سەدرو مەڕەکانی

Draw Media

2022-06-22 12:41:46



سه‌ردار عه‌زیز

ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە، سەرتاپا هێزە سیاسییەکان و لایەنە بەشدارەکان و چاودێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حەپەساندوە. هەموو ئەوانەی کە هەوڵیانداوە قسەی لەسەر بکەن هەموو پاش پشێوی هەوڵی ئەوەدەدەن کە بە میتۆدی سیناریو پرسەکە ڕاڤە بکەن.

لەم نوسینەدا دەمەوێت قسە لەسەر پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزب و ڕەوت و جوڵانەوە بکەم لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانیاندا. پرسی پەیوەندی نێوان سەرۆکی حیزب و ئەندامی پەرلەمان پرسێکی ئاوکێشە لەناو کایەو پرۆسەی دیموکراسیدا. ئایا ئەندامی پەرلەمان نوێنەری حیزبە یان خەڵک؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا بە زەقی دیارە، ئەندام پەرلەمان نەک نوێنەری خەڵک نیە، بەڵکو داردەستێکی تەواوی سەرۆکی حیزب یان جوڵانەوەکەیەتی. کاتێک سەدر فەرمانی بە سەرۆکی کوتلەکەی دا لە پەرلەمان بکشێنەوەو ئەوانیش بەبێ هیچ نوزەو جوکەو بۆڵەیەک دەستوبرد کارەکەیان جێبەجێکرد، دەرخەری ئەوەیە کە ئەندامبوون و ئەندام نەبوونی ئەوان پرسێک نیە کە پەیوەندی بە خۆیان و دەنگدەرو بازنەی هەڵبژاردنەوە هەبێت بەڵکو بە تاق و تەنها بڕیاری سەرۆکی حیزبە.

سەدر سەرەتا وەها ناسراوبوو کە ڕەوتێکی پەرش و بڵاوی هەیەو زۆرجار لەسەرەتاوە پرسیاری ئەوە دەکرا ئایا سەرتاپای ئەندامانی رەوتەکەی گوێڕاڵی ئەون؟ بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان سەدرو ڕەوتەکەیان بە ئاڕاستەیەک برد کە زیاتر تۆکمەو سیستەماتیک بێت. ڕەوتی سەدر یەکێکە لە نمونەی ئەو هێزانەی کە پاش ڕوخانی ڕژێمی پێشوو سەریانهەڵداوە کە بە بڕێکی زۆر تەنها پشت بە کەسایەتی سەرۆکەکەیان دەبه‌ستن بۆ بوون و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەم جۆرە هێزە سیاسییانە بە حیزبی کەسایەتی یان شەخسی ناسراون.

خەڵک و چالاکوانان لە باشوری عێراق هەستیان بەم دۆخە کردووە کە ئەندامانی پەرلەمان بەکاری نوێنەرایەتی خەڵک هەڵناسن بەڵکو زیاتر خزمەتکاری سەرۆکەکەیانن، بۆیە هەوڵیاندا کە سیستەمی هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ بازنەی بچوک، لەبری پارێزگا، هەتا دەرفەت بۆ کەسایەتی سەربەخۆ بڕەخسێت بۆ سەرکەوتن، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکایەتی و پشت بە یەکبەستن لەنێوان ناوچەی هەڵبژاردن و نوێنەرەکەیاندا بێتە ئاراوە. ئەم پرۆسەیە بە بڕێکی زۆر سەرکەوتوو نەبوو. زاڵیی سەرۆکی حیزب بەسەر دەزگای پەرلەماندا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەککەوتنی دەزگای پەرلەمان وەک ناوەندێکی نوێنەرایەتی، پشت بە دەستور بەستووی، چاودێر بەسەر دەسەڵاتەوە. لە کوردستان زمانێکی سەیر بۆ ئەم دیاردەیە داهێنراوە. کاتێک پرسێک دێتە ئاراوە، پەرلەمان ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، دەستوبرد دەڵێن، ئەو پرسە دەبێت سەرەتا سیاسییانە ڕێکكەوتنی لەسەر بکرێت پاشان بهێنرێتە پەرلەمان.

ڕامان لەم دەربڕینەو هەڵوەشاندنەوەی زۆر لایەنی و لاوازی سیستەمی پەرلەمان تێگەیشتنی سیاسیمان پێدەڵێت. یەکەم مانای دەربڕینەکە ئەوەیە کە پەرلەمان ناوەندێکی سیاسی نیە، بەڵکو سیاسەت لە جێگایەکی ترە. لە سیاسەتخستنی پەرلەمان لە هەمانکاتدا یانی کردنی بە ناوەندێکی ئیداری بیرۆکراتی. بە بوونی بە ناوەندێکی لەوشێوە ئەوا بە هەموو جۆرێک داڕن دەبێت لە دەسەڵاتی سیاسی.

لە ڕابوردودا لە میانەی کارم لە لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان، خێرا ئەوەت بۆ رون دەبووەوە، کە ئەندام پەرلەمان لە دیدگاو خەیاڵ و ڕەفتاریدا، خۆی لە فەرمانبەرێک زیاتر نابینێتەوە. بوونی بە بیرۆکرات، هەموو تواناو مافەکانی نوێنەرایەتی لێ دەسێنێتەوە. بیروکرات یان فەرمانبەر، ئەو کەسەیە کە فەرمانەکان دەبات یان جێبەجێیان دەکات، بەڵام فەرمانەکان لە جێگایەکی ترەوە دێن.

ئەم دیاردەیە ناتوانرێت تەنها بە بەهێزی ڕۆڵ و کەسایەتی سەرۆکەکان لێکبدرێتەوە بەرامبەر لاوازی ئەندامەکان، بەڵکو زیاتر ململانێی شەخس و دەزگایە، لەهەناو کەلتوری ئێمەدا. ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت چۆن دەزگا ڕۆڵ و کاریگەری دەگۆڕێت لەبەرامبەر کەسی سیاسی خاوەن دەسەڵاتدا. هەر ئەم تێگەیشتنەشە کە هۆکاری ئەوەیە کە زۆرێک لە خەڵک دەنگ بە کەسی سەربەخۆ نەدەن. هەموو کەسێک دەبێت پیاوی کەسێکی تر بێت، ئەگینا هیچی پێناکرێت، وەک دەڵێن.

لێرەدا جێگایەتی باس لە ئەو شەپۆلە لە سەقەت- ئاگاییە بکەین، کە بەوپەڕی بڕوابەخۆبونەوە هاواردەکات خەباتی پەرلەمانی یان سیاسەتی پەرلەمانی کۆتایی هاتووە. ئەم بانگەشەیە وەک زۆرێکی تر لە بانگەشە کڵێشەیی بیرلێنەکراوەکانی دونیا ئێمە لای زۆر کەس، دەوترێتەوە. ئایا ئەوە کەلتورو ڕەفتارو ئاستی تێگەیشتنی ئێمە نیە، کە دەزگا لاواز دەبینێت و کەس یان کەسایەتی بەهێز. ئایا سوچی دەزگایەک چیە کە تۆ لە هەموو ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی داڕنی دەکەیت؟ یان ڕونتر بڵێین ئەوە ئاستی ئاگایی تۆ نیە کە خێرا جاڕی کۆتایی دەزگا دەدەیت بەوەی شکستی هێناوە، بەڵام یەک تاکە نیشانەی پرسیار ناخەیتە سەر ڕۆڵی کەسایەتی سیاسی و خۆپەرستی و بەرتەسکێتی ئامانجی شەخسی سیاسی؟ ئایا جاردانی شکست ئاماژە نیە بۆ ئەوەی کە هێشتا دەزگا ڕێگایەکی زۆری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی تەی بکات هەتا ببێت بە دەزگا، چونکە بوونی دەزگا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە جۆری پەیوەندی و ئاگایی ئەوانی تر بۆی و هەروەها هەتا چ ئاستێک ناوەکییان کردووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە دەزگای پەرلەمان یەکێک لە کۆنترین دەزگاکانی مۆدێرنە کە لە ڕۆژئاواوە هەوڵدراوە بهێنرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوو عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لە سەدەی نۆزدەو بیستدا هەوڵیاندا هەردوو دەزگای دەستورو پەرلەمان خۆماڵی بکەن. تەنزیماتی ساڵی ١٨٣٩ بنەمای یەکەم قۆناغی دەستوری داڕشت لە ساڵی ١٨٦٧. لەم سەردەمەدا ڕۆشنبیرانی وەک میرزا فەتحعەلی ئاخونزادەو ئەوانی تر لە ئێران چالاک بوون. سەرباری کۆنی ئەم دەزگایە، ئەمڕۆ ناتوانرێت بڵێین لە سەرتاپا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دەزگایە بە کارەکانی خۆی هەڵدەستێت. دیارە دژە پەرلەمانی پاڵنەرو هۆکاری زۆرە، ئێمە لێرەدا ئامانجمان ئەوە نیە کاری لەسەر بکەین، ڕەنگە کاریگەرترین کتێب لەمبارەوە لە نوسینی کارل شمت بێت. بەڵکو تەنها یەک ڕەهەندی ئەم شکستە ئاماژە پێدەدەین کە مەڕبوونی پەرلەمانتارانە. گەر لە ئەزمونی ساڵانی ڕابوردوی پەرلەمانی عێراق و کوردستان بنواڕین هەمیشە هەوڵەکان لەناوەوەو دەرەوەی پەرلەمان بەو ئەو ئاڕاستەدایە کە پەرلەمانتاری سرک تەرا بکرێت.

ڕەنگە هەوڵدان بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە بە پشتبەستن بە تێزە ڕۆژئاواییەکان ئەوەندە ئامانج نەپێکێت. لە تێزی دوکتۆراکەمدا کاری زۆرم لەسەر ڕۆڵی ترادیشیون یان کەلەپور کردووە لە پرۆسەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ترادیشیوانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی لیبرالدا تەبا نیە. لەمیانەی کارم لە سەر خزم و خزمایەتی و پەیوەندی هەرێمێتی وڵاتان بردمیان بۆ کتێبێکی دەگمەن لە نوسینی هەردوو لێکۆڵەری ئێرانی میهرزاد بروجەردی و کروشی ڕەحیمخانی، کتێبەکە بە ناونیشانی Postrevolutionary Iran: A Political Handbook لەوێدا هەردوو لێکۆڵەر بەپێچەوانەی لێکۆڵەرانی تر لە تیورەو ئایدەلۆژیاوە نایەن بۆ ڕاڤەکردنی سیستەمەکە، بەڵکو دێن بە ووردی ڕایەڵەی پەیوەندییە خزمایەتی و نزیکایەتی و پیاویانەی ناو سیستەمە پێشان دەدەن. سیستەمی سیاسی ئێرانی لەسەر بنەمای ئەوە بونیادنراوە کاتێک کەسێک دەستی دەگاتە دەسەڵات چۆن لە خزم و پیاوەکانییەوە پێگەی خۆی قایم کات و ململانێ و کێبڕکێی ئەوانی تر بکات. کاتێک خامنەئی دەبێت بە سەرۆک کۆمار ٤٠٠ پیاوی خۆی دەهێنێت لە جێگا جیاوازەکان دایاندەنێت هەتا کاری بۆ بکەن.

بەردەوام لە کوردستان دەبیستی و دەبینی کاتێک کەسێک تێدەپەڕێت دەڵێن ئەوە فڵانەکەسە، پیاو یان چاوی فڵانەکەسە. بونیادنانی ئەم ووردە تۆڕە لە دەسەڵاتی شەخسی بنەمای تێگەیشتن و پیادەکردنی دەسەڵاتی سیاسییە. بەم پێیە کەسێک بۆ ئەوە سیاسەت ناکات هەتا پرسێکی گشتی لە بواری گشتیدا بوروژێنێت یان داکۆکی لەسەر بکات بەڵکو بۆ ئەوەیە هەتا خۆی بەسەردا بسەپێنێت و پێگەی خۆی تیادا قایم بکات. بەمجۆرەش بردن لە سیستەمەکە بۆ خود، ناچاریی و پێداویستیە. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەندەڵ نەبووە. بەڵکو باڵاترین مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵات گەندەڵییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand