قەیرانی هزری سیاسی لە هەرێمی كوردستان
2022-06-26 19:56:48
د. كامەران مەنتك
رەنگ بێت زیادەرۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین گەورەترین و ترسناكترین قەیران، لە هەرێم قەیرانی هزری سیاسیە، كە ئەمە بۆتە ئەوەی هیچ دیدگاو بۆچوونێكی روون بەرامبەر رووداوەكان نەبێت و گەڕەلاوژەیەكی وا بێنێتە ئاراوە، هەر كەس لە ئاشێكەوە لێبكات و كەس گوێ لەكەس نەگیرێت!.
كاتێك مرۆڤێك بتوانێت وەكو چەپێك، وەكو ئیسلامیەك، وەكو لیبڕاڵێك، بیر بكاتەوە، بانگەشە بۆ ئێراقچیەتی، توركچیەتی، ئێرانچیەتی بكات، بەبێئەوەی شوێنێك بۆ پێگەی خۆی نەتەوەكەی لەو گۆڕەپانە بهێڵێتەوە و دیار یكات، ئەمە بەكورتی واتای ئەوەیە رۆشنبیری سیاسی لەو هەرێمە لەقەیراندایە، لەمە زیاتر چی دەگەیەنێت، كە تۆ بتوانیت وەكو هەموو كەسێك و بەهەموو شێوازێكی جیاواز سەیری شتەكان بكەیت، لەكاتێكدا خۆت ون بكەیت و نەتوانیت وەكو خۆت و لەچوارچێوەی بەرژەوەندیە مرۆییی نەتەوەییەكانی خۆت بیر بكەیتەوە، هونەری چی لەوەدایە بەرگری لە ئێراقی بوون، توركی بوون، ئێرانی بوون بكەیت، لەكاتێكدا پێگەو كەسایەتی خۆت لەبیر بكەیت!
ئەو گەڕەلاوژەیە هزریەی لە هەرێم لە ئارادایە، واتای ئەوەیە، رۆشنبیری كورد لە بۆشاییەكی هزریدا دەژیت، بەتایبەتیش هزری سیاسی، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانەی تائێستا نەیتوانیبێت لە كێشەی وڵاتەكەی خۆی تێبگات و هەمیشە لە مەداری خەڵكانی تر بخولێتەوە، بەرگری لە ئێراقێك بكات، كە چەند ساڵێكی كەم بەر لەئێستا كیمیابارانی كردبێت و تەنانەت ئاژەڵ و باڵندەو پەلەوەرەكانیشی ئەنفال كردبێت، ئەو زەمینەیەش نەك تاوەكو ئێستا لە ئارادایە، بگرە بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لەدوای روخانی رژیمی بەعسەوە هاتۆتە ئارا، ئەو شكستەی ناسیونالیستی توندڕەوی عەرەبی لەو قۆناغە نوێیە دووچاری هاتووە، كە زۆربەیان هۆیەكەی بۆ كورد دەگەڕێننەوە، ئەو زەمینەیەی لەبارتر كردووەو لەهەر دەرفەتێكدا ئەگەری دووبارە بوونەوەی چەندین ئەنفال و كیمیابارانی تر هەیە!.
بەشێكی چارەنووسیان داوەتە دەست توركیا، ئێراق بە ئەنفال و كیمیابارانكردنی كورد تۆمەتبار دەكەن و بۆ هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر ئەو دۆخە، رزگاربوونی خۆیان، لە بەكۆیلەبوونی توركیا دەبیننەوە، واتە هەموو چارەسەریەكەیان گۆڕینەوەی خاوەن كۆیلەیەك بەیەكێكی ترو داگیركەرێك بەداگیركەرێكی ترە، لەكاتێكدا توركیا هەموو تواناكانی خستۆتە گەڕو ئابووری وڵاتەكەی خۆی دووچاری گەورەترین قەیران كردووە، بۆئەوەی بەدوای تاك بەتاكی رۆشنبیرو تێكۆشەرانی كورد بگەڕێت و تیرۆریان بكات، بەوردی و لەسەر هەموو ئاستەكاندا، پلانی سڕینەوەو لەناوبردنی كوردیان داناوەو وەك خۆیان دەڵێن لە مەریخیش كورد هەبێت ئەوان دەیكوژن!.
بەشێكی تر بەكردەیی كەوتوونەتە ژێر كاریگەری سیاسەت و رۆشنبیری سیاسی ئێران، كە ئامادەیە دەست لەگەڵ ئەو شەیتانە تێكەل بكات، كە بەردەوامی رەجمی دەكەن، بۆ ئەوەی دژی كورد بووەستێتەوە، ئەو ئێرانەی چەندین ساڵە بازرگانی بە مەسەلەی كوردەوە دەكات و كەی بیەوێت بە هەرزانترین نرخ دەیفرۆشێت، رەنگ بێت باشترین نمونەش ئەو بەناو شۆڕشە بوو، كە بە ئەیلوول ناوزەد كراوە!
بۆچی دەبێت رۆشنبیری كوردی تەنیا بیر لەوە بكاتەوە، كە چۆن دەچێتە ژێر چەتری هەژموونی وڵاتێك و داگیركەرێك بەداگیركەرێكی تر دەگۆڕێتەوە؟ بۆچی بیر لەوە ناكاتەوە وەك تاكێكی سەربەخۆو مرۆڤێكی ئازادو نەتەوەیەكی سەربەخۆ بیر بكاتەوە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەتوانین ئاماژە بۆ راستیەكی تاڵ بكەین، ئەویش ئەوەیە، كە تاوەكو ئێستا رۆشنبیری كوردی، نەیتوانیوە خۆی لە چوارچێوەی مشەخۆری و كاوێژكردن لەسەر بیركردنەوەی خەڵكی تر دەرباز بكات و بەسەربەخۆیی و وەك خۆی، كە خاوەنی دۆزێكی رەوایە بیر لەمەسەلەی نیشتیمانەكەی بكاتەوە، رۆشنبیری كورد تاوەكو ئێستا بوونەوەرێكی هەلپەرستەو تەوەزلانە لەسەر فرۆشتنی وشەكانی خۆی دەژیت، هێندەی كار بۆ نواندن و خۆدەرخستن تێركردنی بەرژەوەندیەكانی خۆی دەكات، هێندە درك بە بەرپرسیاریەتیە مێژووییەكانی خۆی ناكات، لەبەرئەوەی ئەویش لەبنەڕەتدا لەسەر كەلتورێك گۆشكراوە، كە نەیتوانیوە ئەرك و بەرپرساریەتیەكانی بەوردی دیاری بكات، لەسەر كەلتورێكی سیاسی گۆشكراوە، كە لەبنەڕەتدا لەژێر كاریگەری هزری سیاسی كەسانی ترەوە ئاڕاستە كراوە وەك شەڕێكی رۆشنبیری دژی ئەو كۆمەلگایە بەكارهاتووە، خولانەوە لەچوارچێوەی ئەو بیركردنەوەیە، واتە خولانەوە لەنیوبازنەیەكی بۆش، خولانەوەش لە بازنەی بۆش هەمیشە گەیاندویەتیە هەمان ئەنجام، لەشكستێكەوە بۆ شكستێكی تر و هەموو جاریكیش شكستەكانی وەك مێژووێكی پڕشنگدار تۆمار كردووە، وڵات فرۆش و بازرگانانی مەسەلە نیستمانیەكانیشی وەك قارەمان و پاڵەوانی كاریزمی وێناو وەسف كردووەو لەنێو لاپەڕە رووزەردەكاندا وەك مێژووێكی قێزەونی پیرۆزكراو تۆماری كردووە! جا مێژووێكی لەو شێوەیەك چۆن دەتوانێت ببێتە بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی كەسایەتیەك، كە لە ئەرك و بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەی خۆی تێبگات، چۆن دەتوانێت هزرێكی وا سیاسی بەرهەم بێنێت، كە زادەی بەرژەوەندیەكانی نەتەوەكەی خۆی بێت و لەروانگەیەكی جیۆستراتیژی فراوانەوە توێژینەوە لەسەر قەیرانە ئاڵۆزەكانی خۆی بكات!؟