جێگرەوەی نائومێدی
2022-07-30 07:08:03
د.حیكمەت نامیق
ئەوەی كە دەگوزەرێ نا ئومێدیەكی لەڕادەبەدەری كۆمەڵگاو گرووپ و تاك و مرۆڤە جگە لە چینێكی باڵادەستی خۆشگوزەران كە كەلێنێكی ئێجگار گەورەی دروستكردوە لەنێو چین و توێژەكانی كۆمەڵدا بەشێوەیەك مرۆڤی توشی نا ئومێدیەك كردوە خەریكە تەواو پەنگ دەخواتەوە بە ئاراستەیەكی نادیار هەنگاو دەنێ كێشە ئەوەیە كەس نیە، یان ئەگەر هەشبێ ناتوانێ و نایەوێ جلەوی ئەو نا ئومێدیە بكات بەو مانایەی كە دایمركێنێتەوە یان
لایەنی كەم بەشێكی ئەوخەمەقووڵەیان لەكۆڵ بكاتەوە كە دەمێكە ماندووە بەدەست ئەو گەندەڵی و پیسخۆریەی كە بەڕۆكی گرتوون ئەوسەركردەیەی كە هەڵدەكەوێ لەنێو كۆمەڵگادا كێشە نیە پڕۆژەو ئاراستەی ئیشكردنەكانی بەناو چاكسازی بێت یان دژە گەندەڵی بێت یان هەرناوێكی تر گرنگ ئەوەیە كوردێكی پاك و خۆنەویست بێت، هەروەها كێشە نیە لەبەرەی دەسەڵات بێت یان بەرهەڵستكار یان ئەوەتا سەربەخۆ و بێلایەن بێت، كاتێك میللەتێك تەژی دەبێت بە قەیران بەپێی ئەزموونی مێژوویی جیهانی كۆمەڵگاكان ئیدی كەسێك وەك سەركردەیەكی بوێر و خۆنەویست قووت دەبێتەوە ئەو خەمە دەكاتە كۆڵی خۆی بەهێزەوە دێت و ئەو میللەتە لە قەیران دەرباز دەكات لایەنی كەم لە قەیرانی ئابوری و سیاسی و كایەكانی دیكە. هەروەها كێشە نیە ئەو كەسە ئەهلی زانست بێت یان نا گرنگ ئەوەیە لەخەمی كۆمەڵگاكەی خۆیەتی و نایەوێ بكەوێت هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكات مێژوو ڕاست دەكاتەوە بە ئاراستەی چاككردنی دۆخەكە لەبەرژەوەندی خەڵكی ماندوو بە دەست نادادی وگەندەڵیەوە .
ڕۆژانە ڕێژەی ئەو نیگەرانی و قەلەقیە كۆمەڵایەتیە زیاتر هەستی پێدەكرێی و لەهەڵكشاندایە. ئەو نیگەرانیەی كە كۆی میللەتی كورد ئاواتە خوازە كەسێك هەبێت ڕزگاری بكات لەو دۆخە چەقبەستوەی كە دەمێكە قفل دراوە لەلایەن هەموو ئەو حیزب و گرووپانەی كە دەسەڵاتیان بەدەستەیان ئەوانەی بەرهەڵستكارن.
كۆمەڵگا هیچ دەرفەتێكی نیە تەنیا پێویستی سەركردەیەكی كاریزمی بوێر هەیە بۆ ئەوەی مافە زەوتكراوەكانی میللەت بەدەست بێنێتەوە، كەسیش تەمەنای تێكچوونی ئەو ئەزموونە ناكات بەئەندازەی ئەوەی خواستی چاككردنی ئەو دۆخە چەقبەستوەیە كە سەرتاپای كایەكانی ژیانی پەكخستوە كۆمەڵناسەكان ناویان ناوە قۆناغی ڕاگوزەری، بێگومان تێپەڕینی هەر قۆناغێك گرووپ و كەسانی ڕۆشنبیرو سیاسی كارامەو تەكنۆكرات ئەو ئەركە دەخەنە سەرشانی خۆیان بەتایبەتی لە كۆمەڵگا گەشەكردووەكاندا، بەڵام لەوڵاتی ئێمەماناندا لەبەر كۆمەڵێك فاكتەری بابەتی و خودی و كولتوری تەنیا سەركردە بە هێزەوە ئەو قۆناغە بەشێوەیەك لەشێوەكان تێدەپەڕێنێت و دەیكاتە مۆدێلێك بۆ ستراكتوری كۆمەڵگا ئەگەر ئەو خەسڵەتانەی تێدابێت كەلەسەرەوە ئاماژەمان بۆكرد.