی تر کە ڕێژەی ٧% یان تێ نەپەڕاندبوو، ژمارەی دەنگەکانی پارتی بوو بە ٤٩١٤٩٧ دەنگ، کە دەکاتە ڕێژەی ٥٠.٨١% و ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی و زەحمەتکێشانیش بوو بە ٤٧٥٧٣١ دەنگ کە دەکاتە ڕێژەی ٤٩.١٨%ی دەنگەکان .


سەرباری هەموو ئەو گیروگرفت و کێشانەی ڕوویان دا، ڕۆژی ١٩/٥/١٩٩٢ ڕۆژێکی پیرۆز و وەرچەرخانێکی گەورەو مێژوویی بوو لەخەباتی گەلەکەماندا. هەر لەبەر بایەخی ئەم پرۆسە مێژوویییە چەندین بەڵگەنامەی تایبەت بەم پرسە گرنگە لەبەشی بەڵگەنامەکانی ئەم كتێبەدا بڵاو دەكرێنەوە.
رۆژی۳۰ی ئایاری ۱۹۹۲، دکتور مەحموود و ڕەسووڵ مامەند و عادل موراد و شێخ محەمەد شاکەلی و عەبدوڵلا ئاگرین سەردانیان کردم. ئەوان خۆشحاڵی و سوپاسی خۆیان نیشان دا بەرانبەر بەم هەڵویستە نیشتمانی و نەتەوەییەی پارتی کە لە برووسکەکەمدا هاتبوو. لەبەشێکی تری كۆبوونەوەکەدا گرنگیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دووپات کرایەوە. هەروەها رایانگەیاند کە نزیکە سۆشیالیست و پاسۆک و پارتی گەل یەک بگرن و ببن بەیەک حیزب، ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ۱۹۹۲، پەرلەمانی هەڵبژیردراو دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد. لەکۆبوونەوەی یەکەمدا حەسەن كانەبی بڵباس وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد، دواتر ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایییان خوارد. دواتر جەوهەر نامیق سالم بەسەرۆکی پەرلەمان و حەمە تەوفیق وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژیردران، بەڕاستی رۆژێکی مێژوویی بوو.


سەرچاوە؛
مەسعود بارزانی؛ بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی پێنجەم، ڕاپەڕین دەرفەرت و ئاستەنگەکان ١٩٩١ – ٢٠٢٢، چاپی یەکەم حوزەیرانی ٢٠٢٢، ل ١١٧ – ١٢٠. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand