یەکێتی بۆ زمانی خۆی بڕی ؟

Draw Media

2022-08-17 14:51:56



  شوان داودی
« ئێوە سایتی ڕەسمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن ، هیچ ڕیکلامی بازرگانی مەکەن و هەرچیتان پێویست بوو خۆم بۆتان دابین دەکەم » ئەمە قسەی هەمیشە زیندوو جەنابی مام جەلال بوو ئاراستەی  ستافی سایتی puk میدیا کرد کاتێک لە 2003/1/22 دامەزرا .
پێگەی فەرمی واتە زمانحاڵ ، لەو کاتەوە هەرچی هەواڵ و رای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە لەو پێگەیەوە بڵاو دەکرێتەوە بەپێچەوانەوە هەر بابەتێک لە هەر کەناڵێکی تری ڕاگەیاندن بڵاو کرابێتەوە گوزارشت نەبووە لە ڕای فەرمی یەکێتی گەر لە puk میدیا بڵاو نەکرابێتەوە .
تا ساڵی 2009  زنجیرەکەی یەکەم سایتی کوردی بووە لە جیهاندا ، لە 2018 کاتێک یەکەم پێگەی کوردی بوو خاوەنی1600000  لایەک و زۆرترین خوێنەر بوو کەوتە بەر هێرشی ئەلکترۆنی و پەلاماری نەیارانی یەکێتی بلۆکیان کرد .
 ئەم پێگەیە بەشی زمانەکانی کوردی هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی ، عەرەبی ، ئینگلیزی ، ڕوسی ، تورکی ، فارسی  هەبوو ، جگە لە سایتێکی تایبەت بە وەرزش خاوەنی شەش پەیچی فەرمی بووە و هەرزمانێکی ئەم پێگەیە پەیجی خۆی و تویتی تایبەتی بەخۆی هەبووە .
بە هۆی کاریگەریەکانیەوە هەردوو بەشی تورکی و فارسی لە سەر داوای فەرمی تورکیا و ئێران لە کاتی خۆیدا ڕاگیراوە ،چەندین ساڵ لە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم پێگەیە بلۆک کرابوو ، ماوەی پێنج ساڵە بە ئێستاشەوە لە سەرانسەری تورکیا بلۆک کراوە .
 ئەم پێگەیە بەردەوام  زۆرترین هێڕش و پەلاماری نەیارانی یەکێتی لەسەر بووە ، دەیان پەیجی داخراوە و فەوتاوە دەیان ئەکاونتی یوتوبی لێدراوە و کۆتایی پێهێنراوە .
سەرباری ئەرکەکانی خۆی خوێندنگەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی کادری پیشەیی بۆ یەکێتی  و چەندین کادر دەرچووی ئەو پێگەیەن لە شوێنی تر خزمەت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گەلی کورد دەکەن لە وانە سکرتێری ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی حکومەت ،  سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ، سەرپەرشتیاری دەزگای بادینان  سات ، سەرنوسەری المسری و دەیان کادری تر لە دەزگاکانی تری ڕاگەیاندنی یەکێتی کار دەکەن ، و چەندین کادری تری بونە خاوەنی بڕوانامەی باڵا ماجستێر و دکتۆرا لە بواری ڕاگەیاندن .
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پێگە سەنگەینە کەمترین کادر و کەمترین موچە و کەمترین بودجەی بۆ دابین کراوە بەرامبەر بە ناوەندەکانی تری ڕاگەیاندنی یەکێتی ، لە کاتی قەیرانی ئابوریدا ھاوکاریم کردوون و لە نزیکەوە ئاگادار بووم کە ئەم کەناڵەو کەناڵەکانی تریش بە چ قۆناغێکی سەختدا ئەو قەیرانەیان تێپەڕاند چۆن موچەیان لە 60 تا 90 رۆژ  دواکەوتوەو ئەمان یەک رۆژ کارکردنیان نەوەستاندوە کەچی ئێستا بەو شێوازە دادەخرێت .
من خۆم بۆ ماوەی سێ ساڵ وتەبێژی ،  فراکسیۆنی یەکێتی بووم لە بەغدا و دە مانگ ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندن وسەرپەشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوک بوومە لە نزیکەوە مامەڵەم لە گەڵ کردوە ئاگاداری هەموو کێشەو ئاستنەگەکانیان بووم و سودێکی زۆرم لەم پێگەیە بینیوە .
لە 2022/8/6 هەواڵێک بڵاو کرایەوە کە میدیایەکی یەکێتی لەبەرامبەر بەکارنەھێنانی زاراوەی سەرۆک بۆ  بارزانی داخراوە ، وەک زۆر جار بۆ بە دوادا چوونی ئەو هەواڵە سەردانی پێگەی puk میدیام کرد تابزانم کام میدیای یەکێتیە کە داخراوە ، بینیم پێگەکە ناکرێتەوە ، بۆیە زیاتر بە دوادا چوونم کرد بە داخەوە دەرکەوت دوای سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی و  قوباد تاڵەبانی بۆ لای بارزانی و بڵاوبونەوەی ھەواڵەکە لە بەرامبەر بەکارھێنانی وشەی سەرۆک بۆ بافڵ تاڵەبانی و تەنھا بەکارھێنانی ووشەی مەسعود بارزانی بەبێ پێشگری سەرۆک  ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەلایەن باڤڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیەوە  داخراوە وەکو سزایەک .
لەو ڕۆژە ڕۆژانە چەند جارێک سەردانی ئەو پێگەیە دەکەم بۆ ئەوەی بزانم کەوتۆتەوە کار یان سزاکە هەر بەردەوامە ..ئەمڕۆش جارێکی تر سەردانم کرد بەداخەوە هەر داخرابوو ، بۆیە بڕیارم دا قسەیەکی لە سەر بکەم لە کاتێکدا دەبوایە سکرتێری ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان کە پێش هەموو کەس قەرزاری ئەو پێگەیەن قسەیان هەبوایە لەو بارەیەوە ..
ئەمڕۆ زیاتر لە دە ڕۆژە زمانی یەکێتی بە بڕین سزا دراوە  کەس نقەی لێوە نایەت  ، پرسیارێک لام دروست بووە کە بە پێویستم زانی ئاراستەی هەریەک لە بەڕێزان باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەم و خوازیارم وەڵامێکم لێیان دەستکەوێ :
ئێوە  لە سەر هەواڵێک کە پێشگری سەرۆکی بۆ بارزانی دا نەناوە ، زمانی یەکێتیان بڕیوە puk میدیاتان داخستوە ..
ئەی دەبێ بارزانی کێ و چۆن سزا بدات لە سەر نیگەرانییەکانی  یەکێتی نیشتمانی کوردستان  لە سەر ئەو هەموو چەواشەکارییەی بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی خۆی (بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد) کە لە یادی 76 ساڵەی دامەزارندنی پارتیدا بڵاوی کردۆتەوە ؟
لە ڕاستیدا من خۆم پێم وانیە نە ئەو ڕاگرتنە  سزا بێت و نە هۆکارەکەشی نیگەرانی بارزانی بێت ،  چونکە گەر وابایە ئەوە چەند ڕۆژێک و سزاکە کۆتایی پێ دەهات و کارەکان ئاسایی دەبونەوە نەک حزبەکە لەوە زیاتر بێ زمان بکەن ، بەڵکو پێم وایە وا داخراوە ئیتر نەکرێتەوە هۆکارە کەڵەکەبوەکانیش زۆرن سەرەکی ترینیان ئەوەیە ئەم پێگەیە پێگەی یەکێتی بووە نەک هی کەسەکان و هەرواش دەمێنێتەوە نابێتە هی کەس .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand