کوا پێگەی PKK؟
.gif)
2022-06-13 09:12:38
عەدالەت عەبدوڵڵا
ئەو پێشوازی و کەژاوەیەی کە لەم ڕۆژانەدا لە شارێکی گرنگی وەک وان- ی باکوری کوردستان لە ئەردۆگان کرا، بەداخەوە وا دەردەکەوێت کە وەک ڕوونترین و تازەترین ڕاپرسی بێت لەسەر پێگەی داکشاوی پەکەکە لەو شارە گەورەیەداو مسداقییەتی لەناو کوردەکانی باکور.
ئێستا ئیتر خەریکە ئەو باوەڕە زیاتر ئەجوڵێت کە، هەتا پەکەکە قورسایی تەواوی چالاکییە سەربازییەکانی خۆی نەباتەوە ناو خاکی تورکیا خۆیەوەو، لە بنەڕەتیشدا چاو بە جەدوای خەباتی چەکداریی خۆیدا نەخشێنێتەوەو، تەنها هەر لە باشووری کوردستاندا چالاک بێ و بجوڵێ و، بە هێزو چالاکیی بەرچاوەوە لە ناو جەماوەری خۆیدا نەبێ لە باکور، ئەوا ساڵ بۆ ساڵ، بەرەو دواوە ئەچێ و ئاکام جەماوەری خۆی لەدەست دەدات و نامێنێت، بە تایبەتی کە لێدان لە خەباتی چەکداریی ئەم هێزە بنەڕەتییەی باکور، لە دەورانی ئێستادا، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی تریش بۆتەوە کە ئەویش فشاری هەندێ وڵاتی ئەسکەندەنافییە لە بابەت سوێدو فنلەندا.
ئەمڕۆ ئەم دوو وڵاتە، بەتایبەتی دوای شەڕی خوێناوی و وێرانکەری ڕوسیا- ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی بتوانن بچنە ناو پەیمانی ناتۆوەو خۆیان لە شەڕانگێزیی ڕوسەکان و هەڕەشەکانی بپارێزن و ڤیتۆی تورکیایان لەسەر ئەو مافە بەسەرەوە نەمێنێت، مەحکومن کە ئیتر بە شێنەیی بێت، یان بە زەقی، پەکەکەو خەباتە چەکدارییەکەی بە تیرۆریزم بزانن، نەک هەر ئەوە، بگرە لەسەر ئاستی سەربازی و موخابەراتییش هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکەکاندا بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی پەکەکە، ئەمەش لە قۆناغی داهاتووداو لە ڕووی پراکتیکییەوە بە مانای ڕادەستکردن یان بە ئامانجگرتنی یەک بە یەکی سەرکردەکانی پەکەکەیە لە ئەوروپاو فشار دروستکردنە لەسەر چالاکییان و لایەنگرانیان لە تاراوگەدا، بۆیە ئەرکی ئەم قۆناغەی سەرکردایەتیی ئەم هێزەی باکور، بە فعلی ئەرکێکی زۆر هەستیارو چارەنووسسازەو PKK لەبەردەم ئیستحقاقی پیاچوونەوەیەکی ستراتیژیدایە بە خەباتی خۆیدا.
