Draw Media

هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟

هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟

2022-06-14 12:25:45


محەمەد شەریف

كاتێ چاو ئەگێڕی بەناو روداوەكانی چەند مانگی پێشووی هەرێمی كوردستان، بۆت رون ئەبێتەوە ئەم هەرێمە لەبەردەم دوو بژاردەی گرنگ و چارەنوسازدایە كە ئەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە لەوەی كە ئایا ئەیەوێت بمێنێتەوە یاخود نا!!!

بەدڵنیایی مانەوەی هەرێم بە پلەی یەكەم لە قازانجی پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانیدایە، بۆیە لەپێناو ئەم ئامانجەدا پارتی وەكو هێزی یەكەم و بەرپرسی تەواوی جومگەكانی ناو هەرێمی كوردستان ئەبێت بچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكاو هاوپەیمانیان..

پارتی ئەیەوێـت چۆن ئەم هەرێمە بهێڵێـتەوەو خۆی سەروەرو سەردارو بڕیاردەری بێت ؟ سەرەتا نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا جەختیان لەوە كردەوە كە ئەبێت هێزی پێشمەرگە یەكبگرێتەوەو بكرێتە هێزێكی تەواو سەربەرخۆو دەستی حزب تێدا دوربخرێتەوە. ماوەی چەند ساڵێكە لە هەوڵی ئەوەدان و تائێستا توانراوە چەند لیوایەك یەكبخەوەو ئەمەش بەرەوپێشچونێكی باشە بۆ هەرێم و نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش پێی دڵخۆشن.

نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكاو هاوپەیمانیان بەمەوە ناوەستن كە تەنها تەركیز بخەنە سەر هێزی پێشمەرگە بەڵكو كاتی ئەوە هاتووە پەل بهاوێژن بۆ یەكگرتنەوەی هێزە ئەمنی و موخابەراتیەكانیش، سەرەتای ئەم هەنگاوەیش خەریكە ووردە ووردە دەستپێئەكات و روداوەكانی پێمان ئەڵێن كە هەردوو دەزگای (زانیاری)و (پاراستن) ئەبێت ئەو هەنگاوە دەستپێیكەن و تەواوی ئەندام و ئەفسەرو كارمەندەكانیان لە ئەپارتمانێكی گەورەدا كە بارەگاكەی هەولێری پایتەخت بێت كۆبكەنەوەو بەناوی (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) كارو چالاكیەكانیان بە ئاگاداری ئەمەریكاو هاوپەیمانان دەستپێبكەن كە ئەمەش پەیوەندیەكی تەواوی بە هەژمونی ئێرانەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان و ئەیانەوێت لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداری تەواوی جموجۆڵەكانی ئێران بن و كۆنترۆڵی تەواوی ئەوە بكەن كە چیتر نەتوانرێت هەرێمی كوردستان یارمەتیدەرێكی باشی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی بێت.

چونی سەرۆكی دەزگای زانیاری و چەند ئەفسەرو كارمەندێكی ئەو دەزگایە بۆ هەولێرو دەوامكردنی فەرمیان لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێت كە بێشك هەموو ئەم روداوانە بەبێ ئاگاداری ئەمەریكاو هاوپەیمانان مەحاڵە روبدات و بێدەنگی و لاوازی هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەرامبەر هەموو ئەم روداوانە ئەوە پشتڕاست ئەكاتەوە كە ئەمەریكاو هاوپەیمانان لەپشتی هەموو روداوەكانن و ناتوانن لەبەرامبەر هەنگاوەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانیان هیچ هەڵوێستێكی جدیان هەبێت.

بۆیە گرنگە لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەوە تێبگات كە مانەوەی دەزگای زانیاری لە مەترسیدایەو ئەبێت بزانێت كە چونی سەرۆكی دەزگای زانیاری و چەند ئەفسەرێكی پلە باڵای بۆ هەولێرو  كاركردنیان لەژێر ناوی دەزگای زانیاری بڕیارێكی تەواوی ئەمەریكاو هاوپەیمانانەو هیچ پەیوەندیەكی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand