Draw Media

جه‌نگی مۆبایل جه‌نگی سه‌رده‌می ئامێره‌كان 

جه‌نگی مۆبایل جه‌نگی سه‌رده‌می ئامێره‌كان 

2022-07-23 09:15:28


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 

هه‌رچۆنێك بێت ده‌یانه‌وێت رێژه‌ی مرۆڤ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ ، یان ئه‌و گه‌شه‌ خێرایه‌ رابگرن ، هه‌زاران بیانوو ده‌دۆزنه‌وه‌ ، بۆ راگرتنی زیادبوونی مرۆڤ ، له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی له‌ كاتێكا گۆی زه‌وی و ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی له‌ سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی هه‌یه‌ به‌شی سه‌ت ملیاریش ده‌كات نه‌ك هه‌شت ملیار كه‌ بڕیاره‌ ساڵی ئاینده‌ بگه‌ین پێی ، واته‌ ساڵی 2023 نیشتمانی زه‌وی ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسیه‌كان به‌ درۆ ناویان ناوه‌ دایكه‌ زه‌وی ده‌بێته‌ خاوه‌نی هه‌شت ملیار كه‌س ، ئه‌مه‌ مه‌ترسیی له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچونی هه‌یه‌ بۆ داگیركارانی زه‌وی ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت زه‌وی هه‌ر هی ئه‌وان بێت ، به‌ تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ،داگیركاری نوێ‌ هه‌ر به‌په‌ره‌پێدانی سوپاو ئامێری جه‌نگی و ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر كیشوه‌ره‌كان و وڵاته‌كان و گه‌له‌كاندا داناساكێ‌ ، ئه‌و رێژه‌یه‌كی كه‌می مرۆڤایه‌تیشی ده‌وێت چونكه‌ له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا كۆنترۆڵكردنی ئاسانتره‌، وڵاته‌ زه‌به‌لاحه‌كان گاڵته‌یان به‌ وڵاته‌ بچوكه‌كان دێت ، هه‌ندێك جار ته‌ڵفیسیان پێده‌كه‌ن و نوكته‌یان له‌ سه‌ر داده‌تاشن، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی دانیشتوانی سه‌ر گۆی زه‌وی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ سه‌رمایه‌داری نوێ‌ ی دنیای سه‌رقاڵ كردووه‌ ، هه‌رچۆنێكه‌لانی كه‌م ده‌یانه‌وێت ئه‌و زیاد بوونه‌ رابگرن ، بۆ ئه‌مه‌ش نه‌خۆشی و شه‌ڕو ڤایرۆس و به‌كتریای زیان به‌خش و هه‌تادوای خراونه‌ته‌ گه‌ڕ .
پڕۆژه‌ی رێكخستنی له‌ دایكبوون و زاوزێ‌ ، هاندانی خه‌ڵك بۆ تاكژیانی و تێكه‌ڵنه‌بوون ، بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌رو ئالوده‌ كردنی خه‌ڵك به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ری مه‌ترسیدار ، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی ده‌سكرد به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو " سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ پێشتر كراون به‌ فیلم " یانی هه‌موو ئه‌م مه‌ترسیانه‌ به‌ فیلم نیشانی مرۆڤ دراوه‌ تائه‌وه‌ی باسی زۆمبی و خوێنمژه‌كان و مه‌ترسی له‌ ناوچوونی مرۆڤایه‌تی به‌ ده‌یان شێوه‌ نمایشكراوه‌ ، له‌ زۆربه‌ی فیلمه‌كانیشدا ئاوه‌زی ئه‌مه‌ریكی ده‌كرێته‌ فریادڕه‌س و ئه‌وان مرۆڤایه‌تی ئه‌و كه‌مه‌ی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ رزگار ده‌كه‌ن ، مرۆڤایه‌تی له‌ سه‌ر ده‌ستی بازرگان و سه‌رمایه‌داره‌ مه‌ترسیداره‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ناوچووندایه‌ ، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وانیش دواتر خۆیان بكه‌ن به‌ فریاخه‌ری مانه‌وه‌، ئاوه‌زی سه‌رمایه‌داری مه‌ترسیدار به‌و جۆره‌یه‌ ده‌ردێك بڵاو كه‌ره‌وه‌و ده‌رمانه‌كه‌ی دروستبكه‌، به‌رازه‌كان به‌و جۆره‌ ئه‌وانی تر سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ جارێكی تر مه‌زرای ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆریل بخوێننه‌وه‌ .
ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت ، ئێستا ئیتر ئێمه‌ له‌ بنده‌ستی ئه‌و بازرگان و سه‌رمایه‌ داره‌ مه‌ترسیدارانه‌ی مرۆڤداین، ئه‌وان ده‌توانن چاره‌نووسمان دیاری بكه‌ن ، سیڤی ئێمه‌ لای ئه‌وانه‌ ، ده‌زانن نه‌خۆشیه‌كانمان چین ، به‌ چی چاره‌سه‌ر ده‌كرێین ، چۆن فریومان ده‌ده‌ن ، دڵخۆشیمان ، گریانمان ، هه‌ست و كه‌وتمان تا راده‌یه‌كی زۆر كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌وان ، سه‌رگه‌رمی  به‌ رۆبۆت كردنی ئێمه‌ن و ئێمه‌ش په‌یتا په‌یتا كاڵاو چه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌وان ده‌به‌ینه‌ ماڵه‌وه‌ ، له‌ نێو ژوری نووستن ، له‌ سه‌ر دڵمان دایانده‌نه‌ین ، بێئه‌وه‌ی به‌ خۆمان بزانین ، چه‌كی مه‌ترسیداری ئه‌وان ئێستا ناپاڵم و بۆمبی ئه‌تۆمی و خه‌رده‌ل و سیانیدو كیمیایی و درۆن  نیه‌ ، چه‌كی مه‌ترسیداری ئه‌وان ده‌شێت ئه‌و مۆبایله‌ بێت ، كه‌ ئێمه‌ هیچ رۆڵێكمان نیه‌ له‌ دروستكردنیدا ، ده‌شێت رۆژێك كۆمپانیایه‌كی مۆبایلی ئه‌مه‌ریكی له‌ سه‌ر راسپارده‌ی ده‌وڵه‌ت یه‌ك ملیۆن مۆبایلی گوێزه‌ره‌وه‌ی ڤایرۆسی كوشنده‌ به‌ نرخی زۆر هه‌رزان بخاته‌ بازاڕه‌كانی چینه‌وه‌ ، چینیه‌كان كه‌ خۆیان زۆر ورده‌ كاره‌ پیشه‌ سازگه‌رن ، به‌ڵام هه‌موو ساڵێك بۆ ئامێری نوێی ئایفۆنی ئه‌مه‌ریكی سره‌ ده‌گرن، ئێ‌ خۆ چینیه‌كانیش كه‌م نین ئه‌وانیش ده‌توانن هه‌مان كار به‌رابه‌ر ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن ، ئه‌و ده‌م شه‌ڕه‌كه‌ پێویستی به‌ ئه‌تۆم نیه‌ ، پێویستی به‌ ڤایرۆسێكی كوشنده‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ كه‌س نه‌زانێ‌ چۆن به‌ خێرایی هه‌موو دنیا ده‌گرێته‌وه‌ .
بانگه‌شه‌كانی پێشكه‌وتنی زانست و زانیاری به‌و راده‌یه‌ی ئێستا هه‌موو مۆبایلێكی زیره‌ك سندوقێكی ره‌شی تیایه‌ كه‌ هه‌رچی بكه‌یت و بڵێی تۆماری ده‌كات ، ئیدی ئه‌وه‌ش زۆر ئاسانده‌بێت كه‌ هه‌ر مۆبایله‌و كۆدێكی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ گوازتنه‌وه‌ی هه‌رچی مه‌به‌ست بێت ، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌و به‌ر خه‌یاڵم لای ئه‌وه‌ بوو كه‌ ره‌نگه‌ رۆژێك بێت ده‌زگای ته‌ناهی  ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌ خۆ ماندو كردن نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ‌ مرۆڤ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی و له‌ نێو ژوری نوستنه‌كه‌یدا چی ده‌كات ، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ له‌ رێی كۆدێكی زیره‌كه‌وه‌ بۆ هه‌ر هه‌زار ماڵێك و شاشه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت تا له‌ ژوری كۆنترۆڵی ئاسایشه‌وه‌ به‌ كلیكێك بزانێت چ جۆره‌ شۆرتێكیشت له‌ پێدایه‌ ، ئه‌مه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا زۆر ئاسان بووه‌و خه‌ریكه‌ ده‌بێت به‌ڕاستی ، بۆیه‌ به‌ لاتانه‌وه‌ سه‌یر نه‌بێت هه‌موو سه‌ر سه‌عاتێك سه‌رمایه‌داری مه‌ترسیدار له‌ رێی دام و ده‌زگا زانستیه‌كانیه‌وه‌ بگاته‌ كردنه‌وه‌ی كۆدێكی تر و ده‌ستگه‌یشتن به‌ زانیاریه‌كی نوێ‌ ، مۆبایله‌كه‌ت شوناس و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ، شوناسه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌توانی تایبه‌تی كه‌ی به‌خۆت و كه‌س نه‌توانێ‌ بیكاته‌وه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كۆدێكی بۆ دابنه‌ی كۆمپانیاكه‌ی ده‌توانێ‌ به‌ چركه‌یه‌ك بیشكێنێت .
ئێمه‌ له‌ جیهانێكی ده‌ستبه‌ سه‌ردا گیراواین ، جیهانێك بازرگانه‌ مه‌ترسیداره‌كانی مرۆڤایه‌تی ، چیان بوێت و چۆن ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، ئێمه‌ بیرناكه‌ینه‌وه‌ چ رێگایه‌ك بگرینه‌ به‌ر بۆ ده‌رباز بوون له‌ ده‌ستیان له‌ كاتێكا ئێمه‌ زۆرینه‌ خه‌ڵه‌تێنراوه‌كه‌ین .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand