پاڵتۆکەی پارتی!
2022-07-23 19:52:30
ئارام سەعید
کۆمەڵێک حزب و هێزی جیاواز کوردستانیان تەنیوەو بەردەوام لەململانێ و پێکداندان، رەخنە لەیەک دەگرن و لەیەکتری نارزاین و پێکەوە حکومەت پێکدەهێنن و دوژمنی یەکترن بە میدیاو بڵاوکراوەکانیان، بەڵام چەندین ریکكەوتن و بەرژەوەندی هاوبەشی ژیربەژیریان هەیە. هەندێکی تر دەمێک لە حکومەت و دەمێکی تر دەبنە ئۆپۆزیسیۆنی سەرسەخت و سیستمەکە بەخراپ دەزانن و رەخنەی دەکەن.
ئۆپۆزیسیۆنی تازە دروستدەبێت و دەکەوێتە رەخنەو قسەکردن لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مۆدێلی خراپی حزبی دەسەڵات و پاش ماوەیەکی کەم خۆی دەبێتە هەمان مۆدێل، حزبەکان وەکو کۆیلە سەیری ئەندام و لایەنگرانیان دەکەن، ئەگەر یەکێتی و پارتی دەیان ساڵیان پێویست بووبێت تا ببنە بنەماڵەیی و دەستبگرن بەسەرحزبدا ئەوا لای ئۆپۆزیسیۆن ئەم پرۆسەیە خێراترەو زوتر بنەماڵە دەستدەگرێت بەسەر حزبدا.
باس لەناکۆکی و ململانێی ناوخۆی حزبەکانی دەسەڵات دەکەن و رەخنە لە پرۆسەی بڕیاردان دەگرن بەڵام لە جەوهەردا هەمان پرۆسە هەیە لەلای خۆیان بۆ بڕیاردان، باس لەخراپیی میدیای دەسەڵات دەکەن و خۆیان میدیای حزبیان هەیە، باس لە کۆنگرە خراپەکانی حزبی دەسەڵات دەکەن و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەو ئەندامەی سەرۆک لێی رازی نەبێت نابێتە بەرپرسی باڵا.
ئەوکاتەی یەکێتی دروستبوو وەک هێزێک لەدژی پارتی و لەهەناوی پارتییەوە هاتەدەرێ، کە گۆڕان دروستبوو وەک هێزێکی دژە یەکێتی لەهەناوی یەکێتییەوە هاتە دەرێ، بەگشتی هەموو ئەو هێزە نوێیانەی لەهەناوی حزبی دایکەوە هاتنە دەری لەئەنجامدا بوونەوە بەهەمان هێز بەڵام بەناوی جیاوازەوەو ئەوەی گۆڕرا دەموچاوەکان بوو، هەرچەندە لە سەرەتاکاندا ناوی تازەو رەفتاری جیاواز دەکەن بەڵام دواتر دەچنەوە سەر حزبی دایک کە ئەویش پارتییە، کەواتە چۆن هێزێک کە کۆپیەکی بچوکی هێزێکی تر بێت گۆڕانکاری و ململانێ دەکات لەگەڵ حزبی دایک.
کامەیە ئەو مۆدێلەی لە کوردستاندا لە مۆدێلی پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازە؟ چیە چیاوازییەکانیان و لەچیدا جیاوازن؟ گوتارو دیدگایان لەکوێدا جیاوازە؟ ئایا لابردنی ئەو گروپانەی دەسەڵات و جێگرتنەوەی بەیەکێک لەو ئۆپۆزیسیۆنانە گۆڕانکاری دروستدەکات یان هەر گۆڕینی دەموچاوەکانە وەک ئەوەی لە میسر رویدا؟ تۆبڵیی ئەگەر یەکێتی و پارتی لاببرێن دەستێکی ئەمین دارێکی سیحری پێبێت و بتوانێت گۆڕانکاری ریشەیی بکات؟
دۆخی هاوڵاتیانیش تادێ خراپتر دەبێت، گومان نیە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئێستا چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستای پێناکرێت و تابڵیی گەندەڵ و ستەمکارە، ناڕەزایی و بێ ئومێدی گەورە هەیە لەوەی توانای چاکسازیان هەبێت، ئەوەی زیاتر خەڵک بێ ئومێد دەکات ئەوەیە بەدیلێک نابینێت بۆ رادەستکردنی ئەم دەسەڵاتەو هەربۆیە هیچ ناڕەزاییەکی جیدی دەرناکەوێت چونکە هاوڵاتیان باش دەزانن ئەو هێزانەی ئێستا ئۆپۆزیسیۆنن گەربێت و دەسەڵات بگرنە دەست گەرەنتی نیە کە بەهەمان شێوەو مۆدێل دۆزەخێک نەخولقێنن چونکە لە رەفتارەکانیاندا ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی جیاوازبن و لەجەوهەردا هەریەکێکیان پارتییە بەدەموچاوی جیاوازەوەو هەمویان لەپاڵتۆکەی پارتییەوە هاتونەتە دەرێ!
کۆتاییهێنان بەدۆخی ئێستا پێویستی بەدیدێکی روون و ئاشکرا هەیە کە مۆدێلی پارتی نەبێت و بتوانیت گوتاریکی پێکەوەژیان و ئاشتیانەو قبوڵکردنی جیاوازی هەبێت و هاتنی هێزی نوێ بەهەمان شێوازی پێشوو بێ ئومێدی زیاترو ماڵوێرانی زیاتری بەدواوەیە!