لوتكەی دەستپێكردنەوەی هێرش ودابەشكردنەوەی ناوچەكە
2022-07-18 21:56:55
د. كامەران مەنتك
رۆژی چوارشەممە(20\7\ 2022) لوتكەی هەر سێ سەرۆكی روسیاو ئێران وتوركیا لە تارانی پایتەحتی ئێران بەڕێوە دەچێت، بەستنی ئەو جۆرە لوتكانە، كە لەسەر ئاستی سەرۆكی ئەو وڵاتانەدایە، لەرووی دیپلۆماسیەوە واتای ئەوەیە، لەسەر ئاستەكانی خوارەوە گەیشتوونەتە لێتیگەیشتن وسەرۆكەكان تەنیا ئیمزای كۆتایی لەسەر ئەو بابەتانە دەكەن، كە لوتكەكەی لەپیناو دەبەسترێت. بۆیە ئەو لوتكانە لە زۆربەی حالەتەكاندا بە كۆتایی قۆناغێك وسەرەتای قۆناغێكی نوێ هەژمار دەكرێت.
دوای ئەوەی ئەمریكا لە ساڵێ (2011) هەوڵیدا بەگویڕەی بەرژەوەندیەكانی خۆی ولەژێر رۆشنایی ئەو هێزە جیهانیەی هەیبوو نەخشەی ناوچەكە دابڕێژێتەوە، ویستی كۆنگرەی ڤیەننا (2012)وەك ئامڕازێكی دیپلۆماسی بەكاربێنێت ونەخشەرێگایەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا دابڕێژێت، ئەم نەخشەیەش بەدڵی دەوڵەتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش توركیاو ئێران نەبوو، لەبەرئەوەی پێیان وابوو، ئەمریكا دەیەوێت دەوڵەتی تری بچووك، لەسەر حیسایی ئەوان لە ناوچەكە دروست بكات. روسیا خێرا ئەو ترسەی قۆستەوە وبەكۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئەو دوو دەوڵەتە كۆنگرەی ئاستاناو دواتریش سوچی بەستا، پاشان چەندین كۆنگرەی لوتكە لەنێوان ئەو سەرۆكانە لە تاران و ئەنقەرەو مۆسكۆ بەڕێوەچوو. ئەم كۆنگرانە لە لایەك بۆ دروستكردنی جۆرێك لە هاوپەیمانی سێلایەنە بوو لەنێوان ئەو وڵاتانە، لەلایەكی تر هەوڵێك بوو بێبەهاكردن، یاخود كزكردن ولاتەریككردنی رۆڵی ئەمریكا لەناوچەكە، واتە جۆرێك بوو لەنیشاندانی هێز، كە ئەوان دەتوانن بە بێ ئەمریكا كێشەكانی ئەو ناوچەیە چارەسەر بكەن، ئەمە سەرەتایەكی كردەیی بوو، بۆ ئاوابوونی خۆری سیستەمی تاكجەمسەری وزیندوو بوونەوەی رۆڵی روسیا لە ناوچەكە، كە دواتر بووە هۆی ئەوەی راستەوخۆ خۆی لە سوریا هەڵقورتێنێت وپاشان رۆڵی یەكلایی كەرەوە لە سوریا بگێڕێت ودواتر بەرەو ئۆكرانیا هەڵزنێت.
زیندوو بوونەوەو گەورەبوونەوەی رؤلی روسیا لەناوچەكەدا، هانی ئەو دەوڵەتانەی دا، كە كوردستانیان بەسەر دابەش كراوە، بە كارامەیی كارتی روسیا بەكاربێنن وئەم بەكارهێنانەش لەسەر حیسابی ئەو دەستكەوتانە بوو، كە كورد لەدوای ساڵێ (2011) لە رۆژئاوای كوردستان وتەنانەت لەباشوورو باكووری كوردستانیش بەدەستی هێنا بوو، بەم چەشنە لە لایەك پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەڵوەشابەوە وناوچەیەكی زۆریش لەرۆژئاواو باشووری كوردستان لەدەست درا و توركیا گەمتر كەوتە وێزەی كورد.
ئەوەی جێگەی مەترسیە، هەر كۆبوونەوەیەكی سێلایەنە لەنێوان ئەو سێ دەوڵەتە بەسترابێت، دوای ئەوە رووداوێكی تراژیدی بەگوێرەی كورد لەنلوچەكە روویداوە ودووچاری كارەساتێكی تر بووە، دروستكردنی ناوچەی قەڵغانی فورات (2016) وداگیركردنی عەفرین (2018) وداگیركردنی گرێسپی وسەرێكانی لە (2019)، هەمووی دوای ئەو كۆبوونەوە لوتكەییە سێقۆڵیانە بوو!.
بەستنی لوتكەی رۆژی چوارشەممە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرۆكی ئەمریكا سەردانی ناوچەكەی كردو لوتكەی ئاسایش وپەرپێدانی لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە بەستا، واتە جموجۆڵێكی دیپلۆماسی چڕ لەپێناو رێكخستنەوەی هاوسەنگی هێز لەناوچەكەدا هەیە، توركیا وئێرانیش بە هۆی پێگەی جیۆپۆلەتیكیانەوە رۆڵێكی گرنگ لە داڕشتنەوەی ئەو هاوسەنگیە دەبینن، هێندەی پەیوەندی بەكوردەوە هەیە، سەرباری ئەو دۆخە ئاڵۆزە، رێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان روسیا وتوركیا داهەیە لەسەر دابەشكردنەوەی ناوچە گەرمەكان لەسوریا، مەبەستیش لەم رێككەوتنامەیە ئەوەیە توركیا ناوچەی ئیدلب وناوچەكانی تری سوریا بۆ رژێمی سوریا، واتە بۆ روسیا جێبهێڵێت وبەرامبەر ئەمەش روسیا دەستی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان ئاوەڵا بكات، بۆیە ئەم گۆڕانكاریانە ئەگەری ئەوەی لێدەكەوێتەوە، لە ئایندەیەكی ئێجگار نزیكدا، تەنانەت دەتوانین بەرۆژ هەژماری بكەین، دوای بەستنی ئەو لوتكە سێلایەنە، توركیا هەوڵی بەیەكتر بەستنەوەی ئەو ناوچەیە بدات، كەبەناوچەی ئارام ناوی دەبات ونزیكەی هەموو رۆژئاوای كوردستان دەگرێتەوە تا دەگاتە زینی وەرتێ لە باشووری كوردستان، واتە داگیر كردنی راستەوخۆی منبج وتەلرەفعەت و ئەو ناوچانەی دەكەونە قوڵایی 22 میل لە سنوورەكانی باكووری سوریا وتائێستا لەژێر دەست وهەژموونی كورددایە، ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەم ناوچەیە ببێتە گۆڕەپانێكی نوێی شەڕ، لە ئێستادا ئەگەری دایسانی شەڕو پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان، تەنانەت لەباشووریش رەنگ بێت كورد دووچاری شەڕێك بكرێت، لە هەموو ئەگەرەكانی تر بەهێزترە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی جەولەیەكی تری شەڕ بكەین، كە بەداخەوە ئەنجامەكەی تا رادەیەكی زۆر روونەو لەسەر حیسابی بەرژەوەندیە ستراتیژی ونەتەوەییەكانی كورد یەكلا دەكرێتەوە، ئەگەرچی نابێت ئەوەش فەرامۆش بكەین، كە ئەگەرێكی بچووك بۆ تێوە گلاندنی توركیا ودرێژكردنەوەی شەڕەكە لە ئارادایە، بەڵام ئەو ئەگەرە ئێجگار لاوازە.