Draw Media

ڕوانینی سەرۆکی حکومەت بۆ  "ڕۆژنامەنووسان "

ڕوانینی سەرۆکی حکومەت بۆ  "ڕۆژنامەنووسان "

2022-06-23 11:44:37


عەلی کەریمی
 
ڕەنگە کەس نکوولی لەوە نەبی کە توێژی ڕۆژنامەنووس و نووسەر بە گشتیی بە نوخبە و خوێندەواری هەر وڵات و کۆمەڵگەیەک ئەژمار دەکرێن و ئەوانە چاو و گوێ، ویژدان، ڕادەی ڕۆشنبیریی، شارستانیی و بگرە تا دواکەوتوویی و جەهالەتی کۆمەڵگەیەکیش وێنا دەکەن.
لە بیستی مانگ، کۆمەڵیک ڕۆژنامەنووس لە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەوری سەرۆکەکەی ڕۆنیشتبوون و گەنگەشەی حالی میدیا و ئازادی ڕادەربڕین و چاکسازیییان لەم هەرێمەدا دەکرد.
کەش و هەوای مەجلیسەکە بە عەکسەوەی هەوای دەرەوە، زۆر سارد و سڕ و ئەرباب ڕەعییەتی دەهاتە پێش چاو. مامۆستا محەمەد ڕئوفی (درەو میدیا) لێ دەرچێت زۆربەیان لە قسەکردن و پرسیاران ترس و لێو لەرزین و تف قوتنەدانیان بە ئاشکرا پێوە دیار بوو، مرۆڤ وەبیر دانیشتنی ستالین و حەمەڕەزا شا و سەدامەکانی سەدەی ڕابردوو دەکەوت کە لە گەڵ ستاف و سەرکردایەتی و ڕەعییەتەکانی خۆیان هەرچەند جارێک بۆ نمایشی تەلەفزیۆن و  دەسەڵاتی خۆیان وەڕێیان دەخست.
ئەوەی لەم مەجلیسەدا مامۆستا حەمەڕئوف گووتی، لەهەر وڵاتێکی تر با شایانی ئەوە بوو هەر لەم کۆبوونەوەیە سەرۆکی حکومەت ئیستقالەی کردبا و پێی بە شکستی حکومەتەکەی دانابا، ئەوەی نەکرد هیچ، لە ژێر ترس و چاو سوورکردنەوەی مەداحەکان و دەزگا تۆقێنەرەکانی سەرۆک، کە بەناوی ڕۆژنامەنووس لە مەجلیسەکەدا کەمیش نەبوون، بواریان بۆ ڕەخساند وەسەر میمبەر کەوێت و چۆنی پێخوش بێت ئەسپە شێکەی خۆی لێ تاو بدا، لە قسەوەڕی، ناڕەوا هۆنینەوە، بوختان، چەواشەکاری و درۆکردن هیچ سڵی نەکردەوە و هەموو ئەوانەی لە بێدەنگییەکی گەڵێک بەسامدا گووت و ئەوجار ماڵئاوا و هیچ!
بۆی لوا بوو بە بەرچاوی دەیان ملیون کوردزمان ئیدعا بکات کەس لە سەر بیروڕای جیا و ئازادی ڕادەربڕین لە زیندانەکانی حکومەتەکەی بەند نەکراوە و هەموو لاوان و ئازادیخوازانی بادینان درۆیەکی شاخدارن و ئەوانە سیخور و نەیاری کوردن.
یان کاکی سەرۆک دەزانێت لەمەڕ وڵاتی بن سێبەری حکومەتەکەی چی بە چییە و کێ بە کێیە، یان ئەوەتا وەک "ماری ئانتوانت"ی مەلیکەکەی فەرانسا ئاگای لە مەحموودی بێزەواد نییە و پێیوایە میللەت کە نان نەبوو دەبێ بیسکیت و کێک بخوات!
خۆشە مرۆڤ تێبگات کۆبوونەوەیەکی چوارپێنج سەعاتی چی لێ شین بوو؟! بە ڕای من هیچ، نمایشێک بوو بۆ ڕازاندنەوە و خشل و گەوهەر پێدا هەڵاوەسین بە بەژن و بەرۆکی حکومەتەکە و شانە شکاندنەکان لەسەر وسەکوتی حکومەتەکانی پێشوو کە ئەویش بەشی شێری بەر زاوا و ئامۆزاکەی خۆی دەکەوت.
سەیر و عەجایب لەوەدا بوو لە پێش چاوی ئەو هەموو "ڕۆژنامەنووسە" باسی میدیای سێبەری دەکرد و وای نیشان دەدا ئاخۆ کێ بێت بە دەیان سایت و پەیج و کاناڵی بێ دایک و بابی هەبێ، خۆش لە وەدا بوو زۆر بە زەقی دیار بوون ئەوانەی خۆیان میدیای سێبەر بۆ جەنابیان بەڕێوە دەبەن و زەق زەق بەرامبەری دانیشتبوون و نە بایان دیبوو و نە باران و هەر وەک کەوەکە سەریان لە بن بەفر نابوو  پشتیان بە دەرەوە بوو، بە بزەی لێویش لە لێکتریان دەڕوانی.
ئاخر بۆ وڵامت نەبوو کە پێیان گووتی جیا لە ئێوە کێ هەیە مەسارفی ئەو هەموو میدیا سێبەرە دابین بکات؟!
ئیتر با هەر بە وەندە بەس بێ کە باسی میدیا و ئازادی ڕادەربڕین بکرێت و لەهەموو گەندەڵکاری و تەجاوزات و بە فیرۆ دانی سەروەت و سامانی سەر عەرز و بن عەرز و لۆژیکی خۆل بە چاوداکردن و گێلاندن گەڕێین کە سەرۆکی حکومەت بێ پشودان لە هێنانەوەی موبەڕیڕی بێ بنەما و ساویلکانە بۆی دەهات و مەجالی نەدا کەس بێژێ وا نییە ئەزبەنی!
جا ئەوجار وای دابنێین؛ ئەوە هەرچی خراپ بوو کرا و پێیان کردی و بۆ زۆرێک لە تەحدا و پرسیارەکان هیچت پێ نەبوو، ئەی پاشان چی؟! کۆشت هەلتەکاند و تەواو بوو، کاکە حکومەتەکەت تاوانبار کرا بە گەندەڵی، بە دزی، بە نا شەفافی و بە دەیان نموونەی  وڵات فرۆشی و بیانوو هێنانەوە بۆ داگیرکاری و ژێر پێ خستی سەروەری وڵات لە لایان دەوڵەتانی داگیرکەری جیرانەوە تا دەگاتە تاڵان و زیندان و کوشتن، خۆ ناکرێ هەروا لێی بگوزەرێین و بە بای خەیاڵتدا نەیەت و وەک بەرزەکی بانان  بۆی دەرچی، بەڕاستی قسەکانی مامۆستا حەمەڕئوف یان دەبێ وڵامیان هەبێ یان ئەوەتا وەرە دانی پێدا بنێ و بێژە لە فاشیل فاشیلتر بوو حکومەتەکەی لە مەڕ ئامۆزا گیان؟!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand