ئازادی بەهایەکی هاوبەشە
2022-07-18 18:00:01
فەرحان جەوهەر
لە کۆبونەوەی لوتکەی جەددە لە عەرە بستانی سعودیە، بە ئامادەبوونی جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هەندێک لە سەرانی وڵاتانی عەرەبی هەوڵیاندا بایدن رازی بکەن، کە هەر وڵاتێک جۆرێک لە بەهای جیاوازی هەیەو تایبەتە بە رۆشنبیری و تێگەیشتنی وڵاتەکەی خۆی، ناکرێت ئەمریکا بە زۆر وڵاتان ناچاری جێبەجێ کردنیان بکات. وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی عەرەبستان دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن جۆبایدن، جۆرێک لەساردی کەوتبووە نێو پەیوەندییەکانیان، بەهۆی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لەمەڕ ئازادیەکان، بەتایبەتی لەبارەی مافی ئافرەت، بەڵام شەڕی روسیا و هەوڵەکانی چین بۆ نزیک بوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای ناچارکرد، چاو بەهەڵوێستەکانیدا بخشێنێتەوە.
ئەو جیاوازیە رۆشنبیری و شارستانیانەی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی باسی دەکەن، تەنها بۆ خۆدزینەوەیانە لە بەرامبەر ئەو پێشێل کاریانەی سەبارەت بە مافاکانی مرۆڤ و ئازادیەکان ئەنجامی دەدەن، راستە رۆشنبیری و شارستانیەتی هەندێک وڵاتان لەگەڵ هەندێکی تر جیاوازن لە رووی بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتوو رەفتار، بەڵام ئازادی بەهایەکی هاوبەشی نێو هەموو شارستانیەتەکان و رۆشنبیریەکانە، بەهیچ شێوەیەک پارچە پارچە ناکرێت، کەسێکی ئەمریکی و چینی و عەرەب و کوردو تورکێک ، وەک یەک حەز لە ئازادی دەکەن، ئەوەی لەسەری جیاوازن شێوازی نانخواردن و پێکهێنانی خێزان و جل پۆشین و جێبەجێ کردنی سروتە ئاینیەکانە، هەروەها جیاوازی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی تاکەکانە، لەمە بترازێت هەموو مرۆڤێک ئامانجی گەیشتنە بە ئازادی، سەیری رۆشنبیری خۆمان بکەین، بڵاوترین و زۆرترین ناو لە نێو کورددا (ئازادە) ئەمە نیشانانەی ئامادەیی ئەو تێرمەیە لە کۆنەستی دەستەجەمعی میللەتی ئێمە، ئەمە بۆ میللەتانی تریش هەروایە، بۆیە ئەوەی لە کۆبونەوەی لوتکەی جەددەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا باسکرا، بۆ ئەوەبوو ئیدارەی بایدن واز لەو گوشارانە بێنێت کە دەیخاتە سەر وڵاتەکانیان، بۆ باشتر کردنی تۆماری پێشێل کاریەکانی مافی مرۆڤ، چونکە ئەمە بەرنامەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە خولی سەرۆکایەتی خوێدا کاریان بۆ بکات، بەتایبەتی دەربارەی مافی ژن لە سعودیەدا، رای گشتی ئەمریکا زۆر خرابە بەرامبەرئەو وڵاتە، بۆیە زۆربەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تایبەت بە پرسی مافی ژن و ئازدیەکان، داوا لە وڵاتەکەیان دەکەن، سعودیە سزا بدرێت، هەرچەند لە ئێستادا سعودیە کارێکی زۆری کردووە بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ و پرسی ئافرەتان، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە. دیموکراسی کەلەپورێکی جیهانی هاوبەشە ، تایبەت نییە، بە یەک شارستانی، ئەگەرچی ئەمڕۆ شارستانیەتی رۆژئاوا جێبەجێی دەکات، خۆی بە خاوەنی دەزانێت و کردویەتە بەهایەکی رۆژئاوای، بەڵام لە راستیدا وانییە، ئەوەی راستییە ئەوان چاک سودیان لێ وەرگرتووە، فەلسەفە و شارستانیەتی یۆنانی فەلسەفەو شارستانیەتی رۆژئاوا نییە، سەردەمێکی زۆر ئەم فەلسەفەیە لە ناوچە جیاوازەکانی شارستانیەتی رۆژهەڵات پڕۆگرامی خوێندن بووە، رۆژئاوا لەو سەردەمەدا لە نێو تاریکیدا دەژیا.