دۆخی سیاسی عێراق بەرەو كوێ ؟

2022-06-20 20:24:24
نەوزادی موهەندیس
• عێراق بۆ ماوەی 19 ساڵی ڕێكە دوای بەناو ئازادكردنی، لەجیاتی ئەوەی هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاوەدانیەكان و..هتد.. بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بۆ دواوە پاشەكشەدەكات، هەمووشی بەهۆی لەلایەك ململانێ ناڕەواكانی نێوان حیزب و سەركردە سیاسیەكان لەناوخۆ و دواتریش ململانێ ئاینی و مەزهەبیەكانی نێوان یەك ئاین و یەك مەزهەبیش و دواتر لەنێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی دەستێوەردانە دەرەكیە بەردەوامەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشەوە هێندەی تر دۆخی سیاسی عێراق بە ناجێگیری و ناڕۆشنی ماوەتەوە و لەئێستاشداو دوای19 ساڵ هێشتا لە بازنەیەكی بۆشدا دەسوڕێتەوەو چەقیوەتە ناو تونێڵێكی تاریك و تونی واوە كە تروسكایەكی لاوازیش نابینرێت بۆ قوتاربوون لەو چەقبەستووییە.
• لەئێستادا و دوای نزیكەی 9 مانگ لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی 10/10/2021وە هێشتا لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە نەتوانراوە كە ئۆرگانە سەرەكیەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا هەڵببژێردرێن و عێراقیش ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێزو دەستەبەكار بۆ ئەوەی عێراق لەو چەقبەستوە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەی ڕزگاربكات. هەموو ئەم ململانێیانەش لەئێستادا كورتكراونەتەوە لە ململانێ كەسیە ((كۆن و نوێ))كانی نێوان موقتەدا صەدری ڕابەری ڕەوتی صەدرو نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، كە هیچ كامیان بە ڕابەرایەتی و دەسەڵاتی ئەویدی ڕازی نیەو تەنانەت نەیانتوانیوە چاویشیان بەیەك بكەوێت و لانی كەم تەوقەیەكی سیاسیش بكەن لەنێو ماڵی شیعیداو بەم كارەشیان لەلایەك نێوماڵی شیعیان كەرت و پەرت كردوەو تەواوی عێراقیشیان گیرۆدەی دۆخێكی سیاسی ناڕۆشنكردوە. سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی 9 مانگی ڕابووردوو تائێستا نەتوانراوە ئەو تەوق و چەقبەستوە سیاسیە تێكبشكێنرێت. هەرچەندە لەهەردوولاوە پەنایان بردە بەر دەستشكانەوەو ملبادانی یەكتری بە پێكەوەنانی بەرەو چوارچێوەی دژ بەیەك بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بسەپێننە سەر یەكتری بەناوی دروستكردنی زۆرینەی پەڕلەمانیەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ كامیان نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن.
• لەئێستادا و دوای بێهیوابوونی صەدر لەدەرچوون و سەركەوتن لەگەیشتن بەبەرنامەو خواستەكانی لە پێكەوەنانی حكومەتێكی نیشتیمانی سەربەخۆی نەڕۆژهەڵاتی ((ئێرانی))و نەڕۆژئاوایی ((ئەوروپاو ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا))، بەناچاری وەكو سیاسیەكی بێ ئەزموون و نەفەس كورتی سیاسیانە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندام پەڕلەمانەكەیداو لەئێستاشدا بڕیاری كشانەوەی لەتەواوی جومگەو پلەو پۆستە حكومیەكانیشدا داوە لەسەرتاسەری عێراقدا.
لەلایەك ئەم هەڵوێستەی صەدر بۆتە هۆی شڵەژانی زیاتری دۆخی سیاسی و سەرهەڵدانی گریمانەی نوێ بۆ ئایندە، لەوانە: گریمانەی كودەتای سەربازی و شەڕی میلیشیایی ناوخۆیی و ئاژاوەو بێسەروبەری و هەڵبژاردنێكی نوێی پەڕلەمانی ودوایش نەمانی ئەوەی پێی دەوترێت نەزم و یاسا و دەستور و دەوڵەت وفەوزا،كە هەموو ئەمانەش لەبەرژەوەندی عێراق و عێراقیەكاندا نیە، دووریشە وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش لێبگەڕێن كە بەو ئاڕاستەیە عێراق هەنگاو بنێت.لەلایەكی تریشەوە بوە هۆی هەڵوەشانەوەی بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی 3 قۆڵی و هەردوو هاوپەیمانەكەی خستە دۆخێكی ئیحراجیەوە كە لە نیوەی ڕێگادا بەجێی هێشتن و سەرگەردانی كردن.بەڵام لەلایەكی تریشەوە وەك دەڵێن دەستی چوارچێوەی هەمئاهەنگی كردەوە و دەروازە گەلێكی فراوانی خستە بەردەمیان بۆ ئەوەی بتوانن كە حكومەتی نوێ پێكبێنن.بەمەرجێك شوێنگرەوەكانی ئەندام پەڕلەمانەكانی صەدر لەخەڵكانی سەر بە سەربەخۆ و چوارچێوەی هەمئاهەنگی بن بۆ ئەوەی بتوانن زۆررینەی ناو پەڕلەمان پێكبێنن.ئەگەر نا ئەوا كارەكە هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە.لەئێستادا چوارچێوەی هەمئاهەنگی كەوتونەتە خۆ بۆ دانوسان لەگەڵ هەمواندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسیە نادیار و لێڵ و نوێیە،و ڕایانگەیاندوە لەدوا جەژنی قوربانەوە هەوڵەكانیان گەرموگوڕتر دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە.
• بەڵام لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت، كە ئایا ئەو حكومەتەی بەبێ صەدریەكان پێكبێت دەتوانێت لەبەردەم گوشارو فشارە جەماوەریەكانی صەدریەكاندا تاسەر خۆڕابگرێت؟ ئایا لەگەڵ ئەو هەموو دەسكەوت و داهاتە زۆروزەوەندەی نەوتی ئەم چەند مانگەدا كە حكومەتی عێراقی دەستیكەوتوە، دەتوانێت خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكات، كە مەرجی هێوربونەوەی جەماوەری توڕەو سەركەوتنی حكومەتەكەشە؟ و دەیان پرسیاری تر.
بۆیە گرنگە هێزو سەركردە سیاسیەكانی چوارچبێوەی هەمئاهەنگی زۆر بەووردی و دیقەت و ووریاییەوە لە هەنگاوە چاوەڕواننەكراوەكانی صەدر بڕوانن و بەكەمی نەزانن و ڕەنگە تەپكەیەكی سیاسی بێت بۆ تێكەوتنی ئەو حكومەتەی ئایندە بێت! چونكە صەدریەكان توانای بەئاسانی توانای جوڵاندنی شەقامی توڕەی عێراقیان هەیە لەكاتێكدا بۆخۆی كەشوهەوا سیاسیەكە پاڵنەرو یارمەتیدەرە بۆ تەقینەوەو لێكهەڵوەشان و قڵپبونەوەی یەكجارەكەی. بەتایبەتیش گەر چوارچێوەی هەمئاهەنگی بیر لەوەبكەنەوە جارێكی تر نوری مالكی بكەنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق. چونكە هێندەی تر بەنزین بەسەر ئاگری توڕە و ڕق و قینی كۆن و نوێی موقتەدا دەكات و چی لەدەست بێت بۆ شكاندن و هەیبەت و شكستپێهێنانی مالكی ئەنجامی دەدات.
لەبیرمان نەچێت نە صەدرو نەمالكی فریشتە نین و هەردووكیان تاقیكراونەتەوە لەهەڵوێست و گوتارو كرداریاندا لە كاتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشیانداو بەتایبەتیش مالكی لە گەڕی دووەمی دەسەڵاتیداو بەدیاریكراویش لە 6 مانگی یەكەمی ساڵی 2012دا كە ئەوكاتیش ببەوە تاكڕەو و حسابی بۆ كوردو مافەكانی نەدەكردو كارگەیشتە ئەوەی كە بارزانی و نوجەیفی و عەلاوی و...هتد. متمانەی لێوەربگرنەوە. ئەوە موقتەداشە كە هیچ كات ناتوانرێت پشتی پێببەسرێت بەهۆی ڕاڕایی و ناجێگیری هەڵوێست و بڕیارەكانی و دواتریش نیەتەكانی بۆ وەلانانی پشكپشكێنەی نەتەوەیی و تایەفی و ئاینی لە داهاتوودا.و هەڵوەشانەوەی هێزی پێشمەرگەو جێبەجێنەكردنی مادەی 140ی دەستوورو هەمواركردنەوەی دەستور وپشتگیركردنیشی لە بڕیارەكانی دادگای دەستوری و...هتد. كە هەموانیان دژ بە بەرژەوەندیەكانی كوردو كوردستانن.
بۆیە سەرەتا وەكو كورد گەرەكە نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوەو یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بێت و نەچێتە ناو هاوپەیمانی و بەرەی نەشیعەكان و نە سونەكانەوە و تەنهاوتەنها پێكەوەو بە یەكویەكگرتوویی نێوماڵی كورد پتەو و بەهێز بكەنەوەو پێدابگرن لەسەر ماف و ئیستیحقاقە دەستوری و نەتەوەیەكانی كوردو لێگەڕێن بۆ ئەوەی شیعەو سونە كێشەو ململانێكانی نێوخۆیان دوور لە كورد چارەسەر بكەن ئەگەر توانیان. بەپێچەوانەوە هێندەی تر نێوماڵی كورد پەرتەوازەو لێكدوور دەكەوێتەوە. هەربەمەش دەتوانرێت عێراق لەم دۆخە قەتیس و ناجێگیرو ناڕوونە سیاسیەی دەربازبكرێت.و كوردیش ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بێنێت. ئەگەر نا ئایندەی عێراق وەكو دەوڵەت لەئێستادا لەهەموو كات لەبەر مەترسی لێكهەڵوەشان و نەماندایەو ئەمەش بۆخۆی لە بەرژەوەندی كورد تەواو دەبێت.
