Draw Media

تفەنگەكەی مالكی

تفەنگەكەی مالكی

2022-07-29 20:14:23


هەندرێن شێخ ڕاغب
گەنجان و هاوڵاتیانی عێراق رژانە سەر شەقام، حكومەتەكەی عادل عبدالمهدیان خست، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوی نا، كۆمەڵی نێودەوڵەتی كۆمەكی زۆریان كردو پێشوازی گەرمیان لەم هەنگاوە كرد. هەڵبژاردنەكەشیان سەرخست. چاوەڕێ بوون هێزە براوەكان حكومەتێكی جێگای خواستی هاوڵاتیان دروست بكەن. براوەی هەڵبژاردن لیستەكەی موقتەدا سەدر بوو، رایگەیاند تەوافوق هەڵدەوەشێننەوەو حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی دروست دەكەن. هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران و دۆڕاوی هەڵبژاردن، بە راوێژی ئێران چوارچێوەی هەماهەنگیان دروست كرد. 
سیماكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە چی بوون: 
1-بەفەرمی ماڵی شیعەی دوو لەت كرد. ئیدی یەك ماڵەی شیعە كۆتایی هات. ئێستا دوو بەرەی شیعەی جیاواز هەیە.
2-ماڵی سووننەی یەك خست. هەرچەندە ناكۆكی زۆریان هەیەو بناغەی ماڵەكەیان زوو بومەلەرزەی لێ دەدات. 
3-بەفەرمی كوردی لەعێراق دابەش كرد، كردی بە دوو بەرە. وەك ماڵی شیعە.هەرچەندە كورد دەمێكە دابەش بووە، بەڵام لە بەغدا بەم زەقیە دوو بەرە نەبوو. 
ئێران لەرێگای چوارچێوەی هەماهەنگی، شكستی بەدروست كردنی حكومەتی زۆرینەی موقتەدا هێنا، موقتەداش خەڵكی ناردە ناو پەرلەمان و گوتی حكومەتی تەوافوقی قبوڵ نیە. بەڵام ئەمە هەر ئەوەندە نیە، بەڵكو چەند گۆڕانكاریەك هاتە ئارا لەدوای دەركەوتنی مالكی بەتفەنگەوە. دەركەوتنی مالكی بەتفەنگەوە، دەلالەتی زۆری تێدایە، وەك:
1-شكستی گفتوگۆی سیاسی نێوان ماڵی شیعەیە.
2-شكستی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە.
3-گەیشتنە بنبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو ماڵی شیعەیە.
4-دەستپێكردنی قۆناغێكی تازەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، كە زیاتر سیمای توندوتیژی لێوەدیارە. نەك دیالۆگ.
5-جێگۆڕكێی سندوقی هەڵبژاردنە بە سندوقی فیشەك.
6-زەمینە خۆشكردنە بۆ كودەتا، كاتێك بەعسیەكان مالكی بەتفەنگەوە دەبینن لە ناو بەغداد، باش لەم جۆرە پەیامانە تێدەگەن، كەسیش هێندەی بەعسیەكان شارەزای هەڵگرتنی تفەنگ و كودەتاو گۆڕانكاری سەربازی نیە لەعێراق، دەتوانین بڵێین تفەنگەكەی مالكی بۆ بەعسیەكان رۆژێكی گرنگ بوو. 
7-گومان كردن لە هێزی مەرجەعیەت بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە.
تفەنگەكەی مالكی، مانای زۆری هەیە، كە دەكرێت لە زۆر گۆشە نیگاوە خوێندنەوە بۆ رەوشی عێراق بكرێت. كاتێك تفەنگ لە دەست دەگری، مانای وایە ئیدی گوێگرتن و دیالۆگ و قسەی خەڵكی نەما، هێز دەبێتە ئەولەویەت. 
بەهیوای ئەوەی هەرێمی كوردستان باشتر بتوانێت لە گۆڕانكاریەكانی دوای تفەنگەكەی مالكی تێ بگات؟؟.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand