Draw Media

سێ شت

سێ شت

2022-06-14 19:22:18


سامان محەمەد*

١. زیاتر لەسەد هەزار کارمەندی وەک ئەم پۆلیس و ئەفسەرە هەیە کەهیچ مەشق و فێرکاریان نیە و نەبوە. چەندین ساڵە بەحکومەت و بەرپرسان دەوترێت ئەم وەزعە نابێت وا بەردەوام بێت چەکێک بدەیتە دەستی کەسێک و پێی بڵیت لەمڕۆوە تۆ پیاوی میریت. ئەمە مەترسیە بۆسەر ژیانی کارمەندەکە خۆی و هاووڵاتیانیش. هەموو کارمەند و ئەفسەرێک بێ جیاوازی خەو بەوە دەبینێت مەشقی پێبکرێت بەڵام پێیان ناکەن، مەشقی شەق وەشاندن نا هی هەڵسوکەوت و مامەڵەی پیشەیی لەگەڵ هاووڵاتی. کاک قوباد تکایە بڕۆ ئەوەیان بۆ بکە.

٢. کاتێک دادوەر لەسەربنەمای لێکۆڵینەوەو ئەدلەی بەردەست بڕیار دەدات کارێکی ئاساییە گەر کەسوکاری تاوان لێکراوەکە توڕەبن و یان هاوار و جنێویش بدەن بەڵام کاتێک داوایان لێدەکرێت شوێنەکە بەجێبهێڵن دەبێت ئەوکارەش بکەن دەنا لەسوید بێت یان لەسلێمانی لەهۆڵەندا بێت یان لە یابان پۆلیس بۆی هەیە توندوتیژیان بەرامبەر بەکار بهێنێت و گەرپێویست کات سجنیشیان بکات جا کەسوکاری تۆمەت لێکراو ژن بن یان پیاو هیچ جیاوازی نیە. واتە بۆئەوانەی خەمی دادوەری کوردستانیان هەیەو دوو ڕۆژە لەسەر فەیس بوک بونەتە فریاد ڕەسی مافی ژنان لەمەودوا باسی ئەوەمەکەن کەدەبێت ڕێز لەبڕیارەکانی دادگا بگیرێت چونکە بانێک نیەو دوو هەوا. 

٣. لەبەینی ئەو پۆلیس و ئەفسەرەو کاک قوباد تاڵەبانی سوپایەک لەپۆلیس و لێکۆڵەرو داواکاری گشتی هەیە کەکاری ئەوانە لێکۆڵینەوە لەم ڕوداوانە بکەن. من نازانم بۆ جێگری سەرۆک وەزیران ڕۆژێک لێکۆڵەری پۆلیسەو، ڕۆژێکی تر جێگری حزب و ڕۆژێکی تر حاکم و لەسەر گرتە فلیمێک کەهێشتا هیچ زانیاری تر نەبوو بڕیار لەسەر ئەم پۆلیسە دەدات کەدەبێت بگیرێت. کاک قوباد دەبێت هیچ شتێک لەسەر ئەم کەیسانە نەڵێت و بەجێی بهێڵێت بۆ لێکۆڵینەوە دەنا بەم شێوەیە سوکایەتی بەهەموو دەزگاکانی حکومەتەکەی خۆی دەکات. لەم دەست تێوەردانە سەیرتر ئەوەیە کە کەس و کاری تۆمەت لێکراو دەڵێن کاک قوباد و بەڕێوبەری پۆلیس هاتونەتە سەر خەت و دەڵێن نابێت حاکم بڕیاری وابدات کە تۆمەتبار سزای کەم بدرێت. ئاخر پۆلیس و جێگری حکومەت چۆن دەبێت قسەیان لەسەر بڕیاری دادوەر هەبێت هەی میللەتی نەگبەت

 

* عەمیدی پۆلیس لە هۆڵەندا 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand