Draw Media

عێراقی بەیعەت !

عێراقی بەیعەت !

2022-06-15 13:53:12


ئاسۆ عەبدوللەتیف

دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی پەڕلەمانتارانی کوتلەی سەدریی لە هەفتەی پێشوو دوابەدوای گوتاری ڕێبەرە ڕۆحیەکەیان، جگەلەوەی پەردەی شانۆیەکی تازەبوو بۆ سوپرایزێکی سیاسی گەورەی سەدریی، هەمان کات بەیعەتی مەزهەبیی ئایدۆلۆژیی ئەو مەندوب و یاسادانەرانە بوو لە حەنانەی ئاینیی نەجەف لەبەردەم ئەمیرەکەیان موقتەدا سەدر.

ئەو جوڵەو ئاکتە، ئەگەر یەک مانای هەبێت ئەوەیە ئەو نوێنەرانە بەندەو بەیعەتداری ئەمیری خۆیانن نەک یاساکان و بۆ فرۆشتن و سەوداو مامەڵەکردن نیین، تا شۆکهێنەر بێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی و کۆتایی بە مۆدێلی حکومەتی سازان و پشکپشکێنە، هەنگاوەکە ئەگەرچی یاسایی نییەو حیزبییە، لێ عێراقی بەتەواوی گەیاندە بنبەست و چەقبەستوویی سیاسیی و بۆشایی دەستوریی بۆ حکومەتێکی کاربەڕێکەر. 

به‌ڵام ره‌مزێكی سیاسیی نابینینه‌وه‌ له بیست ساڵی ڕابردوی‌ عێراقی نوێ ئه‌وه‌نده‌ی "موقته‌دا سه‌در" ی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در مانۆڕی ڕێکخراوی سیاسیی و له‌ف و ده‌ورانی کردبێت به‌ وه‌ره‌قه‌و گوتاره‌ سیاسه‌كان و كورسیه‌ به‌ده‌ستهاتوه‌كانەوە، عێراق مێرگ و مەیدانی خێڵ و تائیفە و ململانێی رەچەڵەک و ئەهلی بەیعەتسازییە و میراتەکە هی سەردەمی خەلیفە عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و ئیمامی حەسەن و حسێنە. کێشەکان کۆنن و پەیوەستە بە نەسەب و فەتواو بەیعەتداریی و ئیمامەت و جێنشینیی لەگەڵ بەرەی ئیمامی موعاویەی کوڕی ئەبوسوفیان و یەزیدی کوڕی لە شامەوە تا کوفە و شەهید بوونی حوسەین و پۆلێک لە هاوەڵان و گەوزاندنیان لە خوێنی یەکترو لێسەندنەوەی بەیعەت و شەرعیەتی جێنشینی بەبێ شورا لە ئەمیری موسوڵمانان بە زۆری شمشێرو خوێن و قەتل و قصاص. يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ…

بۆیە، هەمیشە دۆخی دوای بەیعەتدان مەترسییە بۆ کۆمەڵگاو بۆ ئەوانی تر بەرەو فیتنەو ناکۆکی و ئاژاوەی گەورە، فەتواو بەیعەت و دارولخیلافەی مەزهەبیی شوێنی هەموو یاساو دەزگاکانی گرتووه‌تەوە لە عێراق.

موقتەدا بۆشی چۆتەسەر چونکە میراتگری بەشێکی ئەو مێژوەیەو كوڕی چواره‌می زه‌عیمی رۆحی و دینی كۆچكردوو "محمد محمد سادق سه‌دره‌" و قوتابی سه‌یید كازم ئه‌لحائیری مه‌رجه‌عی هاوچه‌رخ و دیاری عێراقی و دانیشتووی قومه‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ریشه‌یه‌كی كۆنی تائیفیی و مه‌زهه‌بی و دینی و حوكمرانییان هه‌یه‌ له‌ ناوه‌راست و خوارووی عێراق و ئه‌تباع و ئه‌ولادو مه‌والی ویلایه‌تی خۆیان هه‌یه‌، دوای محمد باقر سه‌درو باوكی و براكانی. بەڵام وەک چۆن زەحمەتە باوەڕ بەوە بهێنین موقتەدا بەم ئاکتەو بەکردەنی بچێتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە وەک هێزێکی یەکلاکەرەوە بۆ ڕیفۆرم و چاکسازیی، زەحمەتیشە باوەڕ بەوە بکەین بەتەواوی هاتبێتە ئەو بەرەیەی کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران وەستابێتەوە.

بۆیە باشترە کورد لەو ململانێ مەزهەبیی و مەرجەعیەتە دینیانە بەئاگا بێت و عەقڵانیی و بەرمەبنای مافە دەستووریی و مێژووییەکانی خۆی مامەڵەو دانوستان بکات نەک دیدارە حیزبیی و پۆستە حکومییەکان و کورسی بەدەستهاتوو.

ئاخر مۆدێلی سیاسی حوکمڕانی و فۆڕمی نەگۆڕی تەشریعاتی لە عێراق بۆ بیست ساڵی تر مۆدێلێکی کۆنی دەسەڵاتگەریی و سیاسیی و تەقسیماتی و دیفاکتۆی ئەمریکا_ئێرانەو کورد دەبێ لەو دۆخە بگات و چیتر تەفرە نەخوات لەکاتێکدا لە هاوبەشیی و بەڕێوەبردنی سەدساڵەی پێشووی عێراقدا شكستیهێناوە.دەستورو فیدراڵیەت و دنیای ئازاد، هیچ نەبوو جگە لە وەهم و مۆدێلێك بۆ داپۆشینی دیكتاتۆریەتی رابردووی بەعس و جوانكردنی ئەزموونی دەوڵەتی مەزهەبی شیعیی. ئەو حوكمڕانییەی وەك مۆدێل كاری پێدەكرێت و كورد بەشدارە تیایدا، زیاتر مۆدێلی خێڵ و میللیگەرایەو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە عێراقێکی نوێ لە ئارادا نییەو ڕوخسارە گەورەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

ئیدی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی چییەو چۆن دروست دەبێت کە ڕوانگەی توندی ڕەوتی سەدرییە بەبێ سازان، عێراق پڕیەتی لە پێكهاتەی نەتەوەیی و ئەتنی و مەزهەبی و دینی و تائیفیی، ئەوەی ئەم پێكهاتە موزائیكی و هەمەجۆرەی راگرتووە، دەستوور و یاساكانن بەڵام کاریان پێ ناکرێ و لەبری ئەوە فەتواو بەیعەت و دارولخیلافەی مەزهەبیی شوێنی گرتۆتەوە؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand