Draw Media

كوردو توركمان و ئه‌رشه‌د ساڵحی 

كوردو توركمان و ئه‌رشه‌د ساڵحی 

2022-07-16 13:44:12


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
كه‌ناڵی عیراقیه‌ به‌شی توركمانی ، به‌ڵام به‌ عه‌ره‌بی و له‌ به‌رنامه‌ی پانۆرامادا كه‌ هانی ره‌زا پێشكه‌شی ده‌كات ، له‌ سه‌ر ڕوداوه‌ تاڵ و خوێناویه‌كانی ساڵی 1959ی كه‌ركوك به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ میوانداری ئه‌رشه‌د ساڵحی به‌ڕێوه‌ برد ، له‌ به‌رنامه‌كه‌دا حزبی شیوعی و كورد تاوانبار كران به‌و ڕوداوانه‌ی كه‌ركوك و وایشنیشاندرا كه‌ گوایه‌ توركمان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌" بۆنه‌ی ساڵرۆژی یه‌كه‌می راگه‌یاندنی كۆمار "  ویستویانه‌ ئاهه‌نگ بگێڕن و شیوعی و كورد ئه‌و ئاژاوه‌یه‌یان ناوه‌ته‌وه‌ ، له‌ راستیدا ئه‌و روداوه‌ تاڵه‌ زۆری له‌ سه‌ر نووسراوه‌ ، من نامه‌وێ‌ لێره‌دا باسی بكه‌مه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم نه‌كوردی كه‌ركوكی و دڵسۆز نه‌توركمانی دڵسۆز ، نه‌شیوعی راسته‌قینه‌ ده‌ستی نه‌بووه‌ له‌و روداوه‌داو ده‌شێت له‌ ناو هه‌موو ئه‌وانه‌داو له‌ ناو سوپاشدا له‌ نمونه‌ی ته‌به‌قه‌چلی و خه‌ڵكی تر هۆكاری ئه‌و كاره‌ساته‌بووبن ، قسه‌ كردن له‌ باره‌ی ئه‌و دیرۆكه‌وه‌ ده‌بێت زۆر هه‌ستیارانه‌و زۆر بێلایه‌نانه‌ بێت ، من تێناگه‌م عیراقیه‌ له‌م كاته‌دا چ پێویستی به‌ وروژاندنی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ به‌ میوانداری كه‌سێكیش كه‌ زۆر جار به‌ هاندانی توركیا دنه‌ی كورد ده‌دات و كورد بریندار ده‌كات .
كوردو توركمان نزیكه‌ی هه‌زار ساڵه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین ، لانی كه‌م ئه‌وه‌نده‌ی به‌رده‌سته‌ زیاتر له‌ 600 ساڵه‌ ، له‌و هه‌موو ساڵانه‌دا كێشه‌و گیرو گرفت و ئاژاوه‌ش دروست بووه‌ ، به‌ڵام پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن و تێكه‌ڵ بوون زۆر زیاتر بووه‌ ، شاعیرانی كورد شیعری توركمانیان وتوه‌ ، هونه‌رمه‌ندانی دوو نه‌ته‌وه‌ قۆریات و مه‌قامی توركمانی و كوردیان وتوه‌ ، ژن و ژنخوازو تێكه‌ڵی و هاوخه‌می و پێكه‌وه‌یی له‌و مێژوه‌دا زۆر زیاتره‌ له‌ ناكۆكی ، بۆچی هه‌میشه‌ ئێمه‌ لایه‌نه‌ تاریكه‌كه‌ ده‌بینین وێڕای كه‌می ماوه‌كه‌شی ، بۆچی لایه‌نه‌ روناكه‌كه‌ نابینین ، بۆچی سه‌یری په‌یوه‌ندی سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قاو توركمانه‌كان ، شێخ ره‌زاو شاعیرانی توركمان ، هیجری ده‌ده‌ده‌و ئه‌ده‌بی پێكه‌وه‌یی ناكه‌ین ، بۆچی ده‌ست بۆبرینه‌كه‌ ده‌به‌ین ، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان جێی پرسیاره‌ ، دواتریش كه‌ ده‌ست بۆ برینه‌كه‌ ده‌به‌ین بۆ بۆكولانه‌وه‌ی بێت بۆ بۆ ساڕێژكردن نه‌بێت .
عیراقیه‌ به‌شه‌ توركمانیه‌كه‌ی پێویستی به‌ لێپێچینه‌وه‌یه‌ ، هه‌ڵبه‌ت به‌شه‌كانی تریش كه‌م و كوڕیان هه‌یه‌، من له‌ به‌غدا له‌ به‌شه‌كوردیه‌كه‌ میوان بوومه‌ زۆر بێسه‌ره‌و به‌ره‌یه‌ ، هه‌رسێ‌ به‌شی توركمانی ، كوردی ، سریانی هاوڕێیه‌ك به‌ ناوی ناپلیۆن به‌رپرسێتی ، كه‌ ئاگاداری دۆزو زمان و دیرۆكی كوردو ئه‌وانی تر نیه‌، پێشتر نه‌وفه‌ڵیش شاره‌زایی زۆری نه‌بوو  باشه‌ له‌و به‌غدایه‌ كوردێك نیه‌ ئه‌و به‌شه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێت، به‌ ڕاستی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عیراقی و ده‌زگای رۆشنبیری كوردی و لایه‌نی به‌رپرسی كوردی له‌ به‌غدا هه‌قه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكۆڵنه‌وه‌ .
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئه‌رشه‌د ساڵحی زۆر ناڕه‌وا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و 29 شه‌هیده‌ی كه‌ سومبلی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتی و خۆشه‌ویستی بوون له‌ كه‌ركوك ، هه‌موویان له‌ بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌رو خوێنه‌وارو ئازادیخوازان بوون، مرۆڤ كه‌ نامه‌ی به‌ر له‌ بڕیاری كوشتنیان ده‌خوێنێته‌وه‌ ده‌زانێ‌ ئه‌وان چه‌ند جوامێر بوون ، هه‌مووشیان هاشا له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوناهێكیان كردبێت ، من چه‌ند جار له‌ سه‌ر شێخ مارف به‌رزنجیم نووسیوه‌ ، له‌ كتێبی كوردو كه‌ركوكیشا نامه‌كانم بڵاو كردوه‌ته‌وه‌ ، له‌ ناویاندا شێخ مارف ، شێخ حوسێنی برای ، عه‌بدولحافیزی حاجی شه‌ریف ،جه‌بار محه‌مه‌د پیرۆز خان ،نه‌جمه‌دین نادر شوانی ، مه‌حمود حاجی عه‌لی به‌ستێ‌ و ئه‌وانی تر هه‌موویان خه‌ڵكانی رۆشنبیرو خوێنه‌وارو ئازادیخواز بوون بڕوایان به‌ كوشتنی مێروله‌یه‌كیش نه‌بووه‌ ، بۆ ده‌بێت به‌ تاوانبارو بكوژ ناوببڕێن ، بۆ ده‌بێت رێگری له‌ به‌ شه‌هید ناساندنیان بكرێت ، شانازیش به‌وه‌ وه‌ بكرێت كه‌ نه‌هێڵراوه‌ بكرێن به‌ شه‌هید ،شێخ حوسێن له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت " له‌هه‌موو ئه‌و روداوانه‌ بێبه‌ریم كه‌ له‌ كه‌ركوك رویاندا "، خۆی بێتاوان نیشانده‌دات مارف به‌رزنجی له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌نووسێت " به‌خته‌وه‌رم به‌وه‌ی كه‌ تاوانم نه‌كردوه‌و شه‌هیدم " نه‌جمه‌دین نادر شوان بۆ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌نووسێت " ئێوه‌ ده‌زانن كه‌ وا له‌ سێداره‌ ده‌درێم به‌ڵام بێتاوانم و به‌ شه‌ریفی ده‌مرم" .
ناكرێت ئه‌رشه‌د ساڵحی وه‌ك كه‌ركوكیه‌ك به‌ هه‌مان زمانی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ به‌ تاوانبار بزانێت، كه‌ له‌ دار دراون ، ئه‌وان  ده‌بوو ئێستا له‌ ناو كه‌ركوك پارك و باخچه‌و قوتابخانه‌یان به‌ ناوه‌وه‌ بكریایه‌ ، ده‌بوو په‌یكه‌رو دیوار به‌ندیان هه‌بوایه‌ نه‌ك رێگری بكرێت له‌وه‌ی به‌ شه‌هید حساب بكرێن ، كه‌س و كاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ كه‌ 28 كه‌سیان به‌یه‌ك بڕیاركران به‌ دارا، خه‌ڵكانی تێكۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌رو پاكن ، بۆده‌بێت برینداربكرێن و ئازار بدرێن ، ئه‌رێ‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و لایه‌نی به‌رپرس تاكه‌ی له‌و تانه‌و تۆمه‌ت و شه‌ڕه‌نگێزیه‌ی ئه‌رشه‌د بێده‌نگ ده‌بن ، چۆن ده‌كرێت چاوپۆشی له‌و هه‌موو ناهه‌قیه‌ بكرێت ، هه‌ر به‌ڕاست ئه‌رشه‌د بۆ ده‌یه‌وێت كوردو توركمان بكات به‌ گژ یه‌كدا ، كێ‌ له‌ ئاژاوه‌و كوشت و بڕ قازانج ده‌كات ، ئایه‌ ئه‌رشه‌د بازرگانی شه‌ڕه‌ یان سیاسه‌تمه‌دار .
ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاری نیه‌ ئه‌رشه‌د ساڵحی به‌و جۆره‌ سوكایه‌تی به‌ كوردو شه‌هیده‌كانی ده‌كات ، من قسه‌ی تری ده‌ره‌وه‌ی ته‌له‌ فیزیۆنیم لایه‌ ، كورد به‌ قه‌ره‌ج و دۆم له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات ، ده‌ڵێت كه‌ركوك قه‌ره‌جی له‌ سوریاو توركیاوه‌ بۆ هێنراوه‌ ، كه‌ شتی وانیه‌و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ره‌نگه‌ چه‌ند ماڵه‌ سوریه‌ك كوردن یان عه‌ره‌ب گه‌یشتبێتنه‌ كه‌ركوك وه‌ك چۆن له‌ هه‌ولێرو سلێمانی و ئه‌سته‌نبوڵ و غازی عه‌نتاب و شوێنی تریش هه‌ن ، ئێ‌ دیاره‌ ساڵحی به‌ چ مه‌به‌ستێ‌ و بۆ كێ‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كات ،ئۆباڵی هه‌ر دڵۆپه‌ خوێنێ‌ بڕژێ‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ، ده‌بوو ئه‌رشه‌د لایه‌نگری ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان بوایه‌ ، وه‌ك چۆن سامانی كوڕی شێخ مارف به‌رزنجی له‌ بوونی توركمانێك به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كاتی خۆیدا  هات پیرۆزبای لێكردو داوای كرد لاپه‌ڕه‌یه‌كی  نوێ‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌ .
كوردو توركمان و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌و ئاینزاكانی كه‌ركوك و عیراق پێویستیان به‌ پێكه‌وه‌ ژیان و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنه‌ ، نه‌ك ترازان و دوو به‌ره‌كی ، كه‌ركوك و عیراقیش یان نابێت ببن یان به‌و فره‌ڕه‌نگیه‌وه‌ جوانن و هه‌ن ، ساڵحی زۆر باش ئاگای له‌ دیرۆكه‌و ده‌زانێ‌ كه‌س ناتوانێ‌ ئه‌وی تر بسڕێته‌وه‌ ، كه‌سیش ناتوانێ‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ به‌ شه‌هید حساب نه‌كات ، كه‌ به‌ مانای شه‌هید شه‌هیدی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و خاك و نیشتمانن .
له‌ بیره‌وه‌ری خوالێخۆشبووان مسته‌فا عه‌سكه‌ری ، فوادی تاهیر سادق و زۆری تردا بێتاوانی ئه‌وانم خوێندوه‌ته‌وه‌ ، دڵنیام ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ خۆڕا كه‌س بێتاوان نیشانناده‌ن ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌سانی رۆشنبیرو یاسا ناسیش بوونه‌ ، فوادی تاهیر سادق كه‌ خۆی له‌ زیندان بووه‌و شاهیدی بردنی شێخ مارف و هاوڕێكانێتی بۆ به‌رده‌م په‌تی سێداره‌ ده‌نووسێت " كارێكی نامرۆڤانه‌ی دڕندانه‌ بوو ، چونكه‌ زۆریان به‌رپرسی روداوه‌كه‌ی كه‌ركوك نه‌بوون ، ئه‌و روداوه‌ ده‌ستی هه‌واڵگری سه‌ربازی ، هه‌ندێ‌ ئه‌فسه‌ری عه‌ره‌بی ره‌گه‌ز په‌رست  و ئاسایش و كاربه‌ده‌ستی دی تێدا بوو " ، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ به‌ نیازی تێكدانی په‌یوه‌ندی جۆرێكه‌ له‌ تاوان ، ئه‌رشه‌د ساڵحی پێبزانێ‌ یان نا كارێكی مه‌ترسیدار ده‌كات ه‌ عیراقیه‌ش به‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand