Draw Media

روفاتی ئه‌نفاله‌كان و پشكنینی دی ئێن ئه‌ی 

روفاتی ئه‌نفاله‌كان و پشكنینی دی ئێن ئه‌ی 

2022-08-16 11:27:01


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

روفاتی 171 ئه‌نفالكراوی كورد " كوردی بێكه‌س " ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ به‌غدایه‌ ، به‌غدای ئێستای پڕ له‌ نادادی و سته‌م و ، رابردوی ئه‌نفال و كیمیاباران ، روفاته‌كان  وێڕای خه‌مساردی عێراق به‌رانبه‌ر هێنانه‌وه‌یان كوردیش هه‌ر یه‌ك به‌ ئاوازێك و هه‌ریه‌ك له‌ دۆڵێك له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌دوێن ، له‌ كوردستان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ناوه‌ندی مایكرۆجین بۆ پشكنینی" دی ئێن ئه‌ی" هه‌یه‌و دكتۆرێكی ناسراوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراو خاوه‌ندارێتی ده‌كات ، دكتۆر فه‌رهاد به‌رزنجی ، كوری شێخ مارف به‌رزنجی ، شاره‌زاو پسپۆڕی ئه‌و بواره‌ له‌ رابردودا سه‌ره‌ڕای دروستكردنی كێشه‌و له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كاره‌كانی، به‌ڵام چه‌ند ین پشكنینی" دی ئێن ئه‌ی " به‌ سه‌ركه‌وتوی ئه‌نجام داوه‌و روفاتی قوربانیه‌كانی به‌ كه‌س و كار یان گه‌یاندوه‌ته‌وه‌ ، بۆنمونه‌ قوربانیه‌كانی خه‌له‌كان .
هه‌ڵبه‌ت پێویست بوو وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و وه‌زاره‌تی دادو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پرسی پشكنینی" دی ئێن ئه‌ی"  ئه‌و 171 روفاته‌و قوربانیانی نێو گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی بیابانه‌كانی عێراقیان له‌ گه‌ڵ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ به‌ ئامانج بگه‌یه‌ندایه‌وهاوپشكنینی كه‌س و كاری قوربانی و قوربانیه‌كانیان یه‌كلابكردایه‌ته‌وه‌و روفاته‌كانیان به‌رله‌ فه‌وتان و له‌ ناوچوونی یه‌كجاری بگێڕایه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان ، بۆ ئه‌مه‌ كوردستان پێویستی به‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت و كه‌سانی پسپۆڕ هه‌یه‌ كه‌ له‌و بواره‌دا ئیش بكه‌ن و ره‌نگه‌ باشترین شوێنیش بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌ چه‌مچه‌ماڵ یان كه‌لار بێت ،هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ زۆر گرنگ نیه‌ كوێبێت ، گرنگ ده‌رهێنان و هێنانه‌وه‌ی روفاته‌كانه‌ و دواتریش پرسی كنه‌و پشكنینی "دی ئێن ئه‌ی " .
ناكرێت به‌ هیچ بیانویه‌ك ئێمه‌ لێبگه‌ڕێین ده‌یان ساڵی تر ئێسك و پروسكی قوربانیه‌كانمان له‌و بیابانانه‌ بن و له‌ گه‌ڵ لم و تۆزدا تێكه‌ڵ ببن وله‌ بیر بچنه‌وه‌ ، له‌ هیچ كوێی دونیا به‌و جۆره‌ روفاتی قوربانیه‌كان له‌ بیر نه‌كراوه‌و وازی لێنه‌هێنراوه‌ ، نه‌ رواندیه‌كان ، نه‌ئه‌رمینیاو نه‌ جوله‌كه‌ به‌و جۆره‌ خه‌مساردنه‌بوونه‌به‌رانبه‌ر قوربانیه‌كانیان ، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بڕیاری ئاوه‌زیانه‌و بوێرانه‌ بدرێت و چی تر ئه‌و پرسه‌ پشتگوێ‌ نه‌خرێت .
پشكنینی "دی ئێن ئه‌ی" كارێكی گرنگ و بایه‌خداره‌و وێڕای دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی قوربانی ده‌كرێت وه‌ك كارتی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ سودی لێوه‌ربگیرێت ، ئێمه‌ ئێستا له‌ كوردستان و به‌ تایبه‌ت له‌ سلێمانی سه‌نته‌رێكی پشكنینی "دی ئێن ئه‌ی" مان هه‌یه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم له‌ ده‌ره‌وه‌ش دان به‌ كارو پشكنینه‌ ورده‌كانیدا نراوه‌و له‌ رابردودا چه‌ندین كاری ناوازه‌ی كردووه‌ ، گه‌رچی به‌ هۆی تێنه‌گه‌یشتن له‌و پرسه‌ گرنگه‌و به‌ هۆی پشتگیری نه‌كردن له‌و سه‌نته‌ره‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌ زۆر جار كێشه‌ دێته‌ رێی كاره‌كانی ، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و سه‌نته‌ره‌و به‌ تایبه‌ت دكتۆر فه‌رهاد دابنیشن و له‌وه‌ بكۆڵنه‌وه‌ داخوا بۆ پرسی روفاته‌كانی ئه‌نفال و پشكنینی" دی ئێن ئه‌ی" ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ده‌توانێت چی بكات ؟.
به‌ باوه‌ڕی من پارله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رپرسیاره‌تی گه‌وره‌  ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان و ناكرێت به‌رده‌وام پرسی هێنانه‌وه‌و پشكنینی روفاته‌كان پشتگوێ‌ بخرێت ،پارله‌مان و حكومه‌ت پێویسته‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر هێڵ و قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بێت ، بۆ ئه‌مه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو لایه‌ك زیاتر ئه‌ركی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رو ناكرێت له‌ بڕیاردان له‌و باره‌یه‌وه‌ دوو دڵ و نیگه‌ران بێت، باشتریشه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ پرس و ڕا به‌ ده‌سته‌بژێری كه‌س و كاری ئه‌نفاله‌كانیش بكرێت ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئه‌نفالكراوانی كوردستان  موڵكی یه‌ك بنه‌ماڵه‌و یه‌ك شارو شارۆكه‌ نین و موڵكی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستانن، هه‌ر به‌وه‌ش كۆسته‌كه‌ ده‌كرێته‌ كۆستی گشتی و جینۆ سایدكراوان ده‌بنه‌ هی هه‌موومان ، یه‌كێك له‌ هاوڕێ‌ خه‌مخۆرو نوسه‌ره‌كانی بواری جینۆساید كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌می نه‌كردووه‌ ، هه‌موو جار ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سی نزیكی ئه‌نفالنه‌كراوه‌ ، به‌ڵام پرسه‌كه‌ به‌ پرسێكی ویژدانی و ئاكاری ده‌بینێ‌ و خۆی به‌ كه‌سێكی هه‌ره‌ نزیك به‌و بابه‌ته‌ ده‌بینێ‌ و ناتوانێ‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر نه‌كات ، ئه‌مه‌ پرسێكی ئاكاری گرنگه‌و پێویسته‌ هه‌موومان هه‌مان بیركردنه‌وه‌مان هه‌بێت ، بۆ به‌ گشتی كردن و هه‌میشه‌ به‌رز هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ له‌ یاده‌وه‌ری و دیرۆكماندا.
له‌ راستیدا من به‌ مه‌به‌ست و بۆ گفت و گۆیه‌كی لۆژیكی و به‌رهه‌م دار ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌خه‌مه‌ به‌ردیده‌ی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندی دارو نوسه‌رانی بواری جینۆساید ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دواجاردا به‌ بڕیارێكی ئاوه‌زیه‌وه‌ ده‌ربچین ، بۆ ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوانی گفت و گۆو به‌شداری ئێوه‌شم .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand