Draw Media

شۆڕشنامە...باوڵەكەی دلێری سەید مەجید…

شۆڕشنامە...باوڵەكەی دلێری سەید مەجید…

2022-06-23 19:05:00


درەو - شۆڕشنامە 

موحسین عەلی ئەكبەر لە كتێبی بیرەوەریەكانیدا بەم شێوەیە باس لە سەرچاوەی داهاتی شۆڕش,و باوڵەكەی دلێری سەید مەجید دەكات:
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوو سەرچاوەی داهاتی هەبوو. یەكێكیان بریتی بوو لەو كۆمەك‌و یارمەتی‌و هاوكارییانەی كە لە ڕێگەی رێكخستنەكانی ناوەوەی وڵات كۆدەكرایەوە، لەگەڵ ئەو باجە گومركیانەی سەر سنورەكان‌و بەكرێدانی ئەو سامانە سروشتیانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون. بەشەكەی تریشی ئەو كۆمەك‌و یارمەتیانە بوو كە لەلایەن دۆستەكانمانەوە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهات.. ئەمیش ناو بەناو، بەپێی پێویست بە جانتای دیبلۆماسی لەڕێگەی باڵێوزخانەی سوریاوە دەهات. هەر جارەو (10 بۆ 12) دەفتەر دۆلار  زیاتر یان كەمتر  بوو.
بێگومان وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەو زەمان‌و سەردەمەو گەیاندنی بۆ ناوزەنگ، كارێكی ئاسان نەبوو. بەتایبەتی هیچ كەسێكی ئێمەومانان، بەڵگەنامەیەكی فەرمی ئێرانمان پێ‌ نەبوو شایانی ئەوە بێ‌ كە لە خاڵەكانی پشكنیندا بە ئاسانی‌و بێ‌ كێشە تێپەڕبین‌و هیچ گێچەڵێكمان پێ نەكرێ‌.. كارێكی وا هەردەبێ‌ رووبەڕووی كەسێكی وردەكارو خاوەن سەلیقەو بە تەدبیری وەك دلێری سەید مەجید بكرێتەوە. هەر ئەو دەیتوانی ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرێ‌.
كاك دلێر باوڵێكی پێ‌ بوو، پێشتر بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكرابوو. بەرگە ناواخنێكی پلێتی هەبوو، بە ئەندازەی ناوەوەی باوڵەكە، بنەكەی لەگەڵ بنی باوڵەكە بۆشاییەكی دروستدەكرد. دەفتەرە دۆلارەكان لەو بۆشاییەی بنی باوڵەكە بە ریز دادەنران‌و ئەمجا بەرگە ناواخنەكەی لەسەر دادەنراو بە بورغو قایم دەكرا، ئیتر كەس هەستی پێنەدەكرد.
جاری وایش هەبوون كاك دلێر بۆ ئیشوكاری تر دەهات، كەچی رووبەڕووی ئەو ئەركە دەبووەوە، بەڵام باوڵەكەی پێ‌ نەدەبوو. هەموومان دۆش دادەماین. بیرمان لێدەكردەوەو بە هیچ ئەنجامێك نەدەگەیشتین، تەنیا ئەوە نەبێ‌ كە بگەڕێتەوە بۆ ناوزەنگ‌و باوڵەكە لەگەڵ خۆیدا بێنێ‌. دوای تۆزێك لە بیركردنەوە چارەسەرێكی دەدۆزییەوە كە بە خەیاڵی كەسدا نەدەهات. باسیشی نەدەكرد. ئەوەندە نەبێ‌ كە دەیگوت ئاسانە خۆم چارەسەری دەكەم!
دوایی لەگەڵ مندا پێكەوە دەكەوتینە جێبەجێكردنی داهێنانەكەی، ئەویش كڕینی تایەو ویلێكی ئۆتۆمبێل بوو، لەگەڵ پامپێكی گەورەی دەستی. دەفتەرە دۆلارەكانمان لەسەر پارچە نایلۆنێك بەڕیز رێكدەخست‌و دەمانپێچایەوەو دەماننووساند بە بنی تایەكە لە ناوەوە، ئەمجا چوپ‌و ویلەكەمان لەسەر قایم دەكرد‌و بە پامپەكەش هەوامان تێدەكرد، ئیتر هی ئەوە نەبوو گومانی كەس بەلای شتێكی وادا بچێ‌ كە ئەوە جگەلە تایەیەكی ئاسایی بەولاوە هیچی تر بێت، ئا ئەمە یەكێك بوو لەو كارە داهێنەرانەی دلێر كە دەیان كاری لەو بابەتانەی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا كاری وا لەو سەردەمەدا هی ئەوە بوو لەسێدارە بدرێ‌. ئێستاش هەندێك ئەوەندە بەبێ‌ بایەخ باسی ئەو سەردەمەو ئەو كارانە دەكەن‌و بە هیچی دەزانن‌و دەڵێن جا ئەوە چییەو چیتان كردووە!

سەرچاوە: موحسین عەلی ئەكبەر (1950 - 2021): نەمریی بیرەوەری/ گێڕانەوەو بیرەوەری (1970 - 1983)، چاپی یەكەم، 2021، سلێمانی، لاپەڕەكانی (351 تا 353).

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand