Draw Media

عیراق به‌ره‌و كوێ‌ دیكتاتۆری یان ؟

عیراق به‌ره‌و كوێ‌ دیكتاتۆری یان ؟

2022-08-01 20:00:31


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
موقته‌دا یاریه‌كی زۆر مه‌ترسیداری كرد به‌وه‌ی شه‌قی له‌ پارله‌مان هه‌ڵدا ، به‌مكاره‌ی زه‌مینه‌ی گێڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌تی فه‌راهه‌مكرد ، دیكتاتۆریه‌ت له‌ ژێر عه‌مامه‌و عه‌باوه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێت ، هه‌ست و كه‌وته‌ سه‌یرو سه‌رنجراكێشه‌كانی موقته‌دا كه‌ دیار نیه‌ چه‌ند لایه‌ن و وڵات و ئاوه‌ز ده‌یجوڵێنن ، كاره‌كته‌ری مارمێلكی نێو فیلمی مارمێلكم بیر ده‌خاته‌وه‌ ، موقته‌دا ، جگه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ كانی خۆی به‌رهه‌می ناجۆری و نائاوه‌زی به‌رانبه‌ره‌كانێتی ، ئه‌وانه‌ی له‌ 2003ه‌وه‌ ته‌ڕوهیشك پێكه‌وه‌ ده‌خۆن ، موقته‌دا پێبزانێت یان نا زه‌مینه‌یه‌كی دیكتاتۆریه‌ت ده‌خولقێنێ‌ كه‌ هه‌ر گیز خۆی تێیدا له‌ ئاسایشا نابێت و ره‌نگه‌ له‌ ژماره‌ سه‌ره‌ تاییه‌كانی قوربانیه‌كان بێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ نائاوه‌زیه‌ به‌رده‌وام بێت ، زه‌مینه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی زیاد ده‌كات ، دوور نیه‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا جارێكی ترو له‌ ده‌رگایه‌كی ترو به‌ پڕۆژه‌یه‌كی تره‌وه‌ بێنه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ عیراق بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی پاشایه‌تی كه‌ ئه‌وه‌ش خه‌یاڵی كه‌سانێكه‌ ، عیراق له‌م دۆخه‌دا یان به‌ره‌و فه‌وزا یان به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت ملده‌نێت ، ته‌نانه‌ت سه‌دریه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ستوریش ده‌كه‌ن ، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر رای گه‌لی له‌ گه‌ڵ نه‌بێت مه‌گه‌ر سیسته‌می دیكتاتۆریه‌ت بیكات ، ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ جدیه‌و به‌رده‌وامی زۆر له‌ سه‌ری خواستی  هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌كه‌ زیاتر ده‌كات .
ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ ناو هۆڵی پارله‌مانی عیراقیدان به‌ مانا ئاوه‌زیه‌كه‌ی گه‌ل نین شه‌قاوه‌و هه‌روه‌ها گیرفانخاڵی و توڕه‌كانی به‌غداو شوێنه‌كانی ترن كه‌ سبه‌ینێی خۆیان ده‌وێت ، شه‌قاوه‌ش خه‌ونی هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئاوه‌زداره‌كان له‌وێ‌ نین تا لانی كه‌م مرۆڤ بزانێ‌ داوای چی ده‌كه‌ن ، موقته‌داو وه‌زیر سه‌ركرده‌كه‌شی ناتوانن لانی كه‌می یه‌ك له‌ ده‌ی خه‌ونه‌كانی ئه‌وان بەدیبێنن ، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ونه‌كانیان له‌ گۆڕ نه‌نێن، نه‌جم و جۆڵ و سه‌ركێشیه‌كانی موقته‌دا، نه‌تفه‌نگه‌ شڕه‌كه‌ی ده‌ستی مالكی ، كه‌ ره‌نگه‌ خۆنمایشكردنی به‌ چه‌كه‌وه‌ ناشرینترین وێنه‌ی ساڵ بێت من بینیبێتم ، ئاخر ئه‌و چه‌كه‌ بۆ سنگی لاوه‌ توڕه‌كانی وڵات هه‌ڵگیرابوو ، ئه‌وانه‌ی شه‌قاوه‌كان و موقته‌داش یاری به‌ خه‌ونه‌كانیان ده‌كه‌ن ، نه‌ك بۆ ده‌ركردنی بنكه‌و باره‌گاكانی توركیا .
شیعه‌ له‌ چاخ و سه‌رده‌مێكی جیاوازدا به‌ هه‌مان رێگه‌ی بیسته‌كاندا ده‌ڕۆنه‌وه‌ كه‌ بۆماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی خۆخاوه‌نیان لێسه‌ندرایه‌وه‌ ، كێ‌ ده‌ڵێت موقته‌داو مالكی گۆزه‌كه‌ له‌ سه‌ری خۆیان و شیعه‌شدا ناشكێنن ، شه‌ڕی ده‌رو دراوسێَی دورو نزیكیان هێناوه‌ته‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ، كوردیش له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌ ، پرسه‌كه‌ له‌ گۆڕینی ده‌ستورو دووسه‌د ملیارو ئه‌و شتانه‌ زیاتره‌ ، وێنه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومیه‌كانی 1963 به‌راورد كه‌ن به‌ وێنه‌كانی ئێستا ، دروشمه‌كان ببینن، بزانن بایه‌كه‌ به‌ره‌و كوێمان ده‌بات .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand