Draw Media

وەهمی پەروەردە

وەهمی پەروەردە

2022-06-20 13:21:57


سه‌ردار عه‌زیز

زۆر پێش کەسێکی وەک زیباکەلام بە گوێمانیدا بدات، دیدی ئەوەی کە گۆڕین و گەشە و چاککردنی کۆمەڵگا لە پەروەردەوە دەست پێدەکات، دەمێکە وەک کڵێشەیەکی لێهاتووە. من بەردەوام ئەم دەربڕینە حازرباشەم گوێ لێدەبێت. وەک زۆر دەبڕینی تر، وتراوێکی بیرلێنەکراوەیەو ئەوانەی دەیڵێن، بڕوای تەواویان هەیە کە ئەگەر بێتوو ئەوە بکرێت، ئەوا گەشەو پێشکەوتن، مسۆگەرە، ئاغای زیبا زیاتر لە ئەوە ڕۆشت و بڕوای وەهایە ئەوە تاکە جیاوازی نێوان ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتە. کە بۆخۆی باڵاترین ئاستی دەبەنگییە، کە ڕۆژئاواو وەرچەرخانی لە یەک هۆکارو فاکتەردا کورت بکەیتەوە. پرسی ئەوەی بۆچی ڕۆژهەڵات دواکەوت و ڕۆژئاوا پێشکەوت پرسێکی زانستی نییە، هێندەی دەربڕی دۆخێکی دەرونی بیمارە. دەمێکە ئیسلامییەکان پێوە گیرۆدەن و پرسیارەکەیان وەک جۆرێک لە سەرسوڕمان و نەدەبوایە ببێت، دەردەبڕن. بەتایبەتی زۆرێک لە موسوڵمانە سیاسییەکان خۆیان لە ئاستی مێژوویی و کەلتوری و ئەخلاقی و چەندین بواری تردا باڵاتر دەبینن لە ڕۆژئاوا. ئەم دۆخە دەرونییەش وەهایکردووە کە پرسیارەکە نەبێتە پرسیارێکی مەعریفی بەڵکو هەمیشە وەها وەڵام بدرێتەوە، کە ئێمە لە هیچمان کەمتر نیە تەنها یەک بوار نەبێت، ئەگەر بێتوو ئەوە بکەین ئەوا پێشکەوتن مسۆگەرە.

پرسی پەروەردە تەنها کرۆکی پرۆژەی ئیخوان نییە. بەڵکو لای برادەرانی پەکەکەو چەپ و ماوییەکان و زۆری تریش دەیبینیت. چەمکی پەروەردە بەگشتی لای ئەو هێزانە ڕەواجی هەیە کە خاوەن ئایدەلۆجیان. بوونی ئایدەلۆجیا وەهایان لێدەکات کە وەها بیربکەنەوە، ئەگەر بێتوو لە ڕێگای پەروەردەوە کۆمەڵگا بە ئایدەلۆجیاکەت ئاشنابکەیت و ڕای بهێنیت ئەوا نەوەیەکت دەبێت لەسەر بنەمای ئایدلۆجیاکەت و بە باشی ڕەفتار دەکات و کۆمەڵگا پێش دەکەوێت. ئەمە کرۆکی ئەفسانەکەیە. بەو مانایە بەکاربردنی دەزگایی و سیستەمی خوێندن یان پەروەردە بۆ دروستکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی ئایدەلۆجی. ئەم دیدەیە کە پاڵنەری ئەوەبوو حیزبە ئیخوانییەکان هەڵپەی دەست گەیشتن بە بواری پەروەردە بدەن و لەوێوە کۆمەڵگایەکی هەڵگری بیری خۆیان بەرهەم بهێنن.

ئەم دیدە لە میانەی ڕەخنە لە گۆڕاندا بەکاردەبرێت کە دەبوایە گۆڕانیش وەهای بکردایە، پەنای بۆ پەروەردە ببردایە نەک چەک و پارە. ئەم دیدە حازرباشە لە چەندین لاوە هەڵەیە:

یەکەم، نە وەرچەرخانی ڕۆژئاوا تاک فاکتەرەو نە هیچ مۆدێلێکی گەشە لە دونیادا تاک فاکتەر بووە. گەر لە مێژوی بە ئایدەلۆژیاکردنی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا بنواڕیت لە مێژوودا، ڕەنگە کۆمیونیستەکان و ماوییەکان زەقترین نمونە بن، بەڵام لە هیچ کوێ نەبونە مایەی هیچ گەشەیەک.

دووەم، بیرکردنەوەی تاکڕەهەندی لە گەشە یان وەرچەرخان، بیرکردنەوە نیە، هێندەی دەربڕینی کۆمەڵێک ڕستەی کڵێشەیی ئامادەکراوە. بەم پێیە ئەمجۆرە بیرکردنەوە هەتا ئەوپەڕی ئاسانگەرایەو بێئاگایە لە مێژوو و فەلسەفەو قەیرانەکانەنی گەشەو مۆدێلەکانی.

سێیەم، ئەم جۆرە بەناو بیرکردنەوە هەتا باڵاترین ئاست میکانیکییە. بەتەواوی بێئاگایە لە ئاڵۆزی مرۆڤ و مێژووی و کەلتوری و دۆخی جودای لە جێگا جیاوازەکاندا. زۆر بەدڵناییەوە دەڵێت، ئەگەرئەمەبکەیت، ئەوا ئەوەت دەستدەکەێت.

چوارهەم، ئەم جۆرە بیرکردنەوانە نامێژوویین. بەو مانایە ڕەنگە لە ساتەوەختێکدا پەروەردە گرنگ بوبێت، بەڵام مانای ئەوە نیە کە هەمیشە باشی پەروەردە حەتمەیەتی گەشەیە.

پێنجەم، ئەم مۆدێلە بێئاگایە لە هەموو ئەو تێزە زۆرانەی کە دەربارەی پرسی چیەتی گەشەو چۆنێتی کراون. لە کتێبی بۆچی گەلان یان دەوڵەتان شکست دەهێنن، جەیمس و حاتچەمئۆغلۆ گرنگی بە دەزگاو جۆری سەرچاوی سامان دەدەن. لای ستیفان دیرکۆن شوناس و بایەخ و دیدی نوخبەیە. لە چەندین دەیەی ڕابوردوودا سەرجەم پرۆژەی مۆدێرنەگەریی بوو.

گەشە کاتێک دێتە دی کە بڕیارو خواست هەبێت بۆ گەشە. بۆ پیادەکرنی ئەم بڕیارو خواستە بە دوای بنەمای زانستیدا بگەڕیت بۆ چۆنێتی گەشەو مۆدێلە نزیکەکان. لە هەمانکاتدا بڕوابوون بە بونیادی ئاڵۆزی فرە رەهەندی و فرە قۆناغی. بۆ نموونە کاتێک ئایرلەندییەکان بڕیاریاندا بەرەو ئاڕاستەی گەشە بڕۆن، خوێندنیان خۆڕایی کرد، بەڵام ئەمە بە تەنها بەس نەبوو، دەبوو کارگە بهێنن بۆ ئەم خوێندەوارانە، لەم ڕوانگەیەوە پەنایان بۆ دوو سەرچاوە برد، یەکەم توێژی هەندەرانی ئایرلەندی و دووەم، داڕشتنی سیاسەتێکی باجداریی کە بە سودی کۆمپانیا گەورەکان بێت. پاشان سودبینی لە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپاو بەکاربردنی زمانی ئینگلیزی بۆ بوون بە دەروازی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بۆ ئەوروپا. لە هەمانکاتدا پشتیوانی خێزانەکان بۆ ئەوەی بتوانن مناڵەکانیان بەردەوامی بە خوێندن بدات. دوورکەوتنەوە لە ئایدەلۆژیای ئایرلەندای کاتۆلیکی پاک، بەهۆی بیرمەندو بیرۆکراتێکی وەک ویتیکەرەوە. زۆر شتی تر.

بەڵێ سیستەمی خوێندن نەک پەروەردە گرنگە. چەمکی پەروەردە چەمکێکی دژە ئازادییە. مرۆڤی پەروەردەکراو مرۆڤێکی داهێنەر نیە. بەڵام دەبێت سیستەمی خوێندنت پەیوەست بێت بە سیستەمی ئابوریتەوە. هەروەها سیستەمی سیاسیت ڕابەرو ئاسانکەری ئەم پرسە بێت. لە هەمانکاتدا نەترسیت لەوەی کە چینی ناوەندی ڕاستەقینە دروست بێت و داوای دیموکراسی ڕاستەقینە بکات، بەو مانایە واز لە مۆنۆپۆلی و خەیاڵی حوکمی هەمیشەیی و بنەماڵەی و خێزانی و خوشک و برایی بهێنیت. ڕێگا بدەی خەڵک بیربکەنەوە. نەک بە سۆشیال میدیا هەموویان توشی نەخۆشی دەرونی بکەیت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand