Draw Media

بۆ قوباد و پاڤێڵ تاڵه‌بانی

بۆ قوباد و پاڤێڵ تاڵه‌بانی

2022-08-17 09:15:49


ھەورامان وریا قانع
پێده‌چێت سوێندتان به‌گۆڕی ئه‌و هه‌مو شه‌هیده‌ی یه‌كێتی خواردبێت؛ كه‌ چی خراپه‌ به‌م شاره‌ی بكه‌ن! دیاره‌ ده‌تانه‌وێت ته‌نها سزای خه‌ڵكی سلێمانی بده‌ن و باكتان به‌ هیچ شتێكیش نییه‌. سیاسه‌تی ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ چی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌ژار و ده‌ستكورتی شاره‌كه‌یه‌، نه‌یكه‌ن و ئه‌وه‌ی كۆمپانیا و داروده‌سته‌كه‌ی خۆتان ده‌یه‌وێت، ئۆكه‌ی بۆ بكه‌ن. ئێوه‌ ته‌نها له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوون كه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ، خه‌ڵكی ئه‌م زۆنه‌، زیاتر و زۆرتر له‌خۆتان توڕه‌بكه‌ن و ڕقیان به‌رامبه‌رتان ئه‌ستورترببێت. له‌مه‌دا زۆر له‌ پێش پارتی و گۆڕان و حیزبه‌كانی دیكه‌وه‌ن. زۆر سه‌ركه‌وتوون له‌وه‌ی خه‌ڵك چی پێناخۆشه‌، ئێوه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕینی قات و بۆینباغه‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كانتان و عه‌ینه‌كه‌ شه‌مسییه‌كانتان، فه‌رمانی جێبه‌جێكردنی بۆ ده‌ركه‌ن و میكزه‌مینی پڕ كۆماندۆی ده‌مامكدار، بنێرنه‌ سه‌ریان. وه‌ك ئه‌وه‌ی ناردبووتانه‌ سه‌ر شۆفێری هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ گه‌راجه‌ كۆنه‌كه‌.
یه‌كێك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ سه‌قه‌ته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و دڵنیام ئاگاداری ئه‌نجامدانه‌كه‌ین، گواستنه‌وه‌ی گه‌راجی به‌غدا و هه‌ولێر  و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌، بۆ لای نزیك كه‌نه‌كه‌وه‌. به‌س یه‌ك سودی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌م پێ بڵێن بۆ خه‌ڵكی كه‌م ده‌رامه‌ت و ئه‌وانه‌یان كه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن؟ یه‌ك حیكمه‌تی مه‌عقول و لۆژیكی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌م بۆ بنووسن. له‌ كوێی دونیادا بووه‌ گه‌راج كه‌وتووه‌ته‌ دوای فڕۆكه‌خانه‌وه‌! ئه‌مه‌ چ داهێنانێكه‌ كرێی نرخی ته‌كسی ناوشار بۆ گه‌راج، له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا زیاتره‌ له‌ كرێی نرخی ڕۆشتن له‌ گه‌راجه‌كه‌وه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ یان بازیان یا هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی ده‌وروبه‌ری پارێزگای سلێمانی.
دوێنێ نزیك سه‌عات دوانزه‌ و نیو، به‌و قرچه‌ی گه‌رمایه‌ له‌ سه‌هۆڵه‌كه‌، ته‌كسییه‌كه‌م ڕاگرت بۆ گه‌راج، وتی هه‌شت هه‌زار!! وتم زۆره‌ و پێنج باشه‌، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامم بداته‌وه‌ ڕۆشت. یه‌كێكی دیكه‌م ڕاگرت و یه‌كسه‌ر وتم به‌ شه‌ش هه‌زار برۆین بۆ گه‌راج، وتی كه‌مه‌، وتم ئه‌ی چه‌ند باشه‌؟ وتی ده‌ هه‌زار!! وتم پێش تۆ به‌ هه‌شت هه‌زار ده‌ڕۆشت، وتی منیش به‌ هه‌شت هه‌زار ده‌ڕۆم، به‌ڵام ته‌برید داناگیرسێنم! به‌ ناچاری و بێ ته‌برید له‌گه‌ڵی رۆشتم. له‌و گه‌راجه‌ی گوایه‌ ده‌ڵێن زۆر مۆدێرنه‌ و تازه‌گه‌ری زۆری تێدا كراوه‌، هیچ وا نییه‌. سه‌یاره‌ی خه‌ته‌كان هه‌ر هه‌موی له‌ژێر جه‌مه‌لۆندایه‌ و یه‌ك هۆكاری فێنككه‌ره‌وه‌ له‌وناوه‌دا نییه‌ و ده‌بێ له‌ژێر سێبه‌ری جه‌مه‌لۆنه‌كان، هه‌ر خه‌ریكی باوه‌شێنكردن بێت. 
من بۆ هه‌ولێر ده‌ڕۆشم، دوای من نه‌فه‌رێكی دیكه‌ هات، ئه‌و له‌ سه‌رچناره‌وه‌ هاتبوو، وتی ته‌كسییه‌كه‌ ده‌ هه‌زار دیناری لێوه‌رگرتووه‌ ئینجا ته‌بریدی بۆ داگیرساندووه‌. ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی كاره‌ جوانه‌كه‌تانه‌، ئه‌وه‌ سودی گواستنه‌وه‌ی گه‌راجه‌كه‌تانه‌. ئه‌وه‌ی له‌وێدا ڕاوه‌ستابوو، به‌ نه‌فه‌ر و شۆفێره‌وه‌، هه‌ر هه‌موی ناڕازی بوو، به‌شی هه‌ره‌ زۆریان ڕووی گله‌یی و قسه‌كانیان له‌ هه‌ردووكتان بوو، ئێوه‌یان به‌ به‌رپرسی یه‌كه‌م و كۆتایی ئه‌و چه‌ته‌گه‌ریی و مافیاگه‌رییه‌ داده‌نا كه‌ به‌ زه‌بری هێز و هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ركردن، گه‌راجه‌ كۆنه‌كه‌یان پێ چۆلكراوه‌. 
پرساره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: ئێوه‌ ئه‌م دوانه‌تان، بۆ وا به‌م شاره‌ و به‌ خه‌ڵكه‌ ماندووه‌كه‌ی ده‌كه‌ن؟ چ قازانجێك له‌وه‌ ده‌كه‌ن ڕۆژانه‌ له‌ ناو ته‌كسییه‌كان، ئه‌و هه‌مو قسه‌ ناخۆش و ناشرینه‌تان بۆ بێت؟ چ له‌زه‌تێك له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئازاری مرۆڤی ئه‌م شاره‌ بده‌ن؟ ئاخر ئێوه‌ هه‌تانه‌ و نیتانه‌ تۆزقاڵێكی ئه‌م شاره‌یه‌، لێره‌ بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ هیچ شارێكی دیكه‌ی كوردستان جێتان نابێته‌وه‌ و ناتوانن ئاوا به‌ كه‌یفی خۆتان چیتان بووێت بیكه‌ن! 
تۆزیك رێز و حورمه‌ت بۆ خۆتان بگه‌ڕێننه‌وه‌ و ئه‌م كاره‌ سه‌فه‌ت و بێ مانایه‌تان ڕاگرن و ئه‌و گه‌راجه‌ بگه‌رێننه‌وه‌ بۆ شوێنه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆی. سیاسه‌ت به‌وه‌ نابێت باوه‌ش به‌ هادی عامریدا بكه‌یت و رۆژێ له‌ به‌غدابیت و رۆژێ له‌ سه‌ری ڕه‌ش، هه‌ر هەمو ئه‌وه‌ تورێكی قوڕاوی ناهێنێت. سیاسه‌تی دروست ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ت، له‌ كاسبكار و دوكاندار و مامۆستا و فیته‌ر  و كارمه‌ند و خانه‌نشینه‌كان... هتد، لێت ڕازیبن، نه‌ك حه‌سه‌ن پلایس و خه‌زعه‌لی و جه‌ماعه‌تی زۆنی زه‌رد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand