Draw Media

بەرەو نەمانی خۆشەویستی                     

بەرەو نەمانی خۆشەویستی                     

2022-07-23 10:45:29


 د. حیكمەت نامیق 

ئەوەی كە دەمەوێ قسەی لەسەربكەم توانەوەی خۆشەویستیە لەسەر دەمی بەجیهانیكردن و بە سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمەڵگا، ڕەەنگە فۆڕم و جۆرەكانی خۆشەویستی لە كۆمەڵگایەكی گەشەكردوی ئەقڵی تاڕادەیەك جیاواز بێت لەهەندێ خەسڵەت و تایبەتمەدیدا، بەڵام بەگشتی بەپێی توێژینەوەی كۆمەڵناسەكان خۆشەویستی سۆزداری نێوان ژن و پیاو  تواوەتەوە یان تەواو وون بوە لەبەرچەندین هۆكار، ڕەنگە بە سۆشیاڵ میدیاكردنی كۆمەڵگا پشكی شێری بەركەوێت، چونكە كاتێك خۆشەویستی لەهەموو شوێنێكی كۆمەڵگا بەردەست بوو هەركاتێك ویستت بەدەستی بێنیت ئەوا دەبێتە شتێكی هەرزان دەگۆڕێت بۆ كاڵاو مەودا كورت دەبێت ئامانج و وەزیفەی لەدەستدەدات.
 لەمێژە  سۆسیۆلۆژیستەكان ئەوەیان بەگوێی خوێنەر داوە كەوا خۆشەویستی لەسەردەمی ئێستادا كۆتایی پێهاتوە ، سێكس و ڕابواردن و چێژ وەر گرتن شوێنی گرتۆتەوە بۆنموونە كۆمەڵناسێكی وەك( باومان) لەكتێبی( خۆشەویستی شل)  پێی وایە كە سێكس لەسەردەمی پۆست مۆدێرنەدا شوێنی  بەهای خۆشەویستی گرتۆتەوە، ژنە كۆمەڵناسی فەڕەنسی بەڕەگەز مەغریبی (ئیڤا لۆز) لەكتێبی (نەمانی خۆشەویستی)  دەلێ ئەوانەی پێشتر یەكتریان خۆشدەویست ئیًستا یەكتر بەجێدەهێڵن ئەو لەتوێژینەوەكەیدا بەتێرو تەسەلی ئاماژە بە نەمانی چیرۆكی خۆشەویستی دەكات و دان بەوە دادەنێت كە ژیانی خێزان و پەیوەندی رٍەگەزەكان  پڕیەتی لە نائارامی و نا هۆگربوون لەگەڵ یەكتر بەشێوەیەك پەیوەندیەكان هەڵوەشاوەتەوە كە مرۆڤ توشی شۆك دەكات، ئەو پەیوەندیە هۆگریەی نێوان هەردوو ڕەگەز یان بەومانایەكی دیكە ئەو ئازادیە خودیە لەسەر بنچینەیەیكی ڕەسمی و كۆنتراكت گرێدراوە تێیدا  یەكانگیری خێزان دەكەنە وەزیفەی یەكتر هەروەها لەپێناو خێزانێكی تەندروست كۆشش دەكەن،  بەهەرحاڵ ئەگەر خۆشەویستی لەپێشودا پابەندبونی ئەخلاقی نێوان دوو ڕاگەز بوو بێت  بەرانبەر بەیەكتر ئەوا ئێستا بەرەبەرە ئەو پابەندبوونە ئەخلاقیە  بزر دەبێ لەنێودنیای سۆشیاڵ میدیا و بەرخۆریزم و سەرمایەداری و ڕیكلامدا. كوردستان لەسەردەمی جیهانگیری ناژیت بەومانایەی قۆناغی دەرەبەگایەتی و خێڵایەتی و سەرمایەداری بە سروشتی تێپەڕاندبێت ، بەڵام شەپۆلی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانە كەبەرهەمی سیستمی سەرمایەداری و پڕۆژی بە جیهانگیریكردنی نیو لێبڕالیزمە یەكسەر بە بێ سێ و دوو بە بێ پشكنین و لێكەوتەكانی لەسەر خێزان وكۆمەڵگا هاتە نێو پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان، خۆشەویستی كردە مادەیەكی لاستیكی  شل خەریكە ئەو بەها جێگیرەی كە هەبوو بەتەواوی لەناوی دەبات، لە پەیوەندیەكی كۆتایی تۆكمەو یەكانگیرەوە گۆڕی بۆ مادەیەكی شل هەركاتێك بیەوێت ئەو وەزیفە بەهاییە بەیەكجاری پێدێنێت.بەبێ بیركردنەوە لە ئەلتەرناتیفێكی ماقووڵ بۆ ژیانكردن و پێكەوە ژیانی هەردوو ڕەگەز.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand