Draw Media

روانگه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی و كێشه‌كانی په‌روه‌رده‌

روانگه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی و كێشه‌كانی په‌روه‌رده‌

2022-07-16 12:28:15


رزگار شێخ حه‌سه‌ن
له‌ماوه‌ی رابردوودا گفتوگۆیه‌ك ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی هه‌ندێك گۆرانگاری له‌ نێو په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی هاته‌ ئاراوه‌ ، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئیسلامی و خه‌ڵكی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌ ، له‌ راستیدا بابه‌تی گۆرانكاری له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن  نابێت وه‌ك بابه‌تی شه‌رێكی ئایدۆلۆژی ته‌ماشا بكرێت ، یان وه‌ك  كه‌ره‌سته‌ی پروپاگه‌نده‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ هه‌ندێك لایه‌ن به‌ڵكو پێویسته‌ وه‌ك  به‌شێك له‌ چاكسازی و گه‌شه‌پێدانی سیستمی په‌روه‌رده‌ی وڵات و   وانه‌ فێركارییه‌كانی  لێكبدریته‌وه‌  ، ئه‌مه‌ش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و شاره‌زایانی بواری پرۆگرام و په‌روه‌رده‌یه‌ نه‌ك لایه‌نی سیاسی ، هه‌ر گۆرینی  گفتوگۆكان به‌ ئامانجی  پروپاگه‌نده‌ی سیاسی  زیانی زۆر به‌ هه‌وڵه‌كانی   گۆرانگاری و چاكسازی ده‌گه‌یه‌نێت

 ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم ، هیچ هه‌وڵێك بۆ لابردنی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی له‌ خوێندنی قوتابخانه‌كان له‌ ئارادا نه‌بوه‌ ، به‌ڵكو هه‌وڵێك هه‌بوه‌ بۆ گۆرانكاری ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر ره‌وا و گونجاوه‌،  هیچ وانه‌یه‌ك نیه‌   هیچ پێویستی به‌  چاكسازی و نوێكردنه‌وه‌ نه‌بێت به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ پێ هه‌ڵومه‌رج و گه‌شه‌كردن كۆمه‌ڵگا نوێبكرێته‌وه‌ ، به‌و پێیه‌ی ئایین رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا پێویسته‌ وانه‌ی ئایین و هه‌موو وانه‌كانی تریش  به‌پێ پێویستی كۆمه‌ڵگا و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی ده‌وڵه‌ت گۆرانكاری تیا بكرێت ، كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی فره‌ ره‌نگ و  فره‌ ده‌نگه‌ ، نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و ئایین و مه‌زهه‌بی جیاوازی تیایه‌ ، كوردستان كه‌ش و هه‌وای ئازادی هه‌یه‌ و ئه‌بیت ده‌رفه‌تی ئازادی ویژدان ده‌سته‌به‌ر بیت،  ئه‌بیت وانه‌ی په‌روره‌ده‌ی ئایینیش گونجاو بیت له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا ، ناكری ئایین ناكۆكی هه‌بیت له‌گه‌ڵ فره‌یی مه‌زهه‌ب و ئایینی كوردستان ، ناكری گیانی ته‌كفیر و دوژمنكاری په‌ره‌ پێبدات ، ئه‌مه‌  مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و دژ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی حكومه‌ته‌

  له‌ ئیستادا زۆر گرنگه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و هه‌موو مرۆڤێكی شاره‌زا و به‌رپرسیار  له‌ په‌روه‌رده‌  به‌رده‌وام بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ گۆرانكاری و چالاكسازی له‌ وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایین ، نابیت هه‌وڵی هه‌لپه‌رستانه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ ئه‌یانه‌وی ئایین و سۆزی ئایینی  ئیستغلال بكه‌ن بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ ، نابی هه‌وڵی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌  ساردمان بكاته‌وه‌ له‌ هه‌وڵی گۆرانكاری و چاكسازی له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌  و له‌ ناویشیاندا وانه‌ی په‌روره‌ده‌ی ئایینی

خاڵێك له‌م پرۆسه‌یه‌دا زۆر جێگای سه‌رنجه‌ ، سیستمی په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ ،  كیشه‌ كه‌می قوتابخانه‌ و نه‌بوونی  شوین و ناوه‌ندی پێویستی خوێندن كه‌ زۆر جار  قوتابیان ناچار ئه‌بن سێ ده‌وام بكه‌ن ،  نه‌بوونی قوتابخانه‌ كه‌ زۆر جار ناچار ئه‌بن به‌ رێگایه‌كی دوور ببرن  بۆ گه‌یشتن به‌ قوتابخانه‌یه‌ك،  نه‌بوونی پێداویستی خوێندن ، گه‌لێك كیشه‌ی قورس له‌ بواری په‌روه‌رده‌ ، به‌ڵی ئه‌وه‌ راسته‌ حكومه‌ت به‌رپرسیاره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ ، به‌ڵام خێره‌ فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی له‌ ئاست ئه‌م هه‌موو كێشه‌ گه‌وره‌یه‌دا بێده‌نگ بێت  و قسه‌یه‌ك پرۆژه‌یه‌ت نه‌بیت بۆ چاكسازی ، به‌شدارییه‌ك نه‌كه‌یت له‌ باشتركردنی دۆخی په‌روه‌رده‌ و قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی ، بیر  له‌و هه‌زاران مناڵی كورده‌ نه‌كه‌یته‌وه‌ كه‌  له‌ خوێندن دابراون ، به‌ڵام ته‌نها و ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گۆرانكارییه‌كی ساده‌ی ناو په‌روه‌رده‌ی  ئایینی  هه‌ڵای راگه‌یاندن به‌رپا بكه‌یت و بته‌وێ كه‌ڵكی سیاسی لێوه‌ربگریت خه‌ڵك فریو بده‌یت و  ریگریش دروست بكه‌یت له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر گۆرانكارییه‌ك كه‌ پێویسته‌ بۆ كۆمه‌ڵگا.
 
  پرسێكی گرنگ كه‌ پێویسته‌ هاوشانی گۆرانكاری له‌ناو سیستمی په‌روه‌رده‌ بجوڵێنرێت ، ئه‌وه‌یه‌  وانه‌كانی تری ناو پرۆگرامه‌كانی خوێندن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ دروستكردنی تاكێكی بیركه‌ره‌وه‌ ،  یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س  عه‌قڵێكی كراوه‌ی هه‌بێت و توانای ره‌خنه‌گرتن له‌ خۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی عه‌قڵی هه‌بێت بۆ دیارده‌ و روداوه‌كان ،  وانه‌كانی زانست ، مێژوو ، په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی ، ئه‌مانه‌ وانه‌ی گرنگن   كه‌ پێویسته‌ هه‌م ناوه‌رۆكی وانه‌كان   به‌شێوه‌یه‌ك دابریژرێن كه‌ توانای  فكر و عه‌قڵ له‌ مرۆڤدا گه‌شه‌ پێبدات ، نه‌ك عه‌قڵی مرۆڤ بكات به‌ میمۆری مه‌علومات ، نه‌ توانیت رۆڵ ببیت له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی و توانای بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ،  وێرای گرنگی ناوه‌رۆكی وانه‌كان خاڵێكی دیكه‌ش كه‌ زۆر گرنگه‌ بریتیه‌ له‌  توانای كادری په‌روه‌رده‌یی ، لیهاتووی مامۆستایانه‌ له‌ وتنه‌وه‌ و گه‌یاندنی ناوه‌رۆك و په‌یامی زانستی وانه‌كانه‌ ، هه‌تا  ئه‌و ئامانجه‌ زانستیه‌ی كه‌ پێویسته‌ بگات به‌ خوێندكار وه‌ك خۆی بگات ، ئامانجی زانستیش دروستكردنی توانای عه‌قڵیه‌ له‌ مرۆڤدا كه‌ بتوانیت رۆڵی هه‌بێت له‌ گه‌شه‌پێدان و بیركردنه‌وه‌ی زانستیدا
بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌بێت  به‌رده‌وام خوڵی  هوشیاری زانستی بكرێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها چاودێری ئاستی هوشیاری مامۆستایان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت به‌ چ ئه‌ندازه‌یه‌ك رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی توانای زانستی و له‌ توانای بیركردنه‌وه‌ی خوێندكاره‌كان ، هه‌تا مامۆستا به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌و ئه‌ركه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ی هه‌ڵ،ه‌ستی و ئاستی فكر و عه‌قڵی ره‌خنه‌گرنه‌ و بیركه‌ره‌وه‌ له‌ خوێندكاردا گه‌شه‌پێنه‌دات هه‌یچ وانه‌یه‌ رۆڵی خۆی نه‌بینیوه‌ و ئامانجی خۆی به‌دینه‌هێناوه‌ ، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌ جدی  كاری بۆ بكرێت و جێگای بایه‌خی دام و ده‌ڤای په‌یوه‌ندیدار بێـ ، هه‌ر مامۆستایه‌ك سه‌ركه‌وتوو  نه‌بوو له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه‌ زانستیه‌دا ئه‌وا پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌رۆك و رۆڵیدا بكرێت  به‌ریگه‌ی جیاواز هانبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی چالاكتر بكریت و رۆڵی خۆی ببینیت
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand