بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت؟
2022-07-13 10:34:14
ملازمی مافپەروەر: گەرمیان خالد گڕاوی
سەرەتای ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ماددەی ھۆشبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەھەم، لەوڵاتی بەریتانیا، ئینگلیزەکان بۆ یەکەم جار ماددەی (تلیاک)یان بۆ چین گواستۆتەوە، لەوکاتەدا ھیرۆین، کۆکاین و تلیاک وەک ئامرازێکی سیاسی لە دەستی دەوڵەتدا بوو، وەک چەکێکی سیاسی دژی چینیەکان بەکاریان دەھێنا، ئەمە بوو بەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر بەشێوەیەکی خێراو دروستبوونی ڕێکخراو گروپی گەورەی تاوانکاری، لەوێوە بازرگانی کردن بە ماددەی ھۆشبەر بوو بە دیاردەیەکی جیھانی.
ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی تائێستاش باجی فراوانی بڵاوبونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەدات لە وڵاتەکەی، کە ئەمەش لە مێژویەکی دوروەوە دەستپێدەکات، لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم سەربازی ئەمریکی لە ڤێتنام ئاڵودەی ھیرۆین بوو، ساڵێک دواتر لە گوتارێکی مێژویدا، ٣٧ تەمین سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا (ریچارد نیکسۆن) شەڕی دژی ماددەی ھۆشبەر ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستاش ئەمریکا گەورەترین بازاڕی ماددەی ھۆشبەرە بەجۆرێک ڕێژەی بازرگانان لە دکتۆری ددان زیاترە لەو وڵاتەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لەئەمریکادا لەھەڵکشاندایە بەشێوەیەک بەپێی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و نەھێشتنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC) تێکڕای مردن بەھۆی ماددەی ھۆشبەر لە ساڵی ٢٠٠٠- ٢٠١٦ بە نزیکەی ١٣٦٪ زیادیکردووە.
ئەمڕۆ بازرگانی ماددەی ھۆشبەر یەکێکە لە گەورەترین بازرگانییە جیھانییەکان، وەک گەورەترین کێشەش دەبینرێت بۆ کۆمەڵگاکان، لە جیھاندا تێکڕای سەرمایەی بەگەڕخراو لە بازرگانی ماددەی ھۆشبەردا دەگاتە نزیکەی چوارسەد ملیار دۆلار، کە دەکاتە ٨٪ی کۆی گشتی بازرگانی لە جیھان و تێکرای بەکارھێنەرانیشی دەگاتە نزیکەی ١٩٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا.
کوردستانیش پشکی گەورەی بەرکەوتووە لەبابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، بەجۆرک چینێک بەکاریدەھێنن کە ئاستی ھۆشیاری و پەروەردەیان لە ئاستێی ھێندە نزمدایە کەنازانن لێکەوەتە خراپەکانی چین؟ و کاریگەریان چیە؟ جیا لەوەش درکیان بە قەدەغەی و ترسناکی ماددە ھۆشبەرەکان نەکردووە، ئاشناییان نیە، بەوەی گیرۆدەبوون بە ماددەی ھۆشبەر وڵامدانەوەی فیزیۆلۆژیکی جەستەیە بە کەڵک وەرگرتنی دووبارە لە ماددە ھۆشبەرەکان.
ئەمەش چەندین ھۆکار لەخۆی دەگرێت:
کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدار بە بڵاونەکردنەوە ھۆشیاری، نەگەیاندنی پەیامی ترسناکی ماددەی ھۆشبەر بە کۆمەڵگا و ھۆشیار نەبوونی خێزان و پەروەردەی ناتەندروست، ئاسانی لە بەدەستھێانان و بەکارھێنان و بڵاوبوونەوەی گرووپی جۆراو جۆر لە ژێر ناونیشانی نەمانی خەمۆکی و چوونە جیھانی مەستی.
پێش ئەوەی کەسی بەکارھێنەر پێوەی ئاڵودەبێت دەبێت بزانێت، دوای ئاڵودەبوون نەخێزان نەژیان نەخواردن خواردنەوە، تەنانەت خەو و بیرکردنەوەش وەک خۆی نامێنێ بەڵکو تەواو ژیانی پێچەوانە دەبێتەوە، لە نیشانە دیارەکانی: دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی کێش، خەمۆکی زۆر، کەمی خواستی جنسی، ڕەشبوونی ڕەنگی پێست بەتایبەت ژێر چاو، تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی جۆراوجۆر، تێکچوون و نەمانی خەو، توشبوون بە نەخۆشی لە دڵ و سییەکان، توشبوون بە ئایدزو ھێپاتیت، لە ناوچوون و مردن.
لەگەل تەواوی لایەنە خراپەکانی ماددەی ھۆشبەر، بەڵام بوونە دیاردە لەبابەتی بازرگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەبینرێت لە کوردستان، بەجۆرێک لە دادگا، کەیسە ھەرە زۆرەکان بازرگانی و کێشانی ماددەی ھۆشبەرە، بۆتە عادەت لە کاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار بەرەو ڕووی تۆمەتبار، کە زۆر جار گوێبیست دەبم لەدادوەر لەکاتی دادگایکردن، یەکەم پرساری دەیکات و دەڵێت: (بازرگانی بەماددەی ھۆشبە دەکەیت یان تەنھا بەکاریدەھێنیت). ئەمە بۆمان پشتڕاست دەکاتەوە ماددەی ھۆشبەر لە چ ئاستێکی بەرزدایە.
بۆ ھەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەش ڕووبەڕووبوەنەوەی مادەی هۆشبەر قورس نیە، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار لە ئاست بەربڵاوی دیاردەکەو مەترسییەکانی تێبگەن و کاری جدی بکەن بۆ نەھێشتنی.
پشتگوێخستنی لەلایەن بەرپرسانی ھەرێم و بەئاسانی داخلبوونی بە ڕێگای قاچاغ و لە وڵاتانی دەوروبەر، ئەگەر ڕووبەڕوبوونەوەکان لە ئاستێکی پێویستدا نەبێت کار لە کاران دەترازێ.!
چارەسەریش گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی قورسە لە سنورەکان بۆ کۆنتڕۆڵی سنووری بازرگانی نایاسایی، بەتایبەت ماددەی ھۆشبەر، وە سەپاندی سزای تووندو غرامەکردن ( پێبژاردن) بە بڕکی زۆر کە لەتوانای ماددی بەکارھێنەر یاخود کەسی بازرگانی ماددەی ھۆشبەر زۆر زیاتربێت.