عێراقی پاش تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكان
2022-07-19 11:08:32
یاسین تەها
لەپاش بڵاوكردنەوەی سێ بەشی یەكەمی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكانی نوری مالیكی، هەموولایەك چاوەڕێی كاردانەوەی سەدر بوون كە مالیكیش لە پاشەملەوە هێرشی زۆری كردبووە سەری و تانەو تەشەری زۆری لێ دابوو، بەڵام ئەو لایەنگرانی خۆی ئاڕاستەكرد بۆئەوەی لە خەمی رێكخستنی نوێژی هەینیدا بن (15ی تەممووز)و گوێی پێ نەدەن؛ چونكە بە گوتەی خۆی، ئەوان "هیچ بەهایەك بۆ مالیكی دانانێن!" بەڵام چەند رۆژێك دواتر، سەدر لەپڕێكدا بیری كەوتەوە كە دەكرێت بەم تۆمارانە مالیكی گەمارۆ بدرێت. بۆیە لەسەر نەریتی خۆی و لەڕێگەی پەیامێكی تویتەرییەوە نەخشەیەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مالیكی راگەیاند. لە پەیامەكەی سەدردا كە رووی لە حیزبی دەعوەو لایەنە شیعەكانەو لەڕێگەی ئەوانیشەوە مالیكی، هەم گلەیی و هەم سوكایەتیی لە قاڵبی ئامۆژگاری هەیەو هەم هەڕەشەی قورسیش هەن. خاڵەكانیشی بە پلەبەندی و زیرەكانە چنراون و لە كاتێكدان كە مالیكی لە كێبڕكێی كورسیی سەرۆكایەتیی وەزیراندایە.
هەندێك نهێنیی مەترسیدار
تۆمارەكانی سەرەتا تەنها هێرش و پەلاماری بۆسەر كەسایەتیی سەدر تێدابوو، لەگەڵ كولاندنەوەی كۆمەڵێك برینی ساڵی 2008 و هەندێك ناو و ناتۆرەی خراپ، بەڵام لە تۆماری چوارەم و پێنجەمدا، پەردە لەسەر هەندێك نهێنیی مەترسیدار هەڵماڵدراوە كە نەك تەنیا سەدر، بەڵكو هەموو پێكهاتەی شیعە و لایەنە عێراقییەكانی دیكە تووشی سەرسامی دەكات. مالیكی نایشارێتەوە كە هێزی تایبەتی لە عەشیرەتەكەی دروستكردووە بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر موقتەدا سەدر لە نەجەف. لەگەڵ سەرانی چەند گرووپێكی چەكداریشدا (أئمە البقیع) و (أمە اڵاخیار) باس لەوە دەكەن كە شكۆ بۆ مەزهەب و تایفەی شیعە بگەڕێننەوە. هەروەها گەڕانەوەی مالیكی پێویستی بە خوێنڕشتنە، ناوی مەرجەعێكی نەناسراویش دەهێنن بەناوی "میرزا حائیری" كە فەتوای ئامادەی لەوبارەیەوە هەیە و دەكرێت هاوكاریان بێت. هەرچەندە مالیكی زۆر بەشداری لەم قسانەدا ناكات لە تۆمارەكەدا، بەڵام نكوڵیشیان لێ ناكات و لە كۆتایی قسەكاندا "دوعای خێر"یان بۆ دەكات.
هەوڵی هێوركردنەوە
هێشتا بەشێك لە تۆمارە دەنگییەكان ماون بڵاوبكرێنەوە، باس لەوەش دەكرێت، تۆماری دیكەی ڤیدیۆیی هەن و لە داهاتوودا دەردەكەون، بەڵام ئەو پێنج بەشە كورتەی لەبەردەستدان، هەموو رێسا باوە ناسراوەكانی نێو ماڵی شیعەیان لەرزاندووەو دۆخێكی ئەوتۆیان دروستكردووە كە هەمووان هەر ئەوەیان پێ دەكرێت رۆڵی ئاگركوژێنەوە ببینن، بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بكەن بچنە باسكردنی ناوەڕۆكی تۆمەت و قسە و باسەكان. لە ناوبژیوانییەكانیشدا جگە لە نەجەف باس لە خەڵكانی كاریگەری لوبنان و هەندێك لە سەرۆك هۆزەكانیش هەیە.
پلانی مالیكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆمارەكان رەتكردنەوەو بانگەشەكردنی ساختەكردنیان بوو، بەڵام پاش بەدواییەكداهاتنی بڵاوكردنەوەكانیان و سەلماندنیان لەلایەن سەدرەوە، كۆتایی بەو بەرگرییە لاوازە هێنا. لە ئێستاشدا مالیكی جگە لە سەدر، لەگەڵ كۆمەڵێك بەرەی دیكەشدا رووبەڕوو بووەتەوە، لەوانەش بەدر كە تۆمەتباری كردوون بەوەی چەكدارەكانیان بندیوارن، حەشد كە وتویەتی "ترسنۆكن و جێگەی متمانە نین"، یان خەریكی مەزرەعەو خانوو كڕین و پارە ماشینەوەن، سوننەكان و بارزانی كە بە لێكدانەوەی ئەو "پیلانگێڕن و دژی شیعەن"، تاقە كەسێكیش كە لە فلتەری ئەو دەرچووبێت لە تۆمارەكاندا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیب و ئەبو ئالائی وەلائییە كە بەوتەی ئەو "پیاوی باشن،" چونكە "دژە سەدرن" لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەوەی كە گرووپەكانی دیكەی "مقاومە"ی حەشد كە بە وتەی ئەو راستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەردەگرن.
قۆناخی پاش دزەكردنی تۆمارەكان
ئەم تۆمارە لە مەودای نزیكدا دەشێت چانسی مالیكی بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران نزیك بكاتەوە لە سفر، چونكە زیاتر وەكو كەسێكی شەڕەنگێزی داخ لەدڵ دەردەكەوێت كە هەموو ئیش و كاری كنەكردنە لە دەوڵەت لەڕێگەی دروستكردنی گرووپی خوێناوی و ترسناكەوە، جگە لەوەش بە ئەگەری زۆر پێگە سیاسی و سەرمایە مەعنەوییە "دەوڵەتمەدارییەكەی" دەخاتە بەردەم رەشەباو ئەگەری نادیار، بەتایبەت پاش بانگەوازی سەدرییەكان بۆئەوەی خۆی رادەستی دادگە بكات، یان بە گوتەی موقتەدا سەدر خۆی بداتە لایەك و تۆبە بكات.
بەر لە بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكان، بارودۆخی ناوخۆیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر باش نەبوو، چونكە لەپاش چوونە دەرەوەی سەدر لە پەرلەمان، هاندەریان نەما بۆ یەكدەنگی، لەسەر سەرۆكایەتیی وەزیران و جێگەكەی حاكم زاملیش كەوتنە قۆڵ بادان لە یەكدی. كە تۆمارەكانیشی بەسەردا هات، شۆكێكی وەها گەورە دروستبوو كە هەموو هیواو ئاواتەكان چڕبوونەوە لە رێگەگرتن لە پێكدادانی شیعە - شیعە، بەتایبەت كە جەماوەری موقتەدا سەدر عەقیدەیی و دڵ گەرمن، لە بنەڕەتیشدا دڵشكاوی كشانەوەی لیستەكەیانن لە پەرلەمان و ئەمەش وەكو دەرچەیەك بۆ خۆبەتاڵكردنەوەیان وایە.
لێكەوتەی تۆمارەكان
رەنگە ناونیشانی سەرەكیی قۆناخی پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكان، جگە لە قووڵبوونەوەی زیاتری درزو دووژمنایەتیی نێوان سەدرو مالیكی، دڕدۆنگی و بێ متمانەیی و سڵكردنەوە بێت لە هەموو شت، چ لەنێوان بەرەی مالیكی و پێكهاتەكان، یان لەنێوان لایەنە سەرەكییەكانی شیعە كە تۆمارە نهێنییەكان، شەڕەقۆچ و سەودا و مامەڵەی ژێر پەردەی ئەوانی لەسەر پێگەو دەستكەوت ئاشكرا كردن.
ئەوانەی داوای هێوركردنەوەو دان بەخۆداگرتن دەكەن، چارەیەكیان پێ نییە بۆ دامركاندنەوەی رق و تووڕەیی و لەهەمان كاتدا مەترسیی سەدرییەكان كە قوڵپ دەدات. تەنانەت بە داواكاریی پۆزش هێنانەوەی مالیكیش بێت لە هێرش و هەڕەشەكان. حیزبی دەعوەش كە بنكەو قەڵای سیاسیی پاراستنی مالیكییە، بە پاساوی جۆراوجۆر خۆی لە هەر چەشنە بەرپرسیارێتییەك لادا كە تۆزێك سەدرییەكان قایل بكات، لە بەرامبەریشدا سەدر رێگەی دیكەی نییە جگە لە بەرەنگاربوونەوە نەبێت، بۆیە لە ئێستادا هەوڵدەدات رەوشەكە بە ئاراستەی گەمارۆدانی سیاسی و عەشایەرییانەی مالیكیدا ببات تاڕادەی سوتاندنی كارتەكانی، ئەگەر ئەمەشی بۆ نەچێتەسەر ئەوە هەموو رێگەكانی دەچنەوە سەر گرژی و پێكدادان، بەڵام مەرج نییە سەرانسەری و درێژخایەن بێت، بەڵكو لەوانەیە سرووشتی پەرچەكردارەكان بریتی بێت لە تۆڵەیەكی سنووردار.
هەندێك راستیی دیكە
لەسەر ئاستە گشتییەكە تۆمارەكان شلۆقیی پەیكەرە ئەمنی و دەزگا عێراقییەكانیان ئاشكرا كرد، ئەوەشیان دەرخست لەناو دەوڵەتی قووڵی حەشدو گرووپە چەكدارەكانیشدا دەوڵەتی دیكەی قووڵ و موفتیی خوێن ئامادەییان هەیە. جەمسەرە ناكۆكەكانی شیعەش گەیشتوونەتە قۆناخێكی ترسناك لە پاكتاوكردن، ئەمەش هەموو ئەو بانگەشانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە كە لەسەر نیشتمانیبوونی حەشدو بەرەو دامەزراوەیی رۆیشتنی هەن. راستییەكی تاڵیش ئاشكرا دەكات كە هاوكێشەی هێز لەسەر پارەو چەك و فەتوا بنەڕەتە نەك دەستورو یاساو سازان و هاوسەنگی. بۆ چارەسەری گرژییەكەش هەر كارەكتەرە ئایینی و عەشایەری و دەرەكییەكان لەسەر خەتن بۆ رێگرتن لە شەڕی خوێناویی شیعە كە پاش كۆتاییهاتنی شەڕی تایفی ركابەرەكانیان (سوننەكان) و پاش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (قاعیدەو داعش) وا لە لێواری پاكتاوكردنی ناوخۆیی و بەریەككەوتندان.
قووڵبوونەوەی قەیرانی حكومەت
لە پاش تۆمارە دەنگییەكان، هاوپەیمانەكانی مالیكی لەچوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دۆخێكی سەخت و دژواردان، یان دەبێت سەركۆنەی راگری هاوپەیمانییەكەیان و مامۆستا سیاسییەكەیان بكەن، یان بێدەنگ بن لە داوكارییەكەی سەدر و تاوەكو كۆتایی لە پشتیوانیی مالیكی بەردەوام بن و هێندەی دیكە شیعە پەرت بكەن. لەو تەنگەتاوی و مقۆمقۆیەشی كە دروستبووە، رەنگە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بودجە لە سەردەمی گرانییەكی بێوێنەی جیهانیدا، لە داوێنی هەرە خوارەوەی گرنگیپێدانەكان بن و بەمەش رۆژ بە رۆژ ئەو وێنەیە لەسەر عێراق تۆخ دەبێتەوە كە نە بە تەواوی دادەڕمێ و لەبەریەك هەڵدەوەشێت، نە گەشە دەكات و بەرەوپێش دەڕوات. چارەنووسیشی وایە كە رۆژانە لەگەڵ شكست و گورزی ناخۆشدا لە چنگەكڕێدا بێت.
له (رووداو) وهرگیراوه